سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی، كلیلی 117 شوقە بەخشرایە زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی سنووری پارێزگای دهۆك.
پارێزگای دهۆك بڵاوی كردەوە: ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم لەسەر راسپاردەی سەرۆك مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی فەرماندە مەنسور بارزانی و سەربەست لەزگین بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارێزگای دهۆك و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك و بەرپرسانی دیكە، كلیلی 117 شوقە بەخشرایە ئەو هاووڵاتییانەی كە خانوو و ماڵەكانیان لە نزیك روباری هشكەروی زیانیان بەركەوتبوو.
پارێزگای دهۆك ئاماژەی بەوە دا كە ئەمە قۆناغی یەكەمی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان بوو و لە رۆژانی داهاتووش قۆناغی دیكەی قەرەبووكردنەوەكان بەردەوام دەبێت.
رۆژی سێشەمی رابردوو شەپۆڵێكی بارانبارین رووی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كرد و بەهۆی زۆری بارانبارینەوە لافاو لە چەند گەڕەكێكی سنووری پارێزگای دهۆك دروستبوو و زیانی بە چەندان خانوو و ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان گەیاند.
هەر دوای لافاوەكە، سەرۆك بارزانی بڕیاری دا قەرەبووی سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە بكرێتەوە كە خانوو و ماڵ و حاڵیان ژێر ئاو كەوت و زیانیان بەركەوت.