دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

لە باشووری کەرکووک یازدە گوندی کاکەیی بە تەواوەتی چۆڵکراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چالاکی و جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە باشووری کەرکووک زیادی کردووە، تەنیا لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دووجار ھێرشیان کردووەتە سەر ھێزەکانی عێراق، ھێزە ئەمنییەکانی عێراقیش لە سنووری کەرکووک بەردەوام ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن، بەڵام زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکان بەبێ ئەنجام کۆتاییان دێت.

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کە سەنگەرەکانی پێشمەرگە چۆڵکران، ئێدی ئەو ناوچانە بوونە شوێنی جموجۆڵی چەکدارانی داعش، گووند و ناوچەکانی کاکەیی بەردەوام لەبەردەم ھەڕەشەی داعش بوونە، لە کۆی پازدە گووند تەنیا چوار گووند خەڵک تێدا دەژین و یازدە گووند بە تەواوەتی چۆڵکراون.
داعش لەو ناوچانە ڕۆژانە خەڵک دەڕفێنێت، باج و سەرانە وەردەگرێت، دەزگا ئەمنییەکانی عێراقیش ھیچ کارێکی وایان نەکردووە کە ھاووڵاتییان لەسەر و ماڵی خۆیان دڵنیا بن، بۆیە خەڵکی ئەو ناوچانە بەردەوام گووند و ئاواییەکانی خۆیان چۆڵ دەکەن.
زیاتر لە ھەزار کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنیی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە، ئەو بۆشایە ئەمنییە بۆتە شوێنی چالاکی چەکدارانی داعش، ئەگەر پێشمەرگە لەو ناوچانە بوایە بۆشایی ئەمنی نەدەما و داعشیش شوێنی نەدەبوویەوە، بەڵام بەھۆی نەبوونی پێشمەرگە لەو ناوچانە ڕۆژەبەڕۆژ جموجۆڵەکانی داعش زیاتر دەبن، کە تەنیا لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا داعش دووجار ھێرشی کردووەتە سەر ھێزەکانی عێراق، کە لە ئەنجامدا سەربازێک کوژراوە و سێی دیکەش بریندار بوونە.
بەرپرسانی پێشمەرگە، دەڵێن: لە دەورووبەری کەرکووک، خانەقین و ھەندێک ناوچەی دیکە، جموجۆڵی داعش زۆر زیادی کردووە و کردەوەی تیرۆریستی دەکەن و مین دەچێنن، دەچنە گووندەکان و شت لە خەڵک دەستێنن، ھەندێک خەڵک ناچار کراون شوێنی خۆیان جێ بھێڵن، پێویستە زوو ڕێککەوتن بکرێت بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، دەبێت گفتوگۆ لە نێوان ھەولێر و بەغدا بکرێت، بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان، دەبێت لەڕووی ئەمنییەت و پاراستنی ئەو ناوچانە ڕێککەوتن بکرێت، چوونکە ئەگەر ئەو ناوچانە وا بمێنەوە، تیرۆریستانی داعش بە ناوی ترەوە سەرھەڵدەدەنەوە و دەبنە مەترسی بۆ سەر عێراق و ھەرێمی کوردستانیش، بۆیە دەبێ ڕێککەوتنی ئەمنی و سەربازی لەو ناوچانە بکرێت.
فەرماندەکانی پێشمەرگە ھۆکارێکی دیکەی زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش بە گەڕانەوەی چەکدارەکانیان لە سووریا و عێراق دادەنێن. بەرپرسانی پێشمەرگە، جەخت لەوەش دەکەنەوە، ئەم بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق ھەیە، بووەتە شوێنێکی ئارام بۆ جموجۆڵی داعش، تەنانەت بووەتە شوێنی مەشقی داعش، ئێمە ئامادەین بۆ ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش و جێگیرکردنی ھێزی ھاوبەش لەو ناوچانە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە، تەنانەت بۆ کۆتاییھێنان بە داعش بە یەکجارەکی لەو ناوچانە، ئەگەر ئێمە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بکەین و لەو ناوچانە نەکشێینەوە، ھێزەکانیشمان جێگیربکەین لەو بۆشاییە بە ھاوبەشی، داعش لەو ناوچانە کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی کە نایکات و نایەتە پێشەوە حکوومەتی عێراقە.