رانانی پارچە شوێنەوارەکانی گوندێکی کوردستان لە مۆزەخانەی زانکۆی شیکاگۆ

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

شوێنەوارناسێکی ئەمریکی لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی دێتە هەرێمی کوردستان و لە کاتی گەڕانەوەی ژمارەیەک پارچەی شوێنەوار لەگەڵ خۆی دەباتەوە ئەمریکا لە مۆزەخانەیەکی زانکۆیەک نمایشیان دەکات.

کارزان کەرکووکی، کە شارەزایەکی شوێنەوارناسی کوردە و لە سەردانی ئەمجارەی بۆ ئەمریکا بە ڕێکەوت بەشێک لەو پارچە شوێنەوارانەی لە زانکۆی ئەمریکی دۆزیەوەتەوە.
کارزان کەرکووکی، لە لێدوانێکیدا بۆ “هەولێر” دەڵێت: “وەک لای زۆربەی خەڵک ئاشکرایە کە تیمێکی شوێنەوارناسی ئەمریکی بەسەرپەرشتی شوێنەوارناسی ئەمریکی Robert Braidwood لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی زانکۆی شیکاگۆ لە نێوان ساڵانی ١٩٤٨ بۆ ١٩٥٥ بۆ مەبەستی پشکنین دێنە گوندی چەرمۆی سەر بە قەزای چەمچەماڵ پارێزگای کەرکووک.
ئەو شارەزایە دەشڵێت: “لە سەردانێکی تایبەتم بۆ مۆزەخانەی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی لە زانکۆی شیکاگۆ، توانیم ئەو بەشە بدۆزمەوە کە تایبەتە بە گوندی چەرمۆ و لە نزیکەوە ئەو پارچە شوێنەوارانە ببینم کە ئەو تیمە شوێنەوارناسە لەو گوندە دۆزییانەوە.
کارزان کەرکووکی، ئاماژەی بەوە دا کە هەر لەو مۆزەخانەیە نامەیەکی ئەو شوێنەوارناسە ئەمریکیە نمایش کراوە کە لە چەمچەماڵەوە ناردوویەتی بۆ ئەمریکا کە لە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٥٠، کە لەسەری نووسراوە چەمچەماڵ، لیوای کەرکووک، عێراق و هەروەها کاتێ دەچیتە ناو ئەو مۆزەخانەیە، یەکەم شت کە نمایش کراوە، ئەو بەشەی گوندی چەرمۆیە.

ھەواڵی زیاتر