سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مشتێك لە خەرمانی پەروەردە

سەباح شێخانی

مامۆستا لەیلا سەڵاحەددین بەرزنجی یەكەم نۆبەرەی كتێبی خۆی لە دووتوێی “87” لاپەڕەی قەبارە مامناوەندی بە ناوی” مشتێك لە خەرمانی پەروەردە” چاپ و بڵاو كردەوە، كتێبەكە لە زنجیرە چاپكراوەكانی وەزارەتی پەروەردەیە. مامۆستا لەیلا بەرزنجی نووسینەكانی ناو كتێبەكەی دابە” شییء سەر هەر سێ تەوەری “قوتابی، خێزان، مامۆستا” كردووە.
منداڵ هەر لە سەرەتای هاتنە ناو قوتابخانە ئاشنا دەبێت بە ستافی قوتابخانە و دروست بوونی هاوڕێ و دانیشتن لە پۆڵ و وانە خوێندن، یەكەم وێنەش فێربوونی ئەلف و بێی كوردییە، بۆیە زۆر پێویستە بایەخ بە ساڵی یەكەم خوێندن یان پۆڵی یەكەمی بنەڕەتی بدرێت. كتێبی “ئەلف و بێی كوردی ئیبراهیم باڵدارچەندان نەوەی پێگەیاندووە، بۆ زیاتر لە پەنجا ساڵ وەك كتێبێكی دانسقەی پەروەرەدەیی وەك پرۆگرامی خوێندن خوێندراوە. نووسەر چوونكە بۆخۆی مامۆستایە لەم كتێبەدا باس لە گەڕانەوە بۆ كتێبەكەی مامۆستا ئیبراهیم باڵدار دەكات كە هەموومان لە نەوەی پێش ڕاپەڕینی بەهاری 1991بە ناواخنی ئەو كتێبە ئاشناین و لەوێوە هەنگاومان ناوە بەرەو دونیای پەروەردە و فێربوون.،
سیستەمی پەروەردە لە هەر شوێنێكدا، ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و دابونەریتی كۆمەڵگەیە، لەتەواوی وڵاتە پێشكەوتووەكاندا قوتابخانە تەنها ئەركی فێركردن نییە، بۆ نموونە لە وڵاتێكی وەكو یاباندا قوتابخانەكان هەتا قۆناغی نۆیەم زیاتر كار لەسەر لایەنی مرۆیی و ڕەفتاری و دەروونی و كەسێتی و بەهاكانی تاك و كۆمەڵگە دەكەن، ئەم پرۆسانەش تێكڕا لەڕێی ڕێنماییكردنی پەروەردەییانەوە بەئەنجام دەگات.،
پرسی پەروەردە هەر لە كۆنەوە جێگەی بیرمەند و فەیلەسووف و سیاسەتمەدار و دەسەڵاتداران بووە. كانت باوەڕی وایە كە دوو داهێنانی مرۆڤ هەیە دەكرێ بەسەختترین و پڕكێشەترین پرسی مرۆڤ لە قەڵەم بدرێن، واتە هونەری حوكمڕانیكردن و هونەری پەروەردە و فێركردن؛ بە پەروەردە و فێركردن، مرۆڤ لە گیانلەبەرێكی بایۆلۆژییەوە دەبێتە بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی، هەر بەهۆی ئەو پرۆسەیەوە، ئەزموونی ژیان، فەرهەنگ و كولتووری میللەتان لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە دەگوازرێنەوە، لە ئەنجامیشدا، داهێنان و گۆڕانكاری ڕوو دەدات.
پەروەردەكردنی مرۆڤ، پرۆسەیەكی مێژوویی كۆمەڵایەتی ئاڵۆزە، بەپێی جیاوازی كۆمەڵگەی مرۆیی و ئاستی پێشكەوتنی گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، پەروەردە بوارێكی فراوانە، مامۆستایش جوانترین و شیرینترین وشەیە و هەقوایە زۆر بە وردی و فراوانی كاری لەسەر بكەین چووە ئاییندەی نەوەكانمانی لەسەر بەندە، هەر بۆیە مامۆستا وەك مرۆڤێكی بەخشندە لەگەڵ سەرەتای چوونە ناو پۆڵ لە پۆڵی یەكەم بە خەندە و پێكەنین بچینە ناو پۆڵەوە هاوكات ژینگەیەكی وەها بۆ فێرخواز برەخسێنین تاوەكوو هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی بكات، لەناو هەموو كۆمەڵگەیەكدا، پێویستە گیانی هاوكاری و پێكەوەژیان بوونی هەبێ و پەیڕەوبكرێ، ئامانج لەو پابەندییەی تاكەكانیش بوونی كۆمەڵگەیەكی كامەرانە، چوونكە ئامانج وداخوازیی هەموو تاكەكان بەیەكەوە بەند و گرێدراوە، هەروەك بیرمەندی ناسراوی میسری “د. زەكریا ئیبراهیم” دەڵێت: “ئەگەر هەركەس لەئێمە خۆیی و هێز و تواناكانی بخاتە خزمەت هەمووانەوە، یان بیخاتە ژێر دەسەڵاتی ئیرادەی گشتییەوە، بەم جۆرە كۆمەڵگە هەموو ئەندامانی وەك بەشێكی گرنگ لەگشت تەماشا دەكرێت”.