ڕائیب جادر – هەولێر
بەشێک لە حیزب و لایەنەکان، دەڵێن، ھەڵبژاردن بەبێ پارتی دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە لە ھەمان کاتدا ئەو کۆمیسیۆنەی ئێستە ھەیە بە مەترسی دەزانن و داوا دەکەن بە ڕێککەوتنی لایەنەکان کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم ھەڵبژاردن لاببرێن بەتایبەتی تێبینییەکانی پارتی لەسەر میکانیزمی کردنی ھەڵبژاردن.
پارتی لە ھەر گۆشەیەکەوە لە ھەڵبژاردن دەڕوانێت پیلانێکی مەترسیداری تێدا داڕێژراوە، ئەمە وای کردووە بەشداری ھەڵبژاردن نەکات، تێبینییەکانی پارتی وردن، کاریگەریان لەسەر ھەڵبژاردن دەبێت، لە کۆی چوار سەد ھەزار دەنگدەر کە پەنجەمۆریان ناخوێنێتەوە ٨٠% دەنگدەری پارتین، لە دابەشکردنی کورسییەکانی پارێزگای ھەڵەبجە تەنیا بەرژەوەندی لایەنێک بەرچاوگیراوە، لەسەرووی ھەمووشیان سەرۆکی دادگەی نائیتحادی کراوەتە سەرۆکی لیژنەی تانەکان، بە چارەکردنی ئەو کێشانە و یونامی سەرپەرشتی ھەڵبژاردن بکات، پارتی بەشداری ھەڵبژاردن دەکات.
سەرۆک بارزانی ھەر لە دوای ڕاپەڕین جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت خەڵکی کوردستان بە دیموکراسیانە ھەڵبژاردن بکات و دەنگ بە کاندیدەکان و ھێزە سیاسییەکان بدات، پارتی لەوەتەی ساڵی ١٩٩٢ تاوەکو دوایین ھەڵبژاردنەکانی عێراق کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ کرا، پێشەنگ و لە پلەی یەکەمدا بووە.
دواخستنی ھەڵبژاردن یەکێکە لە ئەگەرەکان گفتوگۆیەکانیش بۆ چارەکردنی تێبینییەکانی پارتی نەگەیشتوونەتە ئەنجام، ئەگەر پارتی پێداگر بێت لەسەر ئەوەی کە بەشداری ھەڵبژاردن نەکات، سەرۆکی ھەرێم دەستەڵاتی ھەیە فەرمانێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن دەربکات.
ماوەی پێشکەشکردنی لیستی کاندیدان کۆتایی ھات، جگە لە پارتی حیزبەکان لیستی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش کردووە، بەڵام ئەو لایەنانە کەوتوونەتە دۆخێکەوە ناتوانن بە فەرمی لیستی کاندیدەکانیان ئاشکرا بکەن، کۆمیسیۆن و لایەنەکانیش دەستەوەستان وەستاون، لەبەر ئەوەی نازانن چارەنووسی ھەڵبژاردن بەکوێ دەگات.
لە نوێترین هەڵوێستیشدا، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەی خستووەتەڕوو؛ دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژاردەیەک لەگەڵ پارتی باس کراوە بو ئەوەی پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکات و دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی هەمیشە لە گەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێ ئەو ڕاستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەکنیکیانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە.
بەشداری نەکردنی پارتی لایەنە سیاسییەکانی سارد کردووەتەوە، ئەمەش گرفتی بۆ کارەکانی کۆمیسیۆن دروست کردووە، بەگوێرەی لێکدانەوەی شارەزایانی بواری ھەڵبژاردن کردنی ھەڵبژاردن بەم شێوەیە پلان بۆ داڕێژراوە و ئەنجامەکانیش ھەمان ئەو ئەنجامانە دەبێت کە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەبوو، دوای ھەڵبژاردنیش پێکھێنانی حکوومەت ئەستەم دەبێت و کێشەکانی ھەرێمی کوردستان قووڵتر دەبنەوە.
چاودێرانی پرۆسەکە، دەڵێن: پارتی بەردەوام جەختی کردووەتەوە دەبێت پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە کوردستان دیموکراسیانە بێت، لە دوو ساڵی ڕابردوودا سەرەکیترین لایەنی سیاسی بوو کە پێداگر بوو لەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێستەش پارتی لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی شەفافە و گوزارشت لە ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان بکات و تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان بپارێزێت و ڕێگە نەدرێت بە تێکەڵکردنی ئەجێندای ھەرێمی بە بابەتی ھەڵبژاردن کە دیزاینی پێشوەختەی بۆ کراوە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، کۆمەڵگەی نێودەڵەتی، تێگەیشتنیان بۆ نیگەرانییەکانی پارتی ھەیە سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەو شێوە سەپێندراوەی لە ئارادایە.
پارتی لەسەر ھەڵوێستی خۆی پێداگرە و ھیچ جۆرە دەستوەردانێکی نایاسایی لە ھەڵبژاردنەکان قەبووڵ ناکات و بە پێویستی دەزانێت ھەموو کەموکوڕییە تەکنیکی و پێشێلکارییە دەستووری و یاساییەکان لە شێوازی کردنی ھەڵبژاردن چارە بکرێن و ڕاست بکرێنەوە. سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دھۆک، دەڵێت: ھەڵوێستی پارتی نەگۆڕاوە و جەخت لە دوایین ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی خۆمان دەکەینەوە و بەم شێوەیەی ئێستە بەشداریی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین.