مرۆڤ لەنێوان ڕەشبینی و گەشبینیدا!

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

مرۆڤ كاتێك هیوا لەدەست دەدا، دەبێتە كەسێكی ڕەشبین، ڕەشبینی پاڵی پێوە دەنێ ببێتە كەسێكی ترسناك و بۆ ئەو خەونە وشك و برینگ و بەتاڵەی هەیەتی هانا بباتە هەر شتێكی خراپ و نەشیاو كە لەچاوی ئەودا باشترین هەڵبژاردەیە بۆ ڕزگاربوون لەو مەینەتی و ترس و هەڕەشەو قەیرانەی یەخەگیری بووەو لەچاوی ئەودا جوانترین رێگەیە بۆ تۆڵەسەندنەوە و یەكلایی كردنەوەی گرێ كوێرەی دەروونی ئەو بارودۆخەی پێیدا گوزەری كردوە بۆیە قوربانی بەخۆی دەدات و وادەزانێ بەو كارەی تۆڵەی خۆی كردۆتەوە، بە ئاواتەكانی گەیشتووە.
هەڵبەتە ڕەشبینی سڕینەوەی هەموو جوانیەكانە ئەگەر لەخەوی غەفڵەت بەئاگای نەهێنێ، مرۆڤ ئەگەر لەژیانی خۆیدا هەر سەیری سەرووی خۆی كرد تووشی ئیرەیی دێ، ئیرەیی سەردەكێشێ بۆ تاوان و گوناه و سەرپێچی و پەلكێشی دەكات كە پەنا بباتە بەر دزی و كوشت و بڕو هەندێ جار كۆتایی هێنان بەژیانی خۆی بەتایبەت ئەوانەی ورەیان بەتەواوی ڕوخاوەو و لەزەت لە خۆشییەكانی ژیان وەرناگرن تەنانەت ئەگەر ئەو كەسە خاوەنی هەموو شتێكبێ بەڵام لە دەروونەوە هەست بەئارامی نەكات، بەڵام ئەوانەی سەیری كەسانی خوار خۆیان دەكەن ئەوجا لەگەورەیی خۆیان تێ دەگەن كە ئەوەی ئەو نییەتی و لەدەستی داوە لەچاو كەسانێ هی ئەوەیە هەمیشە سوپاسگوزاربێت، مشتێك نموونەی خەروارێكە.
لە وڵاتی میسر كابرایەك دەستێكی لەدەست دابوو، بەو هۆیەوە هەستی بە پەشێوی و خەم و پەژارەیەكی زۆر دەكرد و گەلێ دڵتەنگ و ناڕەحەت بوو، هیچ شتێ هێوری نەدەكردەوە، چەند جارێ بیری خراپی بەمێشك دادەهات خۆی بكوژێ، بەڵام خۆشیەكانی ژیان وایلێدەكرد هەر زوو لە بڕیارەكەی پەشیمان بێتەوە، سەری دنیای لێ وێك هاتبۆوە، لە نامەیەكدا حاڵی نائارامی خۆی دەنووسێ و بۆ یەك لەو ڕۆژنامەكان دەنێرێ كە لەو وڵاتە دەردەچوو تا بزانێ ئاخۆ چارەسەری دەرمانی ئەوان بۆ ئەو چییە؟ كاتێك نامەكەی نارد و كەوتە چاوەڕوانی تا لەیەك لە ژمارەكان وەڵامی نامەكەیان لە گۆشەی (چاوی كۆمەڵ) دایەوە، بۆیان نووسی: مرۆڤ دەبێ هەمیشە بەهیوا و ئومێدەوە بژێ و نائومێدی لە فەرهەنگی خۆی ڕەش بكاتەوە، ورە بەرزی و هەوڵ و كۆششی مرۆڤ خەمڕەوێن و دابینكەری ئەو حەزو ئارەزووەیە كاتێ بەشێ لە ئەندامانی جەستەی لەدەست دەدات). كابرا بەخوێندنەوەی ئەم چەند دێڕە، ڕقی هەستا و لەجێوە ڕۆژنامەكەی جڕوپڕ كرد و دڕاندی، هەر ئەو تووڕەییە پاڵی پێوە دەنێ بچێتە ئەو ڕۆژنامە و سفت و سۆی ئەو كابرایە بشكێنێ و پڕ جوێنی بكات كە ئەوها وەڵامی داوەتەوە. تەكسیەكی بەكرێ گرت و خۆی گەیاندە بارەگای ڕۆژنامەكە و كە دەرفەتی چوونە ژوورەوەی پێ دەدەن و دەچێتە ئەو ژوورەی تایبەت بوو بە (چاوی خەڵك)، كابرایەكی بینی لە ژوورەوە لەسەر كورسیەك دانیشتووە و هەردوو دەستی نییە و مێزێك لەپێش دەمی داندراوە، دوای سڵاوكردن، هەر بەپێوە دەپرسێ: بێزەحمەت كێ بەرپرسی ئەم لاپەڕەیە؟ ئەویش وەڵامی دەداتەوە، دەڵێ: منم، فەرموو با خزمەتت بكەم. ئەویش بەتووڕەیی و دەنگی بەرزەوە لێی پرسی: تۆ لەم لاپەڕەیە وەڵامی گرفتی هاوڵاتیان دەدەیتەوە؟ وتی: بەڵێ من وەڵام دەدەمەوە، بەڵام چونكە هەردوو دەستم نییە تا شتەكان بۆ خۆم بینووسم، نووسەرێكم لەلایە، من چی پێ بڵێم ئەوە چاپ دەكات. لێرەدا ئەویش تووڕەییەكەