یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

هەڵوێستەکانی پارتی گۆڕانکاریی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت

بەیاننامە شەش خاڵییەکەی پارتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێ کەوتەوە و، بەگوتەی چاودێران و لایەنە سیاسییەکان، بە کشانەوەی پارتی لە حکوومەت و بەشدارینەکردنی لە ھەڵبژاردن عێراق دەکەوێت.

بەدرێژایی مێژوو پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردن نەترساوە، لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە لە سەرجەم ھەڵبژاردنەکان زۆرترین دەنگی بە دەستھێناوە و یەکەمی بێ ڕکابەر بووە، کشانەوەی پارتییش مەبەست لێی ترس نییە، بەڵکو ناچیتە ھەڵبژاردنێک کە بە بڕیارێکی نادەستووری دادگەی نائیتحادی لەژێر سایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بکرێت. سەرۆک بارزانی، دەڵێت: ئامادەی ھەڵبژاردنن، بەڵام ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە و دوور لە دەستتێوەردانی دەرەکی.
ھەرێمی کوردستان، ھەرێمێکی دەستووری و فیدراڵییە لە عێراقی نوێدا، حکوومەت و پەرلەمانەکەی بەر لە دامەزراندنی ئەو عێراقە نوێیە دامەزران و لەناو دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق دان بە ھەموو ئەو یاسانە دانراوە کە بەر لە ٢٠٠٣ دەرچوونە، بەڵام ئێستە دادگەی نائیتحادی، زیادەڕۆیی لە دەستەڵاتەکانی دا کردووە و لەبری دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر سیستەم و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات.
عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەرەو ھەڵدێر و لەناوچوون ھەنگاو دەنێت، چونکە ھەر سێ بنەمای ھاوبەشی، سازان و ھاوسەنگی نەماون، عێراق ڕووی لە مەرکەزیەت و تاکڕەوی کردووە، ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان پێکھێنەرەکانی حکوومەتی ئێستە کراوە وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت، ھەر بۆیە پارتی ھۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر لایەنە پێکھێنەرەکانی حکوومەت دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق و خاڵەکانی پێکھێنانی حکوومەت جێبەجێ نەکەن لە پرۆسەی سیاسی بەردەوام نابن.
شرۆڤەکارانی سیاسی، پێیانوایە ھەڵوێستەکانی پارتی لەسەر پرسی ھەڵبژاردن گۆڕانکاری دێنێتە ئاراوە و پارتیش وەکو حیزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق بابەتی کشانەوەی پرۆسەی سیاسی عێراق بەرەو دووڕیانێکی نادیار دەبات، ھەر بۆیە بەوردیی چاودێری ھەنگاوەکانی پارتی دەکرێت.
د.عیرفان عەزیز، مامۆستای زانکۆ، دەڵێت: لە ھەڵبژاردنی ١٩ی٥ی ساڵی ١٩٩٢ کە یەکەم ھەڵبژاردن کرا لە ھەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان تا دواین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٠ی١٠ی٢٠٢١ ھێزی یەکەم بووە، پارتی ھەڵبژاردن دوای ھەڵبژاردن دەنگەکانی لە ھەڵکشان بووە، بۆیە ئەم ھەڵوێستەی پارتی، بە ھیچ شێوەیەک پاشەکشە نییە لە بژاردەی دیموکراسییانە، چونکە ئەو ئامارانەی ھەمانە پێمان دەڵێت چی کراوە و پارتی لە ڕابردوودا چۆن بووە، ئەوەی پارتی جیاکردووەتەوە لە ھەڵویستەکانی ئەوەیە پارتی بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە ناچێتە ھەڵبژاردنێکەوە کە بە یاسایەکی نادەستووری و سەپێنراو بکرێت، پارتی ھەموو کات ئامادەی ھەڵبژاردنە ئەگەر بەپێی یاسایەکی دەستووری و عادیلانە بکرێت، پارتی زۆر متمانەی