پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كۆمیسیۆن وادەی كۆتایی خۆتۆماركردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم لە ئاگادارییەكدا وادەی كۆتایی خۆتۆماركردنی كاندید و هاوپەیمانیەتییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند.

كۆمیسیۆن رایگەیاند: سەرجەم حزب و كەس و لایەنەكان كە دەیانەوێ خۆیان تۆمار بكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەتوانن تا كۆتایی ئەم هەفتەیە كاری تۆماركردن ئەنجام بدەن.

راشیگەیاند: كۆتایی دەوام لە رۆژی پێنجشەمی داهاتوو رێكەوتی 28/3/2024 دوا وادە دەبێت بۆ پێشكەشكردنی هاوپەیمانیەتی و پارتی سیاسی و كاندیدەكان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2024.

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەختیشی كردەوە كە دوای ئەم وادەیە كاتەكە درێژ ناكرێتەوە بەهۆی پابەندبوونیان بەو خشتانەی كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دانراون.

كۆمیسیۆن لە رۆژی 5ی ئاداری رابردووەوە دەرگای خۆتۆماركردنی بەڕووی لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان كردبووەوە بۆ خۆتۆماركردن.

كۆمیسیۆن رایگەیاندبوو كە پڕۆسەی خۆتۆماركردنەكە لە فەرمانگەی كاروباری پارت و رێكخراوە سیاسییەكان لە بەغدا یاخود نووسینگەی هەڵبژاردن لە پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 3ی ئەم مانگەدا فەرمانی هەرێمی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان واژۆ كرد و بەگوێرەی فەرمانەكەش هەڵبژاردن لە رۆژی 10/6/2024 بەڕێوە دەچێت