گه‌وره‌ترین پێشانگای پەرتووک لە هەولێر

زیاتر لە دەهه‌زار ‌ناونیشانی كۆن و تازه‌ به‌ زمانی كوردی و ئینگلیزی تێیدا نمایشكرا

به‌ به‌شداری زیاتر له‌ 30 ده‌زگا و ناوەند بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌رتووك، گه‌وره‌ترین پێشانگای په‌رتووك له‌ پاركی سامی عەبدولڕەحمان، کتێبخانەی زەیتون كرایەوە.

ئاشکرایە لای ھەمووان کە لە ھەموو بارودۆخێک پەرتووک و خوێندنەوە ڕۆڵ و کاریگەری یەکلاکەرەوەیان بینیوە لە کایەکانی ژیان و زۆربەی بارودۆخە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەکانی جیھان، کاریگەری پەرتووکیان لێ بەدی دەکرێ، کوردستانیش بەدەر نیە لەم جۆرە کاریگەریانە، کردنەوەی پێشانگەی پەرتووک بووەتە نەریت و کولتووری ساڵانە لە بەشێکی هەرە زۆری شار و شارۆچکەکانی هەرێم دەکرێتەوە و، یەکێکە لەو پڕۆژە ڕۆشنبیری و گرنگانەی کە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی کۆمەڵگەی کوردی ژمارەیەک گەنجی لەژێر چەتری بەرەوپێشچوون و ڕۆشنبیریدا کۆکردۆتەوە و، ئەو ڕێکخراو و کۆمەڵە و ناوەندە ئەکادیمیانەی کە هەن هەوڵدەدەن ئاستی زانست و مه‌عریفه‌ی تاک به‌رزبكه‌نه‌وه‌ و کۆمەڵگە بە ئاراستەی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە ببەن.
“ئاشتی شێركۆ سلێمان” به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ئاشتی، به‌ ڕۆژنامه‌ی “هه‌ولێر”ـیی ڕاگه‌یاند: “ئامانج له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ پێشا‌نگایانه‌ خزمەتکردنه‌ به‌ خوێنەران‌ کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو پێشەنگای لەم شێوە لە هەولێر نەکراوەتەوە؛ دواجار بەدەرفەتێکی زۆرباش بۆ خوێنەران داده‌نرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە میانەی ئەم پێشانگایە چەندین چالاکی پێشکەش ده‌كه‌ین وه‌كو سمینارو کۆڕی شیعری کە لە ڕۆژانی پێشەنگاکە دەکرێن بە بانگێشتکردنی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و دیار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئەمەش خۆی دووبارە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە پەیوەندی لە نێوان خوێنەرو ئەم کەسایەتیانەدا دروست ببێت لە نزیکەوە بوار بۆ زۆرێك لەم بابەتانە بکرێتەوە گفتوگۆی لەسەرەوە بکرێت.
ناوبراو گوتیشی كه‌ زیاتر لەهه‌زاران په‌رتووك و‌ زیاتر له‌ 10 هه‌زار ‌ناونیشانی كۆن و تازه‌ به‌ زمانی كوردی و ئینگلیزی تێیدا نمایشكرا و به‌رده‌ست ده‌بێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ داشكاندنێكی ناوازه‌ و به‌ڕێژه‌ی (25 بۆ 50%) بۆ سه‌رجه‌م په‌رتووكه‌كان كراوه‌و بۆ ماوه‌ی هه‌شت ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ڕێكه‌وتی (١٨ دیسمبەری تاكو ٢٥ دیسمبەر)، وە به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ داده‌نرێ كه‌ بایه‌خ به‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ پێشه‌نگایانه‌ بدرێت‌ و په‌رتووك و خوێنه‌ر به‌یه‌كتر بگه‌یه‌نینه‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر