سەرۆ قادر
بەشی یەكەم
باس لەوە دەكەم هەر لە بنەڕەتدا مرۆڤ چۆن بیروباوەڕەكانی خۆی دروست دەكات؛ لە چ ڕێگایەكەوە بیروباوەڕەكانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت كە پێی وابێت ڕاستن. لە بنەڕەتدا تەرازووی ڕاستی و هەڵەبوونی باوەڕ لای مرۆڤ وەكوو تاكێك بەتەنێ چۆنە؟ تاوەكوو بتوانێت لە ژیانی كۆمەڵایەتیی خۆیدا، لەگەڵ مرۆڤەكانی تر، بە پشتڕاستییەوە بڵێت من باوەڕێكم هەیە و زانیارییەكم هەیە، كە لەگەڵ تۆ دەیگۆڕمەوە و گفتوگۆی دەكەم، بۆ ئەوەی ڕات پێ بگۆڕم، وە پێم وایە ئەوە ڕاستە، یان لەوە زیاتر ئەگەر پەرە بستێنێت، كاتێك كە حزب و ڕێكخراو و تاقمی كۆمەڵایەتی بۆ ئامانجی دیاریكراو دروست دەبن، دەبێت پێش هەندێ كەسانێك هەبن باوەڕەكانیان ساغ بێتەوە، دەنا ئەو پەیوەندییە دروست نابێت، وە ئەوەی پێی دەگوترێت بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی بۆ ئامانجێكی دیاریكراو، ئەویشیان دروست نابێت.
ئێمە هەموومان مرۆڤین، وە سروشتی مرۆڤ لە سرووشتدا، وەكوو یەكە، كە گەورە دەبین، جیاوازییەكانمان لەوەدایە كە وەكوو تاكێك هەڵگری هەموو توانایی و خەسڵەتە گشتییەكانی مرۆڤین، بەڵام وەكوو كەس بەتەنێ مرۆڤێكی دەگمەنین، بەتەنێین، تاكێكی جیاوازین لە هەموو ئەوانی دیكەی كەوا هەنە.
ئەو شتە هاوبەشانەی كە مرۆڤی لەسەر دروست دەبێت لە سروشتدا، زۆر گرنگە مرۆڤ لەم زەمانەدا كە ساغ بووەتەوە، زانست ساغی كردووەتەوە، پشتڕاست كراوەتەوە، لە بواری ڕۆشنبیری بیزانین، ئینسان جاری یەكەم تێبگات خۆی وەكوو مرۆڤ چۆن دەژیەت، چۆن كار دەكات، چۆن پەیوەندی دەكات، چۆن ڕا دروست دەكات و دەگۆڕێت. چۆن ڕا بە لایەنی بەرانبەر دەگۆڕێت؟ چ ڕێسا و بنەمایەك هەیە كە من وەكوو من دروست دەكات؟ ئەو ڕێسایە لای تۆش و هەمووان هەیە و بە هەمان شێوە كار دەكات. ئەوە باشترین بەڵگەیە كە ئێمە هەموومان لەسەر ئەم زەوییە بەرابەرین. ئەو سیستەمە سروشتییەی كە ئێمەی لێ دروست بووین، وەكوو یەكە، هەر بۆیەش كاتێك دەچینە لای دكتۆر، دكتۆری تایبەتیمان نییە، دەرمان و دیاریكردنی نەخۆشی و ئەشیعە بۆ هەمووان وەكوو یەكن.
ئەوە نیشانی دەدات كە لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە مرۆڤ لە سروشتی خۆیدا بەرابەرە و هیچی لەوەی دیكە زیاتر نییە. لە پێگەیشتن و پەرەسەندنی فەردیدا، تواناییەكانی خۆی گەشە پێدەدات و لە بوارێكی تایبەتی دەتوانێت كێبەركێ بكات و پێشبڕكێ بكات، لە یەكێكی دیكە بەتواناتر بێت، یان بێتواناتر بێت. بەتوانایی و بێتوانابوون لە بوارێكی دیاریكراویش نیشانەی ئەوە نییە پێگەی مرۆیی ئەو كەسە لە خوارترەوەیە.
لەو كۆمەڵگایانەی كە پێیان دەگوترێ “كۆمەڵگەی نەریتی” یان “تەقلیدی”، وەكوو ئەو كۆمەڵگەی ئێمە تێیدا دەژین، هەموو باوەڕەكانمان، پەروەردەمان و ئەو ڕەفتارانەی كە دەبێ بیكەین لەسەر بنەمای كۆمەڵێ چیرۆكی ناو خێزان و گەڕەك و عەشیرەت و لەم زەمانەشدا خوێندنی قوتابخانە دروست دەبێت. ئێستا ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیاشی هاتووەتە ناوەوە. بەشی هەرە هەرەزۆری ئەو باوەڕانەی ئێمەی لەسەر گەورە دەبین لە منداڵییەوە، باوەڕی زۆر ڕاست نین واتا مرۆڤ بە پشتڕاستییەوە دەتوانین بڵێین باوەڕی هەڵەن، چونكە مرۆڤ لە ڕۆژی یەكەم لەدایك دەبێت و دێتە ئەم دنیایە، هەموو دەوروبەری، ڕەفتاری دایك، ئاووهەوا، نەخۆشی، سەلامەتی، قەرەباڵغی، جۆری مامەڵە لەگەڵ منداڵ، كەسایەتیی ئەو منداڵە دروست دەكەن؛ وە سیستەمی دەماریی(عەسەبی) ئەو منداڵە جێگیر دەبێت.
ئەگەر ڕەفتار و بارودۆخ باش بێت، جێگیربوونی سیستەمی دەماری بە باشی دەبێت، ئەگەر ڕەفتاری دایك و دەوروبەر خراپ و سەخت بن، نەخۆشی بۆ بێت یان هەر بارودۆخێكی دیكەی نالەبار بێت، سیستەمی دەماری ئازار دەبێنێت؛ وەكوو ئەوەیە تۆ بینایەكت هەیە، هەموو جێگەی گڵۆپەكانی و پلاكەكانی ئەو ئیشانەی كارەبایی كە لە بینایەكدا بەكاریدێنی، بەس شوێنەكانی دیاریكراون، پێكەوەبەستنی وایەری ئەم شوێنانە، یان ئێستا كە بووەتە وایەرلێسیش، لە هەر شوێنێك بە هەڵە لكانێك دروست بێت، كاری ئەو بینایە كەمییەكی تێدەكەوێت، جا لە سیستەمی دەماریی مرۆڤدا كەمییەكە لە ڕەفتاری هەڵەی مرۆڤ و باوەڕی هەڵەی مرۆڤەوە دەردەكەوێت. ئەوكاتە دەردەكەوێ كە مرۆڤ تەمەنی گەیشتووەتە 18 ساڵی و بەولاوە دەست پێدەكات.
ئەوەم بۆچی گوت؟ بۆ ئەوەی كە بڵێم ئێمە لە 18 ساڵییەوە دەستپێدەكەین، بە سروشتی حاڵ كە ئینسان دەست بە جموجۆڵ دەكات، باوەڕە پەروەردە خراپەكانی تووشی كێشەی دەكات، بۆیە ئەو بەشە لە سیستەمی مێشكی ئەو بەكار دەكەوێت كە هەڵەكان بە پێی ئەو زانیارییەی پێی دەدریت چاكیان بكاتەوە. مرۆڤ توانایی چاكردنەوەی باوەڕەكانی منداڵییەتی هەیە، لە تەمەنی 18ەوە دەستپێدەكات تا ئەوكاتەوی تەمەنی 90ساڵیش بێت، دەتوانێت بەردەوام دەستكاریی ڕەفتەی باوەڕەكانی خۆی بكات، بەڵام دەبێت زانیارییەكی باشی لەسەر سیستەمی دروستبوونی ئینسان وەكوو تاكێك هەبێت.
من ناڵێم ئەو وەكوو دكتۆرێكی دەماری بێت، یان وەكوو پرۆفیسۆرێكی زانكۆ بێت، ئەوە ئیشی ئەوانە كە دەبێتە ڕۆشنبیریی ئێمەومانان و لێرە دەیڵێینەوە، ڕۆشنبیری ئەوەیە كاتێك پشتیوانی كراوە لە ڕووی زانستییەوە، دوایی بە جۆرێك دادەڕێژرێت كە ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەدا بتوانین بەكاری بهێنین، كە توانیمان ئاوا ڕەفتار بكەین، یانی ڕۆشنبیرییەكەمان جێی باوەڕە. یانی خورافی و چیرۆك نییە. یانی ئێمە دەتوانین بەوە بینای پەیوەندیی باش بكەین؛ پەیوەندیی باش ئەنجامی باشی لێ دروست دەبێت و بەرهەمی باشی دەبێت.
