پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 8
خۆشه‌ویستم:
به‌یانیان كه‌ له‌ خه‌و راده‌بم تۆم ده‌كه‌وێته‌وه‌ یاد، شه‌وانیش له‌خه‌ودا ده‌تبینم، بیری تۆ هێنده‌ی نیگه‌ران كردووم كه‌ ئیدی ئاراوقارای لێهه‌ڵگرتووم، ئێستا كه‌ لێكی ده‌ده‌مه‌وه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا بێجگه‌ له‌ ده‌ردو ئازارو ماندووبوونی جه‌سته‌، شتێكی دیكه‌م له‌ عه‌شقی تۆ به‌ نسیب نه‌بووه‌. به‌ڵام ئازیزه‌كه‌م، تۆش بێجگه‌له‌وه‌ی شتێك له‌و هه‌موو ده‌ردو ئازاره‌م كه‌م كه‌یته‌وه‌، یانی وا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ هێنده‌ له‌ عه‌زابدا نه‌بم، هه‌ر رۆژێك كه‌ تێده‌په‌ڕێ، خه‌مێكم لێ زیاد ده‌كه‌ی، ئاخ.. به‌ چ زمانێك پێتبڵێم؟ ئایا حاڵی په‌رێشانم هه‌ست پێناكه‌ی؟
هه‌ندێجار بیرده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌گه‌ر جارێك لێوه‌ جوانه‌كانت رامووسم دڵم هێور ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ درۆن ده‌رمانی ده‌ردی من له‌ ده‌ستی تۆدایه‌.
یاره‌بچكۆلانه‌كه‌م، تكات لێده‌كه‌م له‌به‌رخاتری من ئیدی ده‌رس مه‌خوێنه‌، بێهووده‌یه‌. ده‌رس مه‌خوێنه‌ چونكه‌ خه‌ڵكی پاشه‌مله‌ قسه‌ت بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن. چاوه‌ڕوانم تۆ وه‌ك فریشته‌یه‌كی پاك بی له‌ دڵی تۆدا بێجگه‌ له‌ ساده‌یی و پاكی هیچ شتێكی دیكه‌ نه‌بێ. به‌ڵام نه‌ك خه‌ڵكان تیروتوانجت لێبده‌ن و دڵی پڕ له‌ خه‌می منیش له‌ تاریكی و ته‌نیاییدا وردوخاش كه‌ن. ئه‌و چاویلكه‌ نه‌فره‌تیه‌شت له‌به‌ردێك راكێشه‌. به‌ڵام هیچ كاتێك تۆ گوێت له ‌قسه‌ی من نه‌گرت. هه‌ركاتێك نامه‌م بۆ ناردبی لێم توڕه‌بووی، ده‌ی باشه‌، من بۆ خه‌م خوڵقاوم، له‌ یه‌كه‌م رۆژه‌وه‌ تا ئێستا بێجگه‌ له‌ خه‌م هیچ شتێكی دیكه‌م له‌ ژیاندا نه‌بووه‌. سوێند به‌ خودا هیچ كه‌س هێنده‌ی من ئازاری نه‌كێشاوه‌. به‌ڵام تۆ روح و ژیانی منی، تۆ كه‌ له‌ هه‌مووكه‌س زیاتر به‌رامبه‌ر به‌من میهره‌بانتربووی، تۆ كه‌ به‌نیگایه‌كت دڵی پڕ له‌ ئازاری منت شاد ده‌كرد، دیسان ده‌ته‌وێ له‌بیرم بكه‌ی؟ نا.. تۆ ئه‌وكاره‌ ناكه‌ی. تۆ له‌ هه‌مووكه‌سێكی ئه‌م دنیایه‌ میهره‌بانتری، تۆ ناهێڵی دۆسته‌كه‌ت له‌ عه‌زابدابێ، تۆ له‌و چه‌رمه‌سه‌ریه‌ رزگارم ده‌كه‌ی. خه‌می خۆم بێجگه‌ له‌تۆ به‌كێ بڵێم؟
