محەمەد لادێ – ههولێر
زێر یان ئاڵتوون، ئەو کانزا گرانبەهایە یە کە لە ئێستا لە زۆرینەی مامەڵە جیهانییەکاندا بەکاردێت و دەورێکی باڵای هەیە لە ڕاگرتنی باڵانسی ئابووری جیهاندا.
ئەم کانزا دەگمەنە نزیکەی ٦٠٠ساڵە لە جیهاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت بۆ ڕاگرتنی باڵانسی دارایی هەر وڵاتێک لە بانکی نێودەوڵەتی دادەنرێت، زێڕ کانزایەکی زۆر بەهێزە کە بە هیچ شێوەک تێکناچێت و هیچ شتێک کاری تێناکات و لە هەموو بارودۆخێکدا وەکوو \خۆی دەمێنێتەوە. بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا ٢٠١هەزار تۆنی لێ دەرهێنراوە و لەسەر زەویە و زیاتر لە ٥٣هەزار تۆنێش یەدەگی هەیە.
لە کوردستانیش وەک هەر وڵاتێکی تری جیهان خواستێکی زۆر لە سەر کڕین و فرۆشتنی زێڕ هەیە کە بە شێوەیەکی سەرەکی ژنان وەک خشڵ بۆ ڕازاندنەوە بەکاری دەهێنن و بەشێکی دیکەش وەک پاشەکەوتی دارایی دەیکڕن و لە کاتی پێویستدا سوودی لێ وەردەگرن.
ئەوەی لە زێردا زۆرترین خواستی لەسەرە و پشکی شێری بەردەکەوێت (لیرە)یە کە سەدان ساڵە هەیە و هەرگیز مۆدیلڤی بەسەر ناچێت وە بە پێی خواستی کڕیاران بە چەندین شێوە و ئەندازە دروست دەکرێت و هەر لە کۆنەوە ئافرەتان بۆ خۆ ڕازاندنەوە بەکاریان هێناوە و جگە لەوەش هەندێک کەس دەیکڕن و وەک پاشەکەوت هەڵیدەگرن چوونکە لیرە لە کڕین و فرۆشتن دا قازانجێکی ئەوتۆی ناچێتە سەر و هەقدەستی کەمە.
لیرەی زێڕ چەندین جۆری هەیە لەوانە خەلیجی و تورکی و ئێرانی؛ پێشتر لیرە تەنها لە دەرەوە هاوردەدەکرا بەڵام ئێستاکە بەشێک لە زێڕنگەرانی ناو بازارەکانی هەرێم دروستی دەکەن و هەوڵی بە کوردیکردنیشی دەدەن.
ئەوانەی لە ناو بازاڕی شاری هەولێر کاری دروستکردنی لیرە دەکەن ئاماژە بەوە دەکەن کە لیرەکان لەو ئاڵتونانە دەروست دەکەن کە پێشتر بەکارهێنراون. پاش تواندنەوەیان دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە و لە قاڵب دەدرێن بۆ دروستکردنی لیرەکان.
هیوا ڕەشید نزیکەی ٢٠ ساڵە لە بازاری هەولێر کاری دروستکردنی زێڕ و لیرە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرینەی بەرهەمە دروستکراوەکانی لەو زێڕانە بەرهەمدەهێنێت کە خشڵی کۆنن و لەبازاردا دەیکڕنەوە، وتیشی ئەوانەی لەناوخۆ دروستیدەکەن ٥ جۆرن کە پێک دێن لە (چارەکە لیرە، نیولیرە، لیرەی تەواو، دوو نیوی و پێنج لیرە) کە سەرجەمیان عەیاری ٢١ن و هەقدەستێکی کەمیان هەیە لەچاو ئەو لیرانەی هاوردە دەکرێن.
وەستا هیوا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا ئەوان چەند کارگەیەکن و لیرەی زێڕ بۆ تەواوی کوردستان دروستدەکەن و لە پلانیشیاندایە هەناردەی دەرەوەی بکەن بەڵام ئێستا ئەو نەخشەی لەسەر لیرەکانە نەخشی سەردەمی عوسمانییەکانەو ئەوان دەیانەوێت لیرەکان پێش هەناردەکردنیان بەکوردی بکرێن و وتیشی دەمانەوێت نەخشێک هەڵبژێرین کە مۆرکی هەر چوارپارچەی کوردستانی پێوە دیاربێت بۆ ئەوەی لە هەرشوێنێک بێت بناسرێتەوە.