ڕائیب جادر – هەولێر
پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لەڕێگەی پڕۆژەی ھەژماری من بەردەوامە، تا ئێستە زیاتر لە سێ سەد و یەک ھەزار فەرمانبەر خۆیان تۆمار کردووە، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە، دەڵێت: بانکەکانی ناوخۆیی، عێراقی و نێودەوڵەتی لە پڕۆژەکەدا بەشدارن، بانکی تیبی ئای پێشنیازی بەشداریکردنی کردووە. دەشڵێ: تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەخۆران لە ھەژماری من تۆمار دەکرێن. ھونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێم، گوتی: پڕۆژەی ھەژماری من ھیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ سیستەمی تەوتینی عێراقی نییە، بەڵکو لە چەند ڕوویەکەوە لە سیستەمەکەی عێراق پێشکەوتووترە.
ھەژماری من دەستپێشخەریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی ھێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی حکوومەتی ھەرێم کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە، کارایی حکوومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.
ھەژماری من وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان، فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بەگەرم و گوڕییەوە پێشوازی لە پرۆسەکە دەکەن و ھیواخوازن ھەرچی زووە مووچەکانیان لەڕێگەی ھەژماری منەوە پێ بدرێت، فەرمانبەران سەردانی ئەو بانکانە دەکەن کە دەتوانن کارتی ھەژماری من وەربگرنەوە، تا ئێستە زیاتر لە دوو سەد ھەزار فەرمانبەر لە ھەرێمی کوردستان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، ھاوکات تا ئێستە دوو سەد و سی و یەک ئامێری ڕاکێشانی پارە لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان دانراون، پلانیش ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بکرێتە ھەزار ئامێر، فەرمانبەرانیش بە باشی دەزانن کە لە ڕێگەی کارتی ھەژماری من مووچەکانیان وەربگرن.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جەخت دەکاتەوە، ھەژماری من گشت مەرج و پێداویستییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی جێبەجێ کردووە و گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە، چونکە بە بانکیکردن دەمێکە لە ڕێگەی ھەژماری منەوە دەستی پێ کردووە.
ئامانجی پڕۆژەی ھەژماری من ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ھەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەش کەرتی بانکیی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە ھەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.
بەگوێرەی ئامارەکانی پڕۆژەی ھەژماری من، کۆی ھەژمارە کراوەکان بۆ مووچەخۆرانی دامودەزگا جیاوازەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە سێ سەد و یەک ھەزار ھەژمار و لەو ژمارەیە دوو سەد ھەزار کارتی بانکیی ڕادەست کراوەتەوە.
ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەی ھەژماری من تاوەکو ئێستە شەش بانکە و ھەر یەک لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیھان، بەغدا، بی بی ئەی سی، بانکی ئەھلی عێراقی و بانکیی ئیسلامی عێراقی پڕۆژەکە لەخۆدەگرێت.
ھەژماری من، ژمارەیەک خزمەتگوزاریی و سوود بۆ بەشداربووانی دەستەبەر دەکات، گرنگترینیان، خزمەتگوزاری دارایی، پاداشتی ھاوبەشی، توانای ڕاکێشانی پارە لە سەرجەم ئامێرەکان و کارپێکردن لە سەرانسەری جیھان و ئاسایشێکی باشتری دارایی فەراھەم دەکات.
ئێحسان کەریم، شارەزای ئابووری، دەڵێت: پڕۆژەی ھەژماری من یەکانگیرە لەگەڵ ئەو ڕێنماییانەی کە بانکی ناوەندیی عێراق دەری دەکات، ئەو بانکانەی کە لە پڕۆژەی ھەژماری من بەشدارن، لەژێر ڕێنمایی بانکی ناوەندیی عێراق کار دەکەن و ھیچ تێبینییەک لەسەر کارەکانیان نییە.
ئەو شارەزایە، گوتیشی: یەکێک لە لایەنە باشەکانی بە بانکیکردنی مووچە، پارەی کاش لە بازاڕ نامێنێت و دەبێتە ئەلیکترۆنی، ئەمەش ھۆکاری سەرەکی گەشەپێدانی ئابووری وڵاتە.
