مەترسیی لافاوی زیاتر هەیە و، رێڕەوی ئاوی هەولێریش چاک دەکرێتەوە

لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا، دوو جار هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لافاو گرتیەوە. ئەمجارەیان ١٢ کەس بەهۆی لافاوەکەوە بوونە قوربانی. کەمبارانی لە لایەک و لافاو و بارانی كتوپڕیش نیشانەی سەرەکیی گۆڕانی کەش و هەوایە کە عێراق پێنجەم کاریگەرترین وڵاتی جیهانی ژێر ئەو گۆڕانکارییانەیە.

لە بەیانی رۆژی هەینیەوە خەڵكی دارەتوو و چەند گەڕەکێکی هەولێر کەوتنە ژێر قوڕ و لیتەی لافاو. لە سەعات ٢ـی شەوەوە لافاو هەستا و تیمەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو لەسەر پێ بوون، بەڵام بەهۆی لافاوەکە ١٢ کەس گیانیان لەدەست دا کە یەکێکیان منداڵێكی ١٠ مانگان بوو.
سەرکەوت تەحسین، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند: “هەڵمەتی گەڕان و پاککردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەردەوامە، بەشێكی گەڕەکەکان زیانی زۆریان بەر کەوتووە.
رۆژی هەینی دوای لافاوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی کرد. پێش ئەوەش لە تویتێکدا رایگەیاند: “زۆر نیگەرانین بە بوونی زیانی گیانی لە لافاوەکەی هەولێردا. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە زنجیرە تویتێکدا هاوشانی خەڵك بوو و رایگەیاند: “سوپاس بۆ خەڵکی هەولێر بۆ خۆڕاگریتان. بەیەکەوە ئه‌م سه‌ختییه‌ تێ دەپه‌ڕێنین.
هەر رۆژی هەینی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕییەك ملیار دیناری تەرخان کرد بۆ هاوکاریی لێقەوماوان و زیانبەرکەوتووانی لافاوەكە؛ دوای ئەوەش مستەفا کازمی پەیوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کرد و رایگەیاند: “هەر رێکارێک پێویست بێت بۆ هاوکاریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەیگرینە بەر.
بەپێی ئاماری فەرمی، ١٢ کەس لە لافاوەکەی هەولێر گیانیان لەدەست داوە. چەند کەسێكی بیانییشیان لە نێودا بووە؛ تەنیا لە شارۆچکەی قوشتەپە ٦ کەس بە لافاوەکە گیانیان لەدەست دا، ئەوانی دیکەش لە دارەتوو بوون .
دیمەن و وێنەکانی لافاوەکە دەری دەخات کە زۆر بەهێز بووە، دەیان ئۆتۆمبێل کەوتنە ژێر ئاوەوە و ئاو بردنی. دوای لافاوەکە هەم لە پارێزگاکانی دیکەوە هەمیش لە عێراقەوە هاوسۆزی و داوای هاوکاری گەیشتە هەرێمی کوردستان.

مەترسیی لافاوی زیاتر ھەیە
تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە لە هەرێمی کوردستان باران هەر دەبارێت، سەرەڕای ئامادەباشیی تیمەکان و شارەوانی، بەڵام هێشتا ترس هەیە لە لافاوی دیکە. کەشناسیی عێراق و هەرێمی کوردستان خەڵك ئاگادار دەکەنەوە کە مەترسی هەیە لە ناوچەی دیکەشدا لافاو دروست بێت بۆیە دەبێت ئامادەکاری بۆ پاراستنی خەڵك بکرێت و رێڕەوی ئاوی هەولێریش چاک بکرێت بۆ ئەوەی لافاوی دیکە هەڵنەستێ.
کەشناسیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێ: “مەترسیی لافاو لە ناوچەی دیکەی وڵات هەیە، بەهۆی خراپیی رێڕەوی ئاو و ئاوەڕۆ لە چەندین ناوچەی عێراق. عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر دوو شەپۆلی بارانباریندان هەردووکیان نزمەپاڵەپەستۆن یەکێکیان لە دەریای ناوەڕاست و ئەوی دیکەش لە دەریای سوورەوە. بارانێکی زۆر ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە و تاوەکو ئەو کاتەی شەپۆلی بارانبارین لە پێنجشەممەدا کۆتایی دێت.
لە لافاوەکەی رۆژی هەینیدا 12 کەس مردن کە تەرمی دووانیان نەدۆزراوەتەوە، تەنیا لە قوشتەپە زیاتر لە 50 سەر ئاژەڵ تێدا چوون و نزیكەی 200 ماڵ و 50 دووکان ژێر ئاو كەوتوون، سەدان ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەر کەوتووە.
لافاوەکەی ئەمجارە وەکو ئەوەی گوندی کۆری و زێڕین قوڕ و لیتەی زۆری لەگەڵ نییە، بەڵام زیانی گیانیی زۆر بوو .

ھەواڵی زیاتر