بێجگە لەوە، دابونەریتی ماڵ و ناو خێزان، یان گەر لە ناو عەشیرەت مابن و لە ناو گەڕەك، باوەڕەكانی ئێمە دروست دەكەن. دوای ئەوە توانایی دایك و باوك لە خوێندەواری، ئینجا قوتابخانە و سیستەمی خوێندن، دوایی زانكۆ و سیستەمی زانكۆیی، ئەگەر لەسەر بنەمای زانستی و بە شێوەیەكی ئەوتۆ داڕێژرابن كە بزانن چۆن زانست دەگوازنەوە بۆ منداڵ و بۆ گەنج، كاتێك كە دەردەچن، ئێمە گەنجی زانامان دەبن. ئەگەر بچووكترین كەمی لەو سیستەمە لە ماڵەوە تا دەگاتە قوتابخانە و زانكۆ هەبێت، گەنجەكانمان كە گەورە دەبن، گرفتیان زۆر دەبێت لە تێگەیشتن، لە باوەڕ، وە كۆمەڵگە ماندوو دەكەن. لەو سەمینارێکدا هەبوو ڤیدیۆیەكیان نیشان دا كە قوتابیانی دەرچووی زانكۆی پزیشكی، كە سوێندی یاسایی دەخۆن، لەو جێیانەی كە سوێند بە نیشمان و خوێنی شەهیدان و بەڵێندانە بە وڵات، هیچی ناڵێنەوە، هەر دەڵێن “سوێند بە خوای مەزن”. سوێند بە خوای مەزن لە یەكەم ڕستەدا هاتووە و یەك جارە، دواتر دەبێت ئەوانەی تریشی بەدوادا بێت، تا مرۆڤ پابەند بێت بەو وەزیفانەی كە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە هەیەتی، ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە گەنجەكانمان لە زانكۆ دەردەچن، دوای زانكۆ دێنە ناو دامودەزگەكان، گەنجن، گرفتی تێگەیشتن و پەروەردەیان هەیە.
ئەو ڕێكخراوانەی كە كۆمەڵگە ماندوو دەكەن، وەكوو هەموو توندوتیژییەكانی دیكەی وڵاتی ئێمە، لە حزبەكاندا هەیە، لە تاکەكەسدا هەیە، لە گرووپدا هەیە و لە ناوچەی جیاوازدا هەن، هەمووی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پەروەردە باش نەبووە. كە پەروەردە باش نەبوو بەرهەمی پەروەردەش باش نابێت، مرۆڤ گەورەترین زیان وەكوو میللەت كە دەیكات ئەوەیە كە سامانی مرۆڤایەتییەكەی سامانێكی بێكەڵك دەبێت، سامانی بێكەڵك تەنیا ئەوە نییە بڵێی بێكەڵكە و لە گۆشەیەك دایدەنێن، سامانی بێكەڵكی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەكە وێران دەكات، چونكە خۆ دانانیشێ دەبێتە داعش، دەبێتە ئەنساروئیسلام، دەبێتە تاوانباری لێزان، دەبێتە ئازاردەر، ئیشنەكەر، جنێودەر، پێدا وەرە، هەموو ئەوانە كۆمەڵگەكە وێران دەكات.
بۆیە مرۆڤ لە نێوان دوو ڕێ، ڕێی سێیەمی نییە، یان پەروەردەیەكی باشی زانستییانەی واقیعییانە دەكرێت كە سەرەنجام ئینسانی بەتوانا دێتە ناو كۆمەڵگە، یان پەروەردەیەكی خراپی ئینسانی سەقەتی وێرانی وێرانكەر دەکرێت كە وڵاتەكەت لێ وێران دەكات، وە ئەو وێرانكردنە لەلایەن خێزانەوە دەستپێدەكات. ڕۆژانە دەبینین ئەنجامی پەروەردەی خراپ كە چۆن جاری وا هەیە لە كوشتنی ناو خێزانەوە دەستپێدەكات و هیچ مانایەكیشی نییە، لە ئازاردانی منداڵی خۆتەوە دەست پێ دەكات كە هیچ مانای نییە تا دەگاتە ئازاردانی وڵاتەكەت، بە غەیری ئەوە دەستگەكانی ڕاگەیاندن، وە ئەو ئامرازانەی زانیاری دەهێنن، دەورێكی زۆر دەبینین لەوەی دیسان من تواناییم هەبێت باوەڕەكانی خۆم ڕێكبخەمەوە یان بەرەو وێرانی پاڵم پێوەدەنێن.
لە وڵاتی ئێمە شتێك دروست بووە كە دەڵێن “دەزگاكانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا بە باشی كار دەكەن، بەڵام زانیاریی باشیان تێدا نییە، ئەمانە دەوری خراپیان هەیە”، خۆی دەوری ئامێری تەكنیكی خراپ نییە، سیستەمی بەڕێوەبردنی ئێمە لە پێدانی زانیاری و پەروەردە خراپە، بۆیە ماشێنەكە كاتێك كار دەكات خراپییت بۆ دێنێتەوە. بەڵام ئەگەر بێت و ئێمە وڵاتێكی یاسامەندی بە پەروەردەیەكی باشمان هەبێت، هیچ لە سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندن باشتر نییە، تێكەڵ بووە لەگەڵ ژیان، ژیان بەڕێوە ناچێت گەر مۆبایلێكت پێ نەبێت، ئێستا هەموو شتەكانی مرۆڤ هاتوونەتە ناو مۆبایل و ئینجا دواتر كۆمپیوتەر و دەزگەكانی دیكە. هەر لە ناسنامە و پاسپۆرتەوە تا دەگاتە هەژماری بانكی و ناوەندە زانستییەكان كە دەتوانی پەیوەندییان پێوە بكەیت و زیاتریش.