دڵم پڕبووه‌ له‌ خوێن، واهه‌ستده‌كه‌م ئه‌گه‌ر تا ساڵێكی دیكه‌ ئاوابژیم، حه‌تمه‌ن ده‌مرم. هه‌رچه‌نده‌ من گیانی سه‌گم هه‌یه‌، به‌ڵام عه‌شقی تۆ منی له‌په‌لوپۆ خستووه‌. به‌ڵێ تاهیره‌ی ئازیز، ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵات له‌ده‌ستی خۆمدابوایه‌، به‌خودا تا ئێستا سه‌دجار له‌بیرم كردبووی. به‌ڵام چیبكه‌م، به‌ده‌ست خۆم نییه‌ و ده‌زانم تۆش منت خۆشده‌وێ، چونكه‌ مه‌حاڵه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو سۆز و خۆشه‌ویستییه‌ی من، دڵه‌ میهره‌بانه‌كه‌ی تۆ هۆگرییه‌كی بۆمن نه‌بێ. بۆخۆت لێكی بده‌وه‌ كه‌ من و تۆ چ خۆشه‌ویستییه‌كی پاكمان به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك هه‌یه‌. ئایا ئه‌و عه‌شقه‌ له‌ناوده‌چێ؟ نه‌ سوێند به‌ خودا، هه‌تا مردن هه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌. ئێستا نه‌ك ته‌نیا من و تۆ به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك بێگانه‌نین به‌ڵكو هه‌ودای خۆشه‌ویستی ئێمه‌ بۆ هه‌میشه‌ لێك گرێدراوه‌. یانی تۆ بوویته‌ روحی من و منیش جه‌سته‌ی تۆ. سوێند به‌خودا ئاوایه‌! من نه‌ك ته‌نیا روخساری جوانی تۆم خۆشده‌وێ، نه‌ك ته‌نیا چاوه‌جوانه‌كانتم خۆشده‌وێن، به‌ڵكو ناوی تۆ، جلكه‌كانی تۆ، پێڵاوه‌ بچووكه‌كانیشتم خۆشده‌وێن. یانی ئه‌گه‌ر یه‌ك تۆزه‌ خشتوخاڵ، پارچه‌كاغه‌زێك له‌ ده‌ستانت بكه‌ونه‌ سه‌رعه‌ردی هه‌ڵیانده‌گرمه‌وه‌ و تا قیامه‌ت هه‌ڵیان ده‌گرم، ئه‌گه‌ر ده‌سڕه‌كه‌ی ده‌ستت له‌لام بایه‌، بۆهه‌میشه‌ له‌سه‌ردڵی خۆم داده‌نا، ئاخ چه‌نده‌م خۆشده‌وێی؟ نا.. نا.. هیچكه‌سێك ناتوانێ لێكمان جیابكاته‌وه‌، ئێمه‌ پێكه‌وه‌ ده‌مێنینه‌وه‌، پێكه‌وه‌ هه‌ناسه‌ده‌ده‌ین، پێكه‌وه‌ ده‌ژین و پێكه‌وه‌ ده‌مرین.
ئێستا یاری خۆشه‌ویستم، تاهیره‌ی جوانم، دیسان منت له‌یادبێت، ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستیه‌ی منت له‌یادبێ، له‌بیرت نه‌چێ ئه‌گه‌ر دڵم بشكێنی بۆهه‌میشه‌ له‌ده‌ستمده‌ده‌ی. ده‌رس مه‌خوێنه‌، به‌ڵێ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی خراپ تێكه‌ڵ مه‌به‌، جوانی و پاكی تۆ، ده‌رسن. تۆ ده‌بێ پاك بی، مه‌خوێنه‌و ئه‌و تكایه‌ی من له‌بیرمه‌كه‌.
ده‌سته‌ بچكۆله‌كانت و چاوه‌جوانه‌كانت ماچ ده‌كه‌م.

نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.