دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە سی و شهشهمین ساڵیادی شاڵاوی ئهنفال دژ به خهڵكی كوردستان له لایهن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند؛ پێوستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەی کەیسی ئەنفال لە ئاستی نێو دەوڵەتی بەجیهانی بکرێ و وەک تاوانی نێودەوڵەتی بناسرێت.
دوێنێ، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، به بۆنهی سی و شهشهمین ساڵیادی ئهنفال دژ به خهڵكی كوردستان، پهیامێكی بڵاو كردەوه و لە پەیامەکەیاندا هاتووە؛ بەداخەوە لە ڕۆژێکی ئاوادا ڕژێمی لەناوچووی ئەوکاتی بەغدا هەڵمەتی قڕکردن و جینۆساید و تێکدانی گوندەکانی کوردستانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و هەزاران ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەی ڕاپێچی کۆمەڵگە زۆرەملێکان کرد و لە بیابانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش سەدانی دیكهی لە گۆڕەبەکۆمەڵەکان بە دڕندەترین شێوازی نامرۆڤانە کوشت و جینۆسایدی کردن.
دەشڵێن؛ ئەو ڕژێمە بێ گوێدانە هیچ بەها و یاسایەک دەستی بە لەناوبردنی میللەتێک کرد لە پێناو کۆتاییهێنان بە ناسنامە و بوونیان، بۆیە هەموو جۆرە تاوانەکانی بەرامبەر گەلی کورد بەکارهێنا.
هەرچەندە ڕژێمی لەناوچووی بەغدا بێجیاوازی لە ناوچەکانی کوردستان دەستی بەو کۆمەڵکوژی و لەناوبردنە کرد و کەسی نەپاراست.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش دەخاتەڕوو؛ بەپێی هەموو پێوەر و یاساکان جینۆسایدی هەر میللەت و گەلێک تاوانێکی نێودەوڵەتییە و نەفرەت لێکراوە و پێچەوانەی بنەما و ڕێكکەوتنامەکانی مافی مرۆڤە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە؛ ئەگەرچی دوای زیاتر له چارەگە سەدەیەک دوای لەناوچوونی ئەو ڕژێمە هێشتا ڕوفاتی سەدان کەس لە ئەنفالکراوان نەدۆزراونهتەوە و نەگەڕێنراونەتهوە خاکی خۆیان تا ئێستاش کەس و کاریان لە چاوەڕوانی گهڕانهوهیاندان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان به پێویستی دهزانێت، هەموو هەوڵێک بدرێ بۆ دۆزینەوە و گەڕانەوەی ئەو ڕوفاتانە و ئەرکی حکوومەتی عێراقە ئهركی خۆی بە هەماهەنگی لهگهڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبهجێ بكات و پێوستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەی کەیسی ئەنفال لە ئاستی نێودەوڵەتی بەجیهانی بکرێت و وەک تاوانی نێودەوڵەتی بناسرێ کە دەبێتە مایەی قەرەبووکردنەوەی کەسوکار و خانەوادەکانیان.