بێ ڕەزامەندی خۆت کەس ناتوانێت دینارێکی هەژمارەکەت بەکاربێنێت

یەکێک لە گەورەترین دڵەراوکێیەکانی خەڵک لە پێوەندی لەگەڵ ”هەژماری من” و وەرگرتنی مووچە لەڕێی ئەو هەژمارەوە ئەوەیە حکوومەت لە داهاتوودا پارەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان لەخەڵک بگێرێتەوە لە کاتێکدا لە سیستمی هەژماری بانکیدا بە بێ ڕەزامەندیی مووچەخۆر یان خاوەنی کارتەکە، هیچ کەسێک ناتوانێت سوود لە یەک دیناری هەژمارە بانکییەکە وەربگرێت.

هەژماری بانکی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بە خزمەتگوزارییەکی نوێ دادەنرێت و هەموو خزمەتگوزارییەکی نوێ بە تایبەتی ئەگەر کەمێک ئاڵۆز بێت و پێوەندیی بە تەکنەلۆجیاوە هەبێت ئەوا لای خەڵک هەندێک نیگەرانی دێنێتە کایەوە. ڕاستە لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بانک هەن کە بە ستانداردی جیهانی کار دەکەن و خەڵکێکیش لەو بانکانە هەژماری تایبەتییان هەیە و لێی سوودمەند بوون بەڵام ئەوە زیاتر تایبەت بووە بە توێژێک لە خەڵکی سەرمایەدار و بازرگان یان کەسانێک کە بەردەوام هاتوچۆی دەرەوە دەکەن و زۆربەی خەڵک هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ بانکدا نییە.
زیاتر لە ساڵێکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە پڕۆژەیەکی گرنگی بانکی بە ناوی ”هەژماری من” کردووە و تا ئەم ساتە نزیکەی سێسەد هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان هاتوونەتە نێو پڕۆسەکە و زۆربەیان بوونەتە خاوەنی کارتی بانکی.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەنگاوە ئەوە بووە کۆتایی بەوە بێنێت چیتر پارە بە کاش و بە دەست بەسەر فەرمانبەر و مووچەخۆراندا دابەش بکرێت، ئەم جۆرە دابەشکردنەی پارە لە ڕابردوودا پڕ کێشە و پڕ مەترسی بووە و زۆر جار پارە تا گەیشتووەتە دەستی مووچەخۆر، کەمی کردووە و تەنانەت هەندێک جار فەوتاوە، ئەوە بەدەر لە ڕۆتینات و ماندووبوونێکی زۆر و درەنگ دەستخستنی پارەکە.
بۆ نموونە لە قوتابخانەکان دەبوایە نوێنەرێک بچێت پارەی سەرجەم مامۆستاکان وەربگرێت و دواتر دانە بە دانە بە سەریاندا دابەش بکات دەستی تاک بە تاکی مامۆستایان ئەمەش سەرئێشەیەکی زۆری بەدواوە بووە، هەندێک جار پارە زیاد یان کەمی کردووە یا پارەی کۆن و دڕاویان پێ دراوە.
بەگوێرەی پڕۆژەی ”هەژماری من” هەر لەو چرکەیەدا کە بڕیار دەدرێ مووچە دابەش بکرێ ئەوا بە کلیکێک حسابەکە دەچێتە سەر هەژمارە بانکییەکان و مووچەخۆر پارەکەی بەدەست دەگات. هەر ئەو کاتە فەرمانبەر بە کارتە بانکییەکەی دەتوانێت شتومەک بکڕێت مامەڵە بکات و ئەگەر پێی خۆش بوو پارەی کاشیش بە بێ بەرامبەر لە ئامێری ڕاکێشانی پارە وەربگرێت.
هیچ سندووق و قاسەیەک هێندەی هەژماری بانکی پارێزگاری لە پارەکە ناکات و هیچ کەسێک ناتوانێت دەست بۆ یەک دیناریش بەرێت ئەگەر خاوەنی هەژمارەکە خۆی بڕیاری لەبارەیەوە نەدات.
لە پڕۆژەی ”هەژماری من” یەکێک لە نیگەرانییەکانی خەڵکی کوردستان ئەوە بووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر بەو هەژمارە بانکییانە بە ناچار پارەی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاریی تر لەخەڵک دەستێنێتەوە لە کاتێکدا ئەمە نە لە کوردستان و نە لە هیچ شوێنێکی تری جیهان ڕێگەپێدراو نییە.
بابەتەکە بەم شێوەیەیە هاووڵاتی ئەگەر حەزی کرد پارەی کارەبا و ئاو بە هەژمارە بانکییەکەی بدات ئەوا دەتوانێت هەر لە ڕێی مۆبایلەکەی خۆیەوە پارەکە بدات بێ ئەوەی سەردانی فەرمانگەی حکوومەت بکات بەڵام ئەگەر نەیدات ئەوا کەس ناتوانێت کێشە بۆ هەژمارەکەی دروست بکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی دوێنێ بە فەرمی ئەوەی ڕاگەیاند کە هیچ جۆرە كەمكردنەوەیەك لە مووچەكەدا ڕوو نادات ئەگەر ڕەزامەندیی مووچەخۆرەکەی لەسەر نەبێت، جگە لەمە بەپێی یاساكان هیچ لایەنێكی گشتی و تایبەت، دەسەڵاتی دەستبردنی بۆ هەژماری بانکی نییە.
بەو پێیە هەژماری من لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک سەرئێشە لە کۆڵ حکوومەت و مووچەخۆریش دەکاتەوە لە هەمان کاتدا مووچەخۆر بە جیهانێکی پێشکەوتوو دەبەستێتەوە کە دەتوانێت بە باشی سەرمایە و پارەکەی بپارێزێت و بۆ هەر مەبەستێک سوودی لێ وەربگرێت.

ھەواڵی زیاتر