سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئەمساڵ ھیچ ئاھەنگ و رێوڕەسمێك بەبۆنەی جەژنی قیامە لە ھەرێمی كوردستان ناكرێت

بەهۆی مەرسوومی لەسەر کارلابردنی پاتریارکی کلدانەکان لەلایەن سەرۆككۆماری عێراقەوە، بڕیاردراوە ئەمساڵ هیچ ئاهەنگ و رێوڕەسمێک بەبۆنەی جەژنی قیامە لە هەولێر بەڕێوەنەچێت.

وەكو پشتیوانییەك بۆ پاتریاركی كلدانەكان؛ كەنیسەی كلدانی لە ھەولێر، رایگەیاند، بەهۆی مەرسوومی لەسەر کارلابردنی پاتریارکی کلدانەکان بڕیاردرا ئەمساڵ هیچ ئاهەنگ و رێوڕەسمێک بەبۆنەی جەژنی قیامە نەگێڕن و ئەم بڕیارەش تەنیا کلدانەکان دەگرێتەوە.

پاتریارکییەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە، کاردیناڵ لویس ساکۆ کە ماوەی شەش مانگ دەبێت لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە مەرسوومی کۆماریی راسپاردنی لێ کشێندراوەتەوە، وەکو پاڵپشتییەک بۆی سەرجەم ئاهەنگەکانی تایبەت بە جەژنی قیامە هەڵدەوەشێننەوە، بۆیە رۆماڵی میدیایی و پێشوازی لە بەرپرسان ناكرێت، بەڵكو تەنیا نوێژ دەکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، پاتریارک نە کەسی کوشتووە، نە پارەی گشتی دزیوە، نە میلیشیای لە دەرەوەی یاسا دروستکردووە، هیچ ئاشووبێکی تایفیشی دروستنەکردووە، بە پێچەوانەوە رۆڵی لە بەرگریکردن لە هاووڵاتیان هەبووە. ئاماژە بەوەش دراوە، سەرۆككۆمار بەبێ پاساوی یاسایی، بەڵکوو زیاتر بۆ ئارامکردنەوەی لایەنێکی سیاسی ناسراو ئەو كارەی كردووە.

رۆژی 3ی تەممووزی 2023، مەرسوومی ژمارە 31ی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە 147ی ساڵی 2013ی راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.

جەژنی قیامە، جەژنێکی کریستیانەکانە و گوزارشت لە زیندووبوونەوەی مەسیح دەکات و زۆربەی کات دەکەوێتە یەکەم یەکشەممەی مانگی نیسان، بۆ ئەمساڵ بڕیارە لە 31ی ئادار كرستیانەكان جەژنەكە بكەن کە رێڕەوی رۆژووگرتنی گەورە و سەردەمی قوربانیدان و قوربانی ئازار و رەنجە لەگەڵ مەسیح.