كارزان گلی – ههولێر
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، یەكەم سەرۆكی توركیایە لە مێژوودا كە دووجار سەردانی هەولێری پایتەخی هەرێمی كوردستانی كردووە. شڕۆڤەی زۆر بۆ ئەو سەردانە كرا، ئەوەی گرنگە و میدیا بەكەمی باسی كرد، كاریگەریی ئەو سەردانە بوو لەسەر كوردانی باكووری كورستان، بەوەی دانی بە كورد و زمان و خاكەكەیدا نا.
كوردانی باكوور، بەردەوام دڵیان بۆ هەرێمی كوردستان لێدەدات و دەڵێن:” قورسایی هەرێم كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر كوردانی باكوور دەبێت، ئەوان هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتییەكی گەورە بۆ مانەوەی خۆیان و كلتوور و زمانیان دەزانن.
ئەردۆغان، یەكەم سەرۆك بووە لە مێژووی توركیا، كە بەدەنگی بەرز گوتی :” لە توركیا كێشەیەك هەیە بەناوی كێشەی كورد و دەبێت چارەسەری بكەم“ جیا لەوەش، هەركاتێك سەرۆك بارزانی سەردانی توركیای كردبێت و ئاڵای كوردستان هەڵكرابێت، نەژادپەرستەكان رەخنەیان لێی گرتووە و گوتویانە چۆن دەبێت ئاڵای كوردستان لە كۆشكی چانكایە و فڕۆكەخانەی ئەتاتورك هەڵبكرێت، بەڵام ئەردۆغان گوێی پێنەدان و جارێكیان لەبارەی كوردستانەوە گوتی: “لە سەردەمی عوسمانییەكاندا ولایەتی كوردستان هەبووە، ئیتر بۆچی بەناوی كوردستان قەڵس بین و پێویست ناكات بەو شێوەیە بیر بكەینەوە“
بۆیە هەركاتێك هەرێمی كوردستان و توركیا پەیوەندییان باش بێت، كاریگەری لەسەر پرسی چارەسەری لە توركیا دەبێت.
ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا بە نموونە وەرگرین، ئاكەپە، كە ئەردۆغان سەرۆكی ئەو پارتەیە، بۆ یەكەمجار بوو دوای ٢٢ ساڵ، بووە پارتی دووەم و جەهەپە بەپێش ئەو كەوت، یەكێك لەو هۆكارانەشی وای كرد ئاكەپە ببێتە پارتی دووەم، پشتكردنی كورد بوو لە ئاكەپە، ئەمە پەیامێك بوو ئەردۆغان زوو لێی تێگەیشت و گوتی، پەیامی میللەتمان پێگەیشت و دەزانین چۆن هەڵدەستینەوە.
بەرنامەی ئاكەپە و خودی ئەردۆغان، بۆ هەستانەوەی ئاكەپە، نزیكبوونەوەیە لە كورد، بەو مانایەی وەكوو چۆن لە ٢٠٠٨ تا ٢٠١٤، پرسی چارەسەری هێنایە بەرباس و ئەوكات ئەردۆغان و پارتەكەی بە پاڵپشتی كورد گەیشتنە تڕۆپك، دەیەوێت هەمان سیناریۆ دووبارە بكاتەوە.
ئەردۆغان، بەهاتنی بۆ هەولێر، ویستی ئەو پەپامە بە باكوور بدات، كە ئەو كوردی خۆش دەوێت و دانیش بە زمان و خاك و كلتووریاندا دەنێت، چونكە دەزانێت هەر هەنگاوێكی خراپ بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، باكوورییەكان نیگەران دەكات.
لە سەروبەندی ریفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئەردۆغان وتارەكانی تووند بوو و دژی ریفڕاندۆم قسەی دەكرد، تەنانەت هەڕەشەشی دەكرد، ئەوكات یەكێك لە راوێژكارەكانی پێی گوت، سەرۆك زۆر تووندی بەرامبەر بە كورد و هەرێمی كوردستان، ئەمە كاریگەریی خراپی لەسەر دەنگمان دەبێت لەناو كوردەكاندا، ئەمە وای كرد، ئەردۆغان نەرمتر قسە بكات.
پرسی چارەسەری، راستە هەڵگیراوە و كاری پێناكرێت، بەڵام لە هەموو ئان و ساتێكدا دەكرێت لەناو سەلاجەدا دەربهێنرێت، زۆرجاریش میدیاكانی سەر بە ئاكەپە، باس لە هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری دەكەن.
ئەنكەرا و هەولێر، چەندە پەیوەندی دیبلۆماسیان لەگەڵ یەكتری برەو پێبدەن، كاریگەریی لەسەر پرسی كورد دەبێت لە باكووری كوردستان، بەتایبەت ئێستا توركیا دەیەوێت دەستكاری دەستوور بكات و هەمواری بكاتەوە، دەكرێت هەولێر رۆڵی گەورەی هەبێت، بەوەی بتوانێت لەرێگەی كەناڵە دیبلۆماسییەكانییەوە مافی كورد لە دەستووردا جێگیر بكرێت، وەكوو داننان بە زمانی كورد و نەتەوەی كورد.