سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پشتیوان سادق: پێویستە لێکۆڵینەوە لەو لایەنە بکرێت کە نەیهێشت لە ڕابردوودا هەڵبژاردن بکەین

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایدەگەیەنێت، پێویستە لێکۆڵینەوە لەو لایەنە سیاسییە بکرێت کە نەیهێشت هەڵبژاردن لە دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا بکرێت. دەشڵێت، “پارتی هەر یەکەم بووە و هەر بە یەکەمیش دەمێنێتەوە”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-05-2024، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە گوتارێدا ڕایگەیاند، “پارتی دامەزرێنەر و ئاڵا هەڵگری دیموکراسییەتە لە هەرێمی کوردستان و خاوەنی پرس (قەزیە)ـی کوردستانە”.

پارتی لە هەڵبژاردنەکاندا، وەکو ئەوەی پشتیوان سادق باسی کرد، “هەموو کاتێک هەر یەکەم بووە و هەر بە یەکەمیش دەمێنێتەوە، چونکە بڕوای بە خەڵكی هەرێمی کوردستان هەیە، خەڵکیش بڕوای بە پارتی هەیە”. گوتیشی، “پارتی لە شاخ و شاریش بڕوای بە هەڵبژاردن و دیموکراسی هەبووە.”

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە پێویستی دەزانێت، “لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ لایەنە سیاسییە (یەکێتی) بکرێت کە نەیهێشت هەڵبژاردن لە ماوەی دوو ساڵی نیوی ڕابردوودا بکرێت”.

بە گوتەی ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، “ئەو لایەنە (یەکێتی) هەوڵی دا لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە و بەشێوەیەکی نادەستووری، دیزاینێک دروست بکات ئاکامی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بگۆڕێت. پارتی و هیچ هێزێکی دیکەی دیموکراتخواز، ئامادە نییە ئەوە قبووڵ بکات و بڕیاری نادەستووری بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بسەپێندرێت”.

پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەش کرد، “لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020-2021ـی پەرلەمانی عێراق، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتیی کرا و بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پاکترین هەڵبژاردن بوو لە مێژووی وڵاتەکەدا؛ پارتی بەتەنها بەبێ کۆتا توانی 33 کورسی بەدەست بهێنێت و هەموو حزبە کوردییەکانی دیکە 30 کورسییان بەدەست هێنا”.

 پشتیوان سادق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، “مێژوو سەلماندوویەتی پارتی چۆن توانیویەتی بەرگریی لە مافە دەستووریی، یاسایی و دیموکراسییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات”.