دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پارێزگاری دهۆک: زیاتر لە دوو هەزار خێزان لە سنووری دهۆک و زاخۆ قەرەبووکراونەتەوە

33  شوققەی دیکە بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆکدا دابەشکران. پارێزگار دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار خێزان لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ قەرەبووکراونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-04-2024، لە رێوڕەسمێکدا قۆناغی دووەمی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی شاری دهۆک دەستیپێکرد و 33  یەکەی نیشتەجێبوون (شوققە)ـی دیکە بەسەر 33 خێزان کە زیانلێکەوتووی لافاوەکە بوون؛ دابەشکران.

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، زیاتر لە دوو هەزار خێزان کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتبوو، قەرەبووکراونەتەوە (لە سنووری دهۆک، زیاتر لە هەزار و 300 ماڵ قەرەبوو کراونەتەوە).

د. عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەش کرد، “لە ماوەی رابردوودا 117 یەکەی نیشتەجێبوون (شوققە) بەسەر 117 خێزاندا دابەشکراون و ئەمڕۆش 33 شوققەی دیکەمان بەسەر 33 خێزاندا دابەشکردن؛ واتا تاوەکو ئێستا 150 شوققە بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەشکراون”.  

وەکو ئەوەی پارێزگاری دهۆک باسی کرد، “هەر خێزانێکی دانیشتووی گەڕەکی هشکەڕوو، یەکەی نیشتەجێبوون (شوققە)ـی وەرگرت؛ پێویستە دەستبەجێ کەلوپەلەکانی بۆ شوققەکە بگوازێتەوە و ماڵەکەی ڕادەستی شارەوانیی دهۆک بکات، بۆ ئەوەی خانووەکە خاپوور بکرێت؛ تاوەکو بتوانین پڕۆژەی فراوانکردنی رێڕەوی هشکەڕوو جێبەجێ بکەین”.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-04-2024، زکری بەشیر، خاوەنی کۆمپانیای “کاڤین گرووپ” سەردانی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکی کرد و، بڕی 400 ملیۆن دیناری وەک هاوکاری پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی شارەکە کرد.

دوێنێ سێشەممەش، 02-04-2024، زیاتر لە یەک ملیار و 352 ملیۆن دینار کە لە ئەنجامی کەمپەینێکی ژمارەیەک وەبەرهێنەری هەولێر و سلێمانی کۆکرابووەوە، لەلایەن د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی پارێزگاری دهۆکی کرا بە مەبەستی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە.

رۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. هەمان رۆژ، لافاو دوو هاووڵاتی لەگەڵ خۆی برد و کەسێکی دیکەش بە هۆی تەزووی کارەباوە گیانی. لەدەستدا. هەروەها زیاتر لە هەزار خانوو و ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشت.

لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی و دوای کەمتر لە 48 کاتژمێر بەسەر هەڵسانی لافاوەکە، لە قۆناغی یەکەمدا و لە رێوڕەسمێکدا؛ کلیلی 117 یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) بە خاوەنی 117 خاوەنخانووی ئەو گەڕەکانی دهۆک درا کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانی زۆر بە خانووەکانیان گەیشتبوو و جێگەی مانەوەیان نەمابوو. پڕۆسەکە بەردەوامە و بڕیارە قۆناغ بە قۆناغ تا پێش جەژنی رەمەزان، قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بکرێتەوە.

هەر دوای هەڵسانی لافاوەکە، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی؛ مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکەری گوڵان و تایبەتیی یەک، بە هاوڕێیەتی سەدان پێشمەرگە بۆ ماوەی چەند رۆژێکە لە دهۆکە و لەگەڵ چین و توێژەکانی شارەکە سەرقاڵی پاککردنەوەی شارەکەیە لە پاشماوەکانی لافاوەکە.

لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکی زیانلێکەوتووانی کردووە یان نا، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە حکوومەتی عێراق “یەک دیناریشی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و دەوروبەری کردبێت” و، گوتی: “تەنانەت سەرەخۆشییان لە ئێمە نەکردووە”.