ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مزگەوتێکی شاری هەولێر، لەگەڵ هاونیشتمانییان بەشداری لە خوانێکی بەربانگ کرد.
سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی لە توانای ئەواندایە دەیكەن بۆ ئەوەی كێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ چارەسەر بكەن و بگەنە ئەنجامێك كە لە كۆتاییدا لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و هەموو عێراقیشدا بێت، بەبێ ئەوەی بە هیچ جۆرێك واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خەڵكی كوردستان بهێنن.
ئەمەش دەقی وتەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان:
ئامادەبووانی هێژا:
زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ ئێوارە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لێرە كۆبووینەتەوە، پێموایە باش دەبێت لەسەر بارودۆخی ئێستا هەندێك قسە بكەین، نامەوێ زۆر لە كاتتان بگرم و زۆر نەماوە بۆ بەربانگ، ئینشائەڵا خوا تاعەت و ڕۆژوو و نوێژی هەموو لایەكیشتان قەبووڵ بكات.
سوپاسێكی بێپایانی خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژییان، بۆ پشتیوانی و متمانەیان بە ئێمە و بە حكوومەتەكەی خۆیان. ئەو ماوەیە دۆخێکی ناخۆش بۆ خەڵكی كوردستان هاتۆتە پێشەوە، بە تایبەتیش كە بەهۆكاری جیاواز هەوڵ دراوە كە مووچەی هەرێمی كوردستان نەنێردرێ و بودجەی هەرێمی كوردستان دابین نەكرێ و كێشە و گرفتی ئابووری بۆ خەڵكی كوردستان زیاتر بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان وای كردووە كە ئێمە بتوانین بەردەوام بین لە خزمەتكردن. دەمەوێ دڵنیاتان بكەمەوە ئەوەی لە توانای ئێمەدایە دەیكەین بۆ ئەوەی ئەم كێشە و گرفتانە چارەسەر بكەین و بگەینە ئەنجامێك كە لە كۆتاییدا لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و هەموو عێراقیشدا بێت، بەبێ ئەوەی ئێمە بە هیچ جۆرێك واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خەڵكی خۆمان بهێنین.
دەمەوێ باسی ئەوە بكەم كە بۆ ئەم دۆخە بە ئێرە گەیشت و چۆن ڕووی دا.
لێتان ناشارمەوە ماوەیەكی زۆرە پیلان هەیە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت یاخود لاواز بكرێت كە بە شێوازی جۆراوجۆر جێبەجێ كراوە. جێگەی داخە كە هەندێك بیروبۆچوونی ناحەز بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان توانیوویانە بەم جۆرە رەفتار لەگەڵ خەڵكی كوردستان بكەن. لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە كە لە ناوخۆشدا یارمەتی ئەم بۆچوونە شۆڤێنییە دراوە كە ڕێگە خۆش بكەن بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان لەناو ببەن یاخود لاواز بكەن.
ئێمە تۆزێك بە مێژووی خۆماندا بچینەوە دەبینین كە دروستبوونی هەرێمی كوردستان بەم شێوازەی كە هەیە كەس خێری پێ نەكردووین، ئەمە بەرهەمی خوێنی شەهیدەكانمانە، بەرهەمی خەباتی خەڵكی ئێمەیە، ئێوە هەمووتان لە دروستكردنی ئەم ئەزموون و ئەم هەرێمە بەشدار بوون. ئێمە دەستوورێكمان هەیە كە لە دەستووردا مافی هەرێمی كوردستان و ئەركەكانیشمان دیاریكراوە. ئەوەی پێمانكراوە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانمان درێخیمان نەكردووە، هەموو ئەركەكانی خۆمان وەكو خۆی جێبەجێ كردووە، بەڵام بەداخەوە لە دابینكردنی مافەكانمان بەداخەوە زۆر لە مافەكانمان دابین نەكراون و پێشێل كراون، تەنانەت هەوڵی ئەوەش دەدەن كە ئەوەی لە دەستووریشدا هاتووە پێشێل بكرێن.
لێرەدا ئێمە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووین، بەرەیەك بەرەی خۆڕاگرییە، بەرەی پاراستنی ئەزموونەكەمان و بەرەی ڕێزگرتنە لە خوێنی شەهیدەكانمان و خەباتی ئەم گەلە ستەمدیدەیە، بەرەیەكیش كە پێیوایە هەموو ئەوانە قەیناكە با بڕوات، با تەنیا نانێكی زەلیلمان بدەنێ، هەموو كێشەی هەرێمی كوردستان و هەموو قەزییەی خەڵكی كوردستان بكرێ بە مووچە، من دڵنیام زۆربەی خەڵكی كوردستان لەگەڵ ئەو بۆچوونە نین. ئێمە دەمانەوێ ڕێز لە خوێنی شەهیدانمان بگرین، لە خەباتی ئێوە بگرین، لەم ئەزموونە بگرین، پاراستنی ئەم ئەزموونە پاراستنی خەباتی گەلەكەمان ئەركێكە، ئەمانەتێكە بەسەر ملی هەمووماندا هاتووە، ئەوەی پێمان بكرێ بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونە دەبێ بیكەین.
