دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

دەرهاوێشتەکانی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن

عارف ڕوشدی

لە هەڵساندنێکی سیاسی وردبیندا، بومان دیاردەبێت دەرهاوێشتەی ئەرێنی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ واشنتن لە ماوەی (٢٦/ ٢/ – ٢/ ٣ی / ٢٠٢٤) دا، بە زەقی لە دید و بۆچوونەکانی سەرۆک بایدن و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکادا لە چوارچێوەی کارنامەی سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیدا ڕەنگدانەوەی خۆیان هەیە، بۆ سەلماندی ئەو ڕاستییە، لە ڕاگەیاندراوی کۆبوونەوەی تایبەتی بایدن و سودانی، کۆبوونەوەکانی وەزیر و بەرپرسانی پێنتاگون و ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمریکاشدا بە ڕون و ئاشکرا، جەختکراوەتەوە، لەسەر گرنگی و پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی (سیاسی، ئابوری و ئەمنی) نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا بە ڕەچاوکردنی بنەمادەستورییەکان، هەروەها سەقامگیری و پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو حکوومەتدا وەک بەردی بناغەی هەبوونی عیراقێکی خاوەن سیستمی فیدراڵی و دیموکرتدا دەنرخێنن .
لە بارەی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی کوردستانەوە: خودی سەرۆک بایدن لە کۆبوونەوەکەیدا ڕاشکاوانە پێداگیری کردووە لە سەر پیادەکردنی پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی ( دادپەروەر، پاک، ڕون و ئازاد)دا،(دوور لە هەر دەستوەردانێک) بۆ ئەوەی دەنگدەران ئازادانە بتوانن پارلەمانی کوردستان سەر لە نوێ دامەزرێننەوە، ئەم هەڵوێستانە خۆی لە خۆیدا هاوتەریبی هەڵوێستی تەندروستی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانن لەلایەک و نیشاندانی بە هێزی و هەستیاری پێگەی سیاسی، جیۆپۆلیتیکی و پێشکەوتنی دیبلۆماسییەتی کارای هەرێمی کوردستانن لە لایەکی دیکەوە.