محەممەدی حاجی مەحموود: لەسەر هەموو تاکێک پێویستە قەوارەی کوردستان بپارێزێت

سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەرکی هەموو تاکێکی کوردستانە قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزێت لەو دەستکەوتانەی کە هەمانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی نیسانی 2024، هەشتەمین کۆنگرەی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، دەستی پێکرد و محەممەدی حاجی مەحموود جارێکی دیکە بە سەرۆکی حزبەکەی هەڵبژێردرایەوە.

محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بتوانین قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزین، لەو دەستکەوتانەی کە هەمانە وەک؛ حکومەت و پەرلەمان و دادوەری کوردستان کە ئەوانە بنەمای دەولەتی کوردستان و خەڵکی کوردستانن، پاراستنیان ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەخلاقییە لەسەر شانی هەموو تاکێکی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان.

بەگوتەی ئەو، “ئەمڕۆ ئێمە بەردەوامین لە خەبات و تێکۆشان و ڕێگەش نادەین هیچ غێرە شێوێنییەک لە ڕیزەکانی حزب یاخود دەرەکی بیەوێت حزب بەکار بهێنێت بۆ هەندێک مەرامی خۆی وەک هەندێک لەو کەسانەی بەکارییان هێنا، بەڵام بە ئیرادەی گەل و بە تێکۆشانی حزبەکە دەرکران لە حزبەکەی سۆسیال دیموکراتی کوردستان.”

محەممەدی حاجی مەحموود گوتیشی: “ئێمە لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان هاوپەیمان و هاوخەبات و هاوسەنگەرین، بۆ ئەوەی بتوانین دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان، حکومەتی هەرێم، پەرلەمان و بوژاندنەوەی پەرلەمان کە لەم کاتەدا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان هەنگاوێکی گرنگە بۆ شەرعییەتدان بە پەرلەمان و دامودەزگاکانی دوای پەرلەمان، لە کوردستاندا ئەوانە کاریان لەسەر دەکەین.”

دەشڵێت: “ئێمەش بەشدار دەبین لە پاراستنی وڵاتەکەی خۆمان بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکو سەرکەوتن بۆ گەلی کورد مسۆگەر بکەین، بار و گوزەرانی خەڵکی کوردستان بتوانین بەشێوەیەک بێت کە شایستەی ئەو ژیانە بێت تاکو بتوانێت، لەسەر خاک و ماڵی خۆی بتوانێت ژیانێکی شایستە بەڕێ بکات.”

حزبی سۆسیالیست حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە شاری هەولێر بە بەشداریی زیاتر لە هەزار ئەندام دەست پێکرد. لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەکەدا ناوی حزب گۆڕدرا بۆ “پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان”، هەروەها لۆگۆی فەرمی حزبەکەش گۆڕانی تێدا کرا.

لە کۆنگرەکەدا محەممەد حاجی مەحموود جارێکی دیکە بە سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە و عەبدوڵڵا حاجی مەحموودی برایشی دوای کشانەوەی ڕکابەرەکانی، بە جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا.

لە کۆنگرەی حەوتەمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، 39 ئەندامی سەرکردایەتی حزب هەڵبژێردران، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش 11 کەسیان بۆ مەکتەبی سیاسیی حزبەکە هەڵبژارد.

پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1976 دوای جیابوونەوە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن مەحموود عوسمان، عەدنان موفتی و ڕەسوول مامەندەوە  دامەزرا و خەباتی چەکداریی لە دژی رژێمی بەعس ڕاگەیاند. دواتر و لە ساڵی 1979 بەشێک لە ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جیابوونەوە و هاتنە بەرەی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان هەر لە باشووری کوردستان یەکێکیش لەو ئەندامانە، محەممەد حاجی مەحموود بوو، کە ئێستا سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە.

ھەواڵی زیاتر