لێرەدا من داوایەكی برایانەم لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەیە كە هەموویان واز لە بەرژەوەندیی شەخسی و حزبیی خۆیان بێنن، واز لەوە بێنن كە پێیانوابێت لایەنێك سوودمەند بێ بەسەر لایەنێكی تر ئەمە دەستكەوتە، بەهیچ جۆرێك ئەمە دەستكەوت نییە. ئێمە ئەو وەختە دەتوانین دەستكەوتمان هەبێت كە خزمەتی هەموو خەڵكی كوردستان بكەین بەبێ جیاوازی. ئەو وەختە دەتوانین دەستكەوتمان هەبێت كە ئێمە بتوانین پارێزگاری لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین. ئەو وەختە دەتوانین دەستكەوتمان هەبێت كە برایەتیی بەینی هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان لە كوردستان و عێراقدا بپارێزین.
لێرەوە جێی خۆیەتی من سوپاسی هەڵوێستی ئەو بەڕێزانەش بكەم چ لە بەغدا و چ لە ناوچەكانی تری عێراقدا كە هاوهەڵوێست و پشتیوانی خەڵكی كوردستان بوون، پشتیوانی ڕاستی بوون، ئەوانیش بەرگریی لە مافە دەستوورییەكانی هەموو عێراق دەكەن. خەڵكێكی زۆر هەیە كە ئێمە لەگەڵیاندا خەریكین بۆ ئەوەی بتوانین بگەین بە ئەنجامێك كە لەبەرژەوەندیی هەموو لایەكدا بێت. عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە، بەڵام بەداخەوە ئیدارەیەكی باشی داهات و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە نەكراوە، ئەگینا ئێستا دەمانتوانی ببین بە یەكێك لە باشترین وڵاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستاش دەتوانین ئەوە بكەین ئەگەر بە بیری یەكتر قەبووڵكردن و ڕێز لە یەكترگرتن لەگەڵ یەكتر بەردەوام بین.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان نیەتمان وایە كە لەگەڵ هەموو خوشك و براكانی خۆمان لە هەموو ناوچەیەكی تری عێراقیش بە یەكەوە بتوانین بە ئاشتییانە بژین، مافی هەموو پێكهاتەیەك رێزی لێ بگیرێت، بتوانین بە یەكەوە وڵاتێكی خۆشتر و گەشتر و پێشكەوتووتر بینا بكەین.
لێرە من جارێكی تر داوا دەكەم با ئێمە یەكڕیزی لەسەر بنەمای یەكهەڵوێستی و ئەو ئامانجە پیرۆزەی كە هەمانە و بەرژەوەندیی باڵای گەل و هەرێمەكەمانە، لەسەر ئەوە یەكڕیز بین. ئێمە بێین بەیەكەوە بیر لەوە بكەینەوە چۆن مافی ئەو خەڵكە دابین بكەین. كێشەی ئێمە تەنیا كێشەی مووچە نییە، ئێمە كێشەی نەتەوەیی و كێشەی خاكمان هەیە. دەبێ هەموو ئەو مافانە دەستەبەر بكەین. دڵنیاتان دەكەمەوە ئێمە لە خزمەتی ئێوە دەبین و بە هیچ جۆرێك واز لە هیچ مافێكی دەستووریی ئەم خەڵكە ناهێنین، بەردەوامیش دەبین بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشە و قەیرانانەی ئێستا هاتوونەتە پێشەوە.
جارێكی تر من سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی و پشتیوانیی ئێوە دەكەم، چاویشمان لەوەیە خوا پشتیوانمان بێ و ئێوە پشتیوانمان بن، لە ئەنجامیشدا ئینشائەڵا سەركەوتن هەر بۆ حەقە و هەر بۆ ئێمەیە.
ئێمە هەمیشە لە وەختی خۆشیدا رەفیقمان زۆرە، لە وەختی تەنگانە و ناخۆشیدا خۆمان زۆر بە تەنیا دەبینین، تەنیا خەڵكی كوردستانمان لەگەڵە، ئەمەش بۆ ئێمە لە هەموو هێزێك زیاتر و پشتیوانییەكی بەهێزترە بۆ ئێمە، خوامان لەگەڵ بێ و ئێوەمان لەگەڵ بێ، منەتی كەس هەڵناگرین. هەر بۆ ئەمەش تا ئێستا هەرچی بڕیارمان داوە كە سەخت بووە، پیاوی تەنگانە كەم لەگەڵ ئێمە وەستاوە. سبەی ئێمە بڕیارێك دەدەین، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان هەیە، من دڵنیام هەموو لایەك دەبێ بە شەریكی ئەو بڕیارەی كە سبەینێ دەیدەین، چونكە بڕیارێكە لە بەرژەوەندیی ئەم خەڵكەدا دەبێت.