دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

وەزارەتی دارایی: بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ دەکەین

بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، بەشێکی  مووچەی مانگی سێ گەیشتووە و بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچەکە دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-04-2024، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، “بەشێکی  مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووە و بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ دەکەین”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-04-2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوزیرانی عێراق و ڕەزامەندی تەیف سامی، وەزیری دارایی؛ بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی دەستیکرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی کەمئەندامان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، شایستە داراییەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفال، گرێبەستەکان و شایستە داراییەکانی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لە خەرجکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی نەکردووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق دادگای باڵای فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی لە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکردووەتەوە، “بەوپێیەی تەواوکردنی میکانیزمی خۆجێیکردنی (تەوتینکردن)ـی مووچەکانیان پێویستی بە ماوەیەکی زیاتر هەیە”.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 03-04-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، “دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت”.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کردووە کە هاوکار بوون تاوەکو پێکەوە بتوانن بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە : “لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم”. گوتیشی، “لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت”.

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2023 و 2024 و 2025 بە 12,67 ترلیۆن دینار دیاری کراوە، واتا لە کۆی 198 ترلیۆن دیناری بودجەی فیدراڵیی عێراق، بڕی 16 ترلیۆن دینار پشکی هەرێمی کوردستانە، بە داتا و ژمارە جگە لە کێشەی ناردنی مووچە، بەغدا کێشەی لە ناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە بڕەکەی 276 ملیار دینارە و کرێی گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی زیاتر لە ترلیۆنێک دینارە، دروست کردووە.