ئەمڕۆ یەکشەممە، مێدیاکانی ئوردن ئاشکرایان کرد، 20 ڕۆژە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن ڕاگیراوە، بەبێ ئەوەی هۆی ڕاگرتنەکە ئاشکرا بکرێت، دوای ماوەیەکی کەم هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن لە 10 هەزارەوە بۆ 15 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادی کردووە.
عامر ئەلشوبکی، شارەزای وزەی ئوردن ڕایگەیاند، لە 22ـی نیسانی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، عێراق هەناردەی نەوتی بۆ ئوردن ڕاگرتووە، جەختیشی کردەوە، زیانی گەورە بەر هەردوو لا کەوتووە.
دەشڵێت: عێراق پێویستی بە بەندەرێکی دیکە هەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک، چونکە هێڵی لوولەی نەوتی کەرکووک-جەیهان لە نێوان عێراق و تورکیا ڕاگیراوە، هەروەها کەشتییەکی گواستنەوە کە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 500 بارهەڵگری هەیە ڕاگیراوە، ئەمە جگە لە خزمەتگوزاری لۆجستی.
ئەلشوبکی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ڕێککەوتنە و هەر ڕێککەوتنێکی ئابووریی عێراق بە ئوردن یان هەر وڵاتێکی عەرەبییەوە ببەستێتەوە، ڕووبەڕووی دژایەتیی گرووپە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق بووتەوە، ئەو گرووپانەش چالاکن، چونکە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ئەم گرووپانە توانیان بۆ ماوەی یەک هەفتە نەوت بۆ ئوردن ڕابگرن، هەروەها بەم دواییانەش دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی ئیمزا لە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئوردن.