وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕای دەگەیەنێت، دوای ڕووداوی لافاوەكەی هەولێر، لیژنەی تایبەتمەند بە هەڵسەنگاندنی زیانەكانی لافاوەكە سەرژمێری و ئاماری خۆیان ئامادە كرد و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەو لیژنەیە، قەرەبووی تێكڕای زیانەكان پێویستی بە زیاتر لە 21 ملیارە، ئەمەش ئەركێكی گرانە بەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە و هیوادارین حكوومەتی عێراق لە بودجەی فریاگوزاری پارەیەكی بۆ تەرخان بكات و زوو هەنگاوی كرداری بنێن.
لەمیانەی لێدوانێكدا بۆ تەلەڤزیۆنی “الشرقیە”ـی عێراقی، ئەوەشی خستە ڕوو: وێڕای زیانی گیانی كە 12 كەس بوونە قوربانی و هەرگیز قەرەبوو ناكرێتەوە، بەپێی ئامارەکان، لافاوەكە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە زیاتر لە دوو هەزار و 500 ماڵ، ئەمە جیا لەوەی زیاتر لە 400 ماڵ بەتەواوی لەناو چوون و زیان بە زیاتر لە 150 شوێنی بازرگانی گەیشتووە و نزیكی 900 ئۆتۆمبێل نغرۆ بووە. لەگەڵ زەوییەكی زۆری كشتوكاڵی. سەبارەت بە كەرتی حكوومیش، زیانێكی زۆر بەر قوتابخانە، شەقام، پرد، بۆریی ئاو و وێستگەكانی گواستنەوەی كارەبا گەیاندووە.
ساسان عەونی، سوپاسی ئەو هەماهەنگییەی نێوان فەرمانگەكانی حكوومەتی كرد كە هەموویان وەك یەك تیم كاریان كردووە و لەگەڵیشیاندا هێزی پێشمەرگە و پاسەوانانی سنوور، ڕێكخراوە خێرخوازییەكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كۆمپانیا گەورەكان هاوكاریی بەرچاویان پێشكەش كردووە.
previous post