چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا سەرکەوتوو بوو

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، دەڵێت: سەردانێکی سەرکەوتوو بوو.

دوێنێ، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: لەماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانێکی هەمەلایەنەی بۆلای دامەزراوە فیدراڵیەکان لە بەغدا و کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بوو.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم، ئەوەی خستەڕوو: کۆمەڵێک پرسی گرنگ و چارەنووسساز بە ئایندەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵ و ئەو بابەتانەی کەوا پەیوەستن بە تێکڕای عێراقەوە وە هەڵسەنگاندن بۆ سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و وە بابەتی هاتنی سەرکۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو: ئەو بابەتانەی کە گرنگ بوون بەلای سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، پرسی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بوو لە بودجە و چارەی کۆتایی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو. هەروەها بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێک بوو لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکاندا جێی بایەخ بووە و هەڵوەستەیەکی جیددی لەسەر بابەتی ئەمنی و ئەو هەڕەشانەی ناوبەناو لەسەر هەرێمی کوردستان دووبارە دەبنەوە دواجاریش بۆردوومانەکەی کێڵگەی کۆرمۆر کە زیانێکی زۆری بە ئابووری هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم، ئەوەشی ڕاگەیاند: خۆشبەختانە تێگەیشتنێکی باش هەیە بۆ سەرجەم پرسەکان، سەرجەم ئەو لایەنانەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ کرا، دووپاتیان کردەوە ئامادەییان تێدایە بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێککەوتنەکان و پاراستنی دەستوور و مافەکانی هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: بۆ جێبەجێکردنی هەندێک وردەکاری دیکە وەفدێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لە ڕۆژانی ئایندەدا کۆبوونەوەکان لەسەر وردەکارییەکان بەردەوام دەبێت و دەتوانم بڵێم سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا سەرکەوتوو بوو.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، دڵشاد شەهاب، سەبارەت بە بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: بابەتی هەڵبژاردن، ئێستە پرسێکی پەیوەنددارە بە هەموو عێراقەوە و هەموو لایەنەکان گرنگی پێدەدەن و ڕوئیای سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە هەڵبژاردنێک بەڕێوەبچێت هەموو لایەنەکان بەشداربن و مافی پێکهاتەکانیش تێیدا بەدەست بهێنرێت، ڕێکارەکان لەپێناو ئەو ئامانجەدایە.
ئەوەشی ڕاگەیاند: ئێستا لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە و سەرجەم دامەزراوەکان پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کەشێکی وا بەڕێوەبچێت هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بەڕێوەبچێت و وتیشی: هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێت لەپێناو ئەوەی زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێت بۆ هەڵبژاردن.