تا ئێستە زیاتر لە سێ سەد ھەزار مووچەخۆری سڤیل و ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک خۆیان لە پڕۆژەی ھەژماری من تۆمارکردووە، سەرەڕای تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پرۆسەیەکی بەردەوامدا ھاوکات ڕادەستکردنەوەی کارتە بانکییەکان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە خۆیان تۆمار کردووە بەردەوامە. مەروان ئەحمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ھەژماری من، ڕایگەیاند، لە پلانماندایە تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم فەرمانبەران لە پڕۆژەکەدا تۆمار بکەین، پلانەکە بەخۆی دوو ساڵ بوو کە سەرۆکی حکوومەت پێشتر ئاماژەی پێکردبوو، بەڵام فەرمانبەرانی کوردستان بە پەرۆشن بۆ کردنەوەی ھەژماری بانکی، بۆیە دەتوانم بڵێم تا کۆتایی ئەمساڵ ناو تۆمارکردن کۆتایی دێت.
بەڕێوەبەری پڕۆژەی ھەژماری من، جەخت لەوە دەکاتەوە، تا ئێستە شەش بانکی ناوخۆیی، عێراقی و نێودەوڵەتی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ڕێگەیان پێدراون لە پڕۆژەکەدا بەشدارن، بانکی تیبی ئای پێشنیازی بەشداریکردنی لە پرۆسەکەدا کردووە، بڕیارە بەم نزیکانە لەگەڵ تیمێکی بانکەکە کۆببنەوە، ھەروەھا سەبارەت بە گەرەنتی خزمەتگوزارییە بانکییەکان لەو بانکانەی بەشدارن لە پڕۆژەی ھەژماری من، بەڕێوەبەری ھەژماری من، باسی لە شێوازی بەشداریکردنی بانکەکان کرد و ڕایگەیاند، پێش ئەوەی بانکەکان بەشداری بکەن ئێمە مەرجمان ھەیە، مەرجەکانمان بۆ ئەوەیە تاوەکو دڵنیابین کە ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ سوودمەندانی ئێمە جێبەجێ دەکات، بۆ نموونە، قەرزەکان، ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکان کە فەرمانبەر بتوانێت بۆ کاری ڕۆژانەی خۆی بەکاری بھێنێت، یاخود ئەو کارتەی کە چاپ دەکرێت فەرمانبەر چۆن بتوانێت لە دەرەوەی وڵات یان ناوخۆ بەکاری بھێنن.
بەڕێوەبەری پڕۆژەی ھەژماری من، دەڵێت: ژمارەیەک ئامێری ئەیتی ئێم لە چەند پارێزگایەک و ئیدارە سەربەخۆکان دانراون و بڕیارە بەم نزیکانە ئامێری ڕاکێشانی پارە لە پارێزگاکان و شار و شارۆچکەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان دابنرێن، بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی کە بوونەتە خاوەنی کارتی بانکی مووچەکانیان لەڕێگەی ئەیتی ئێمەکانەوە وەربگرن.
ھونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێم، گوتی: پڕۆژەی ھەژماری من ھیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ سیستەمی تەوتینی عێراقی نییە، بەڵکو لە چەند ڕوویەکەوە لە سیستەمەکەی عێراق پێشکەوتووترە.
لەلایەن خۆیەوە، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، ڕایگەیاند، وەکو ھەر فەرمانبەرێکی دیکەی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای دھۆک، کارتی بانکیی ھەژماری منـم وەرگرت پڕۆژەکە زۆر مودێرن و شارستانییە.
پارێزگاری دھۆک، گوتیشی: ئێستە لە زۆرینەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیھان کارتی بانکیی لە مامەڵە بازرگانییەکاندا بەکاردێت و کەس پارەی کاش ھەڵناگرێت، بە دڵنیاییەوە ھەژماری من لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان و حکوومەتی ھـەرێمی کوردستاندایە.
د. عەلی تەتەر، دەشڵێ: ھیوادارین لە زووترین کاتدا ھەموو فەرمانبەرانمان لە سنووری پارێزگای دھۆک بەشداریی پڕۆژەکە بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە، چونکە ھەژماری من زیاتر لە ١٩ خزمەتگوزاری لە خۆ دەگرێت و ئاسانکاریی دەکات بۆ نەھێشتنی گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە و چەندین سەرپێچی دیکە.