چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

مەسرور بارزانی: بەرگریى لە ماف و دەستكەوت و قەوارەی كوردستان دەکەین و ڕووبەڕووی ستەم و بێدادی دەبینەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 3/20، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە باڵیۆز و کونسولی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کەڕنەڤاڵی جەژنی نەورۆز لە شارۆچكەی ئاکرێ بەڕێوە چوو.

سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا، وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، ئاماژەی بەوە دا “پێمان خۆش بوو كە ئەمساڵ بێینە ئێرە، تاوەكو لە ساڵەكانی داهاتوو ئاكرێ ببێتە ناوەندی پیرۆزكردنی نەورۆز لەسەر ئاستی كوردستان و جیهان.

دەقی وتارەكەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبوانی هێژا

میوانانی قەدر گران

ئێوە گەلێك بەخێر هاتن بۆ ئاكرێ، بۆ ناوەند و پایتەختی نەورۆز. نەورۆزی هەمووتان پیرۆز بێت.

ئەوە چەندین ساڵە گەنج و لاوانی ئاكرێ مەشخەڵ هەڵدەكەن و بەسەر چیا دەكەون و نەورۆز لێرە لە ئاكرێ پیرۆز دەكەن كە لە هیچ جێیەكی دیكەی دونیادا ئەم بۆنەیە وەك ئاكرێ و بەمشێوەیە پیرۆز نەكراوە، بۆیە ئێمە پێمان خۆش بوو كە ئەمساڵ بێینە ئێرە، تاوەكو لە ساڵەكانی داهاتوو ئاكرێ ببێتە ناوەندی پیرۆزكردنی نەورۆز لەسەر ئاستی كوردستان و جیهان.

پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی كوردستان، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەل و نەتەوانەش دەكەم كە نەورۆز پیرۆز دەكەن.

جێی خۆیەتی من لەم دەرفەتەدا سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو بنەماڵانە بكەم كە دوێنێ بەهۆی باران و لافاو لە دهۆك و زاخۆ گیانیان لەدەست دا، هیوادارم خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە كەسوكاریان ببەخشێت. گەلێك كەسیش ماڵ و موڵكیان زەرەر و زیانی پێكەت، من حەز دەكەم پێیان بڵێم كە ئینشائەڵا خوا دەرفەت بدات، ئێمە قەرەبوویان دەكەینەوە و ئەوەی پێمان بكرێت بۆ ئەوەی ئەو زەحمەتی و ئازار و ناخۆشییەی كە پێیانگەیشتووە و باری سەرشانیان سووك بكەین.

جێی خۆیەتی سوپاسی خەڵكی كوردستان بكەم كە بەڕاستی لەم ماوەیەی ڕابردوودا، گەلێك خۆڕاگر بوون بەرامبەر بە ناخۆشیی ژیان، بە تایبەتیش نەبوونی مووچە و بودجە و گەلێك ناخۆشیی دیكە كە هاتوونەتە پێشەوە، هەرچەندە گرفتی ئێمە بەس مووچە نییە، ئێمە داخوازی و ڕێباز و خاك و ڤیانی ئێمە گەلێك لە مووچە زیاترە، بەڵام ئەوە ژیانی خەڵكی پێوە گرێدراوە، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە تاوەكو ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت. هەرچەندە دەستی زۆر خراپ هەبوون بۆ تێكدانی بابەتی نەناردنی مووچەی خەڵكی كوردستان، جێی خۆیەتی من سوپاسی ئەوانە بكەم و دڵنیایی بدەم كە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدڕاڵ لە گفتوگۆداین تاوەكو ئەم بابەتە چارەسەر بكەین، وەكو پێی گوتووین كە ئینشائەڵا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چارەسەر دەکرێت و هیوادارم ئەم بابەتە چیدی نەبێتە کێشە و گرفت بۆ خەڵكی كوردستان

نەورۆز ڕۆژێكی نەتەوەییە، ئێمە لەم ڕۆژەدا جارێكی دیكە پەیمان بە خوای خۆمان و خوێنی شەهیدانی خۆمان و پێشمەرگەی خۆمان و خەڵكی كوردستان دەدەین كە ئێمە بەرگری لە ماف و دەستكەوتەكانی خەڵكی خۆمان بكەین، لە قەوارەی كوردستان بكەین، ڕووبەڕووی ستەم و بێدادی و نادادپەروەری و گەندەڵی دەبینەوە و لەسەر ئەو پەیمانە بەردەوام دەبین.

نەورۆز ڕۆژێكی نوێیە، دەستپێكێكی نوێیە، ساڵێكی نوێیە، بەڵام بۆ ئێمە نەورۆز ژیانێكی نوێیە و هیوادارم ئەمڕۆ ببێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو خۆشی و دەستكەوتی زیاتری بۆ گەلی ئێمە تێدا بێتە دەست.

من جارێكی دیكە سوپاسی هەمووتان دەكەم و نەورۆزتان پیرۆز بێت.