ڕائیب جادر – هەولێر
لە ١٦/٣/١٩٨٨ ڕژێمی بەعس شاری ھەڵەبجەی کیمیاباران کرد و زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتی ئەو شارە شەھید بوون و زیاتر لە دە ھەزار کەسیش برینداربوون. پارێزگاری ھەڵەبجە، دەڵێت: حکوومەتی عێراق تا ئێستە ھیچی نەکردووە بۆ خەڵکی ھەڵەبجە و پێویستە بیسەلمێنێت جیاوازی ناکات لە زاخۆوە تاوەکو بەسڕە.
تا ئێستە شوێنەواری کیمیا بەسەر جەستەی خەڵکی شارەکەوە دیارە و برینی زۆر لە بەرکەوتووان ساڕێژ نەبووە و بە دەست ئازارەوە دەناڵێنن، تائێستە بە دەیان بەرکەوتووی کیمیاباران برینەکانیان چارەسەر نەبووە و ھەندێکیان بەردەوام داو و دەرمان بەکاردەھێنن و بۆ چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن، کە ئێستە زیاتر لە چوار سەد بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە ھەڵەبجە بەردەوام چارەسەر وەردەگرن.
ڕۆژی ١٦ی مانگ، لە شاری ھەڵەبجە و تەواوی شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان یادی سی و شەش ساڵەی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە کرایەوە، بۆردومانکردنی ھەڵەبجە لە چوارچێوەی ئەو ھێرشانەدا بوو کە ڕژێمی بەعس لە عێراق لەسەر ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێکردبوو لە چوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفال و ڕاگواستنی خەڵکی گوندەکانی کوردستان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان کە حکوومەت لە نزیک شارەکان دروستی کردبوو.
کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ تا بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر، ھێزە ئاسمانییەکانی عێراق پازدە جار شاری ھەڵەبجەیان بۆردومان کرد، لەھەر جارێکدا نزیکەی دە فڕۆکە بەشدارییان لە بۆردومانکردنەکەدا کرد.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە نۆی تشرینی یەکەمی٢٠٠٥ ئەنجوومەنی حوکم لە عێراق بە یاسای ژمارە دە دادگەی باڵای تاوانەکانی لە عێراق پێکھێنا بۆ دادگە کردنی سەرانی ڕژێمی بەعس، دادگەکە پەنجا و پێنج کەسی وەک داواکراوی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی لە عێراقدا دەستنیشانکرد و تۆمەتبارانی کیمیابارانی ھەڵەبجەش لەنێویاندابوون.
یەکەم دانیشتنی دادگەش لەسەر کەیسی ھەڵەبجە لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ کرا و لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دادگە کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند و بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ عەلی حەسەن مەجید دەرکرد.
لە ڕۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دوای ھەشت ڕۆژ لە بڕیارەکەی دادگە، سزاکەی سەر عەلی کیمیایی جێبەجێکرا و لە سێدارەدرا، دواتریش لە ساڵی ٢٠١٢ ئەو پەتەی عەلی حەسەن مەجیدی پێ لەسێدارەدرا ھێنرایەوە بۆ ھەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی شەھیدانی ھەڵەبجە دانرا.
دواتریش پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی ١٧ی ئاداری ٢٠١١ لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بە بڕیاری ژمارە ١٢ کەیسی تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام تا ئێستە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دانیشتووان و قوربانییانی ھەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نەکراوەتەوە کە ئەرکێکی یاسایی حکوومەتە و دەبوو بیکات.
ژمارەی دانیشتووانی ھەڵەبجە سەد و بیست ھەزار کەسە، پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکھاتووە، قەزای ناوەندی ھەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
بڕیاری بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە ڕێکەوتی ١٣-٣-٢٠١٤ لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی ھەرێمی کوردستانەوە پەسەند کرا و پاشان ڕێکەوتی ١٦-٣-٢٠١٤ لەلایەن سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی ھەرێمی کوردستان، بە فەرمی ئیمزا کرا و ھەڵەبجە وەک چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان بە فەرمی ناسێندرا بۆ ئەوەی لە ڕووی ئیدارییەوە خزمەتی زیاتری دانیشتووانی شارەکە و دەوروبەری بکرێت، ئێستە بەشێکی زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و دامەزراوەی دیکە لە شارەکە کراونەتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٣ نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بوو، ڕەشنووسی یاسای بە پارێزگاکردنی ھەڵەبجەی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کرد، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکرد.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری ھەڵەبجە، لە ٣٦ەمین ساڵیادی کارەساتی ھەڵەبجەدا ڕایگەیاند، لە کیمیابارانکردنی خەڵکی ھەڵەبجەدا زیاتر لە پێنج ھەزار مرۆڤی بێتاوان گیانیان لەدەستدا، ئایا حکوومەتی عێراق تا ئێستە چی کردووە و چیمان بۆ دەکات؟ بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت لە زاخۆوە بۆ بەسڕە جیاوازی نییە، یاخود لە ئاوێسەرەوە بۆ فاو جیاوازی نییە.
پارێزگاری ھەڵەبجە، دەشڵێ: دەبێت دەستەڵاتی سیاسی حکوومەتی فیدڕاڵ بھێڵێت کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکان و تۆڕەکانی ھەڵەبجە و حیزبی سیاسی داوای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بکات، دەبێت لە ٣٧ ساڵەی یادی ھەڵەبجەدا کە دەکاتە ٢٠٢٥ حکوومەتی عێراقی خۆی ھەڵەبجە بکات بە پارێزگا.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری ھەڵەبجە، ئاشکراشی کرد: ئەگەر ھەڵەبجە ببێت بە پارێزگا ئێمە وەکو ھەڵەبجە دەبینە خاوەنی بودجە و پڕۆژەی خۆمان، دەبینە خاوەنی کورسی لە کۆمیسیۆن و نوێنەریش لە پەرلەمانی عێراق، پەیاممان بۆ حکوومەتی عێراق، ئەوەیە بوون بە پارێزگامان پەسەند بکات.