بە خۆی و جەماوەرەکەیەتی ئیستەش ئەو مەترسییەی پارتی تێی گەیشتووە ئەوەیە، ھەنگاوەکان بە ئاراستەی بچووککردنەوە و لە قالبدانی قەوارەی کوردستان دەستی پێکردووە، بە دوو ڕێگا، یەکەم: لە ڕێگای بڕیارەکانی دادگەی نائیتحادی بۆ ئەوەی لە پێگە و مەکانەتی حوکمی پارتی بدات. دووەم لە ڕێگای دەستکاریکردنی پێکھاتەی کۆمیسیۆن، لەوەی ناوەندی باڵای کۆمیسیۆن دەبرێتە بەغدا و لەوێشەوە یاری بە دەنگەکان بکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەموو لایەنێکەوە لەگەڵ کردنی ھەڵبژاردنە، ئێستەش ھێزی یەکەمە لە کوردستان و ھیچ گومانێک لەوەدا نییە، بەڵام پارتی دەیەوێ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێ گەرد بکرێت.
د. زریان جەبار، شرۆڤەکاری سیاسی، گوتی: ئەگەر پارتی بەشداری ھەڵبژاردن نەکات، ئەوا گرفت بۆ پرۆسەکە دروست دەبێت، ئەگەر ئەو مەرجانەی کە داوا دەکات جێبەجێ نەکرێن، بەدڵنیایەوە ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان شکست دێنێت، عێراق دۆخەکەی زۆر ناجێگیرە، پارتی سەنگێکی گەورەی ھەیە لە عێراق، حسابی تایبەتی بۆ دەکرێت، بۆیە کشانەوەی پارتی لە پرۆسەی سیاسی عێراق، ئاستەنگ و کێشەی گەورە بۆ عێراق دروست دەکات تا ئاستی ڕووخانی ئەو حکوومەتە.
ھەڵوێستەکانی پارتی لەسەر بابەتەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بووەتە ڕۆژەڤی گەرمی شەقامی سیاسی کوردستان و عێراق. ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، گوتی: پارتی خاوەن بڕیار و مێژووە، ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ ناکات، پارتی یەکەمین حیزبە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە دوای ٢٠٠٣ داوای دیموکراسی و مەدەنی دەکات.
ئەو چالاکوانە، ئاشکراشی کرد: بڕیاری پارتی لەبارەی بەشدارینەکردنی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ھاوپەیمانان و نەیارانی ئەو پارتە لە بەغدا و لە ناوچەکە ناچار دەکات، ناڕەزایەتییەکانی پارتی بەرانبەر بە بڕیارەکانی دادگەی نائیتحادی لەبەرچاو بگرن، ھەموو کات ھەڵوێستەکانی پارتی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەوە لە لایەن یار و نەیارەوە بە گرنگییەوە سەیر کراوە، دوایین ھەڵوێستیشی لەسەر پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژینگەی سیاسی و بابەتی کردنی ھەڵبژاردنەکانی وەک ئەوەی دەگوتراو پێشبینی دەکرا پێچەوانە کردەوە.
ھیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، کڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتییە لەوەی پارتی ڕادەستی خواست و ئیرادەی بڕیارەکانی دادگەی نائیتحادی نابێت کە پێشێلکاری ئاشکرا و ڕوونی بەرامبەر دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق و ھەرێمی کوردستانی تێدایە.
ھیوا گەیلانی، ئاماژەی بەوەش کرد: ھەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەیەکی حیساب بۆ کراون لەسەر ئاستی ھاوکێشە عێراقی و ھەرێمی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بۆیە ھەر بڕیارێکی پارتی کاریگەری بەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق دەبێت.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، باسی لەوەش کرد: بڕیارەکەی پارتی کاردانەوە و دەنگدانەوەی عێراقی و عەرەبی و جیھانی بەدوای خۆیدا ھێنا، دادگەی نائیتحادی لە بڕی چارەکردنی کێشەکانی عێراق، بووەتە ھۆکاری دروستبوونی کێشەی جۆراوجۆر بەتایبەتی لە دژی ھەرێمی کوردستان