هەڵبەت ئەزموونی كەسیی مرۆڤ، مرۆڤ كە خۆی لەو پرۆسەیەدا بێت، بۆخۆی دەبێتە كاراكتەرێكی كارا ئەگەر باش پەروەردە كرابێت، ئەنجامگیریی باش لە ژیانی خۆی و كارەكانی و باوەڕەكانی دەكات. لە كۆتاییدا بەشدارییەكی باش لە دروستكردنی باوەڕی گشتیدا دەكات. ئینجا ئەو باوەڕە سیاسی بێت، كۆمەڵایەتی بێت، ئایینی بێت، یان پەیوەندی بە هەر بوارێكەوە بێت كە كۆمەڵگە پێویستی پێ هەیە. فەرهەنگ و ئایینی ئەو وڵاتەش دەورێكی زۆریان هەیە لەوەی كە باوەڕی ئێمە دروست بێت. فەرهەنگ بریتییە لەو باوەڕ و دابونەریتانەی لە باب و باپیرمانەوە بۆمان هاتووە. بۆ هەموو دونیای پێشکەوتوو فەرهەنگی كۆن، وەكوو كەلەپوور وەردەگرن، بەڵام پرسیاری لەسەر دەكەن، ئەم چیرۆكە كە ئەم باوەڕانەی تێدایە، ئەم ڕەفتارانە بۆ من جێگیر دەكات، بەر لە 200-300 ساڵەوە هاتوون، كەسانی ئەوكات خوێندەوارییان چەند بووە؟ زانیارییان چەند بووە؟ ئایا ئینسانی نەزان دەتوانێ دادپەروەر بێت؟ ئینسانی نەخوێندەوار دەتوانێ ڕێنیشاندەرێكی زۆر باش بێت؟ ئایا هەڵە ناكات؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە هەمووی “بەڵێ”یە. دەبێ بزانین نەخوێندەوار بوونە. دەبێ بزانین نەزان بوونە، بۆیە بەشێكی زۆر لەو بیروباوەڕانەی فەرهەنگی و كولتووری كە دێن، ئەگەر بژار نەكرێن، بێنە ناو بیروباوەڕی ئێمە، كە گەورە دەبین، دیسان بەشداری دەكەن لە سەقەتبوونی ئێمەی مرۆڤدا. نموونەی ئەوەی كە لە سیستەمی عەشیرەتی دەڵێن “تۆ دەبی پشتیوانی برای خۆت بیت، حەق بێت یان ناحەق بێت”، ئەو هەموو كوشتوكوشتارە دەبینی ڕوودەدات لە نێوان عەشیرەتەكان لە مێژووی كۆمەڵایەتیی كوردستان، ئەوەی پێتان گەیشتووە، لە شەڕی نێوان عەشیرەتاندا، بەدوای كەون، یەك شەڕتان نایەتە بەردەم كە عادل و ڕاست و عەقڵانی بووبێت. هەمووی لەسەر شتی زۆر سادە كە دەكرا بە یەك كاتژمێر ڕاوەستان و گفتوگۆ چارەسەر بكرێت و خوێنیش نەڕژێت. كەواتە ئێمە دەبێت بە چاوێكی كراوەوە سەیری باش و خراپیی فەرهەنگی خۆمان بكەین.
بۆ ماوەی دیکەمان ئایینەكانن، ئایین دەستكاری ناكرێت؛ بەڵام ئایین دەخرێتە شوێنی خۆی، كە بریتییە لە باوەڕی كەسی. باوەڕی كەسی بۆ مرۆڤی زانا، مامەڵەیەكی عاقڵانە لەگەڵ ئەحكام دەكات. بۆ نموونە من پەیڕەوی هەر ئایینێك بم، من مسوڵمانم لە كوردستاندا، كاتێك كە حوكمێك دێت بۆ كوشتنی یەكێكی دیکە لەسەر باوەڕ، وە قسەیەك دەكەم، دەتوانم نەیكەم و لە ئایینەكەشدا دەمێنم و تەكفیر ناكرێم، دەتوانم پشتیوانی نەكەم كە ژن و پیاو سەنگەسار بكرێن، یاسا هەیە. كاریگەرییەكانی فەرهەنگ و ئایینەكان لەسەر مرۆڤی خوێندەواری عاقڵ، كاریگەرییەكی ئەرێنی دەبێت، چونكە نەرێنییەكەی لە لایەكی تر دادەنێت و دەیخاتە ناو فۆلكلۆر و مێژووی فەرهەنگیی خۆی كە لێی فێر دەبێت.