هاودەنگ فارووق
سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بە ئیڕادەیەكی بەرزەوە هەنگاوی بەرەو سەرکەوتن ناوە، كاك مەسرور لە ناو بەردەڵانێکی سەختی ناوخۆیی و ناوچەکەدا، سیاسەتی ژیرانەی پەیڕەوكرد، بەخۆڕاگریی و ملکەچنەبوون و سازشنەكردن بۆ دوژمنان و نەیاران، هەرگیز نەچووە ژێرباری داواکاریی ناڕەوا و گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان.
چیرۆكی ئەم سەركەوتنەی حكوومەتی کوردستان، پێویستە لەوانەی قوتابخانەكان بنووسرێتەوە، ئەو فشارەی لەسەر حكوومەت و خەڵكی كوردستان بوو، لەمێژووی نوێدا نەبووەو، لەهیچ گۆشەو كەنارێكی دنیادا نەدیتراوە. كەچی وێڕای هەموو گوشارە تاقەتپڕوكێنەكان، حكوومەت ئومێدی لەدەست نەدا.
تەنانەت هاوپەیمانەكانی پێكهێنەری حكوومەت نقەیان لێ بڕا و، لەژێر گوشارەكاندا خۆیان دزییەوەو، بەرپرسیارێتییەكەیان بۆ سەرۆكی حكوومەت بەجێهێشت.
مەسرور بارزانی لە بەربانگی دوێنێ ئێوارەدا گوتی: زۆر كەم بوون ئەوانەی پیاوی ڕۆژی تەنگانە بوون، ئێمە هەستمان دەكرد زۆر تەنهاین، بەتەنها خودا و خەڵكی كوردستان لەگەڵمان مانەوە!.
ئەوەی ڕوویدا لەلایەكەوە جەوهەری دەستەڵاتدارانی بەغدای پیشانداین، لەلایەكی دیکەوە هاوپەیمانەكانی لەناو حكوومەتی هەرێمدا بۆ دەرخستین، هاوكات مەعدەنی پیرۆزی خەڵكی كوردستانی درەوشاندەوە، كە بەهیچ گوشارێك چۆك دانادات و لارنابێت و تاكو زیاتر فشاری لێ بكرێت، زیاتر دێتەوە یەك و پتەوتر دەبێت و، پڕشنگدارت خۆ دەنوێنێت.
وانەكانی سەركەوتن لەم قۆناغەدا، هەروا سادە و ساكار نین، بەرگەگرتنی ئەو شەڕە دەروونی و پڕوپاگەندەیی و میدیاییەی لە دژی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی خراوەتە كار، پێویستی بەتێڕامانی قووڵە، ئیرادەی ئەو سەرۆكەی كە نزیكترین حیزبە هاوپەیمانەكانی لەتەنیشتییەوە سەنگەریان چۆڵكرد و بەڕۆژ لەحكوومەت بوون و بەشەو لەسەر شاشەی كەناڵەكان ئۆپۆزسیۆن بوون،نەك هەر پێویستە بۆ مێژوو بنوسرێتەوە، بەڵكوو پێویستە لە ئەكادیمیاكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دیراسە بكرێت.
ئێمە ناتوانین بەچەند دێڕێكی كورت لەسەر هەموو ڕووەكانی ئەو قۆناغە و پلانەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ پوچەڵكردنەوەی مینەكان قسە بكەین، تەنها دەتوانین بڵێین: ئێستا سەرەتایەكی نوێیە و، حكوومەتی کوردستان توانی چۆك بە سەرجەم قەیرانەكان دابدات و خۆرێکی نوێ پڕشنگ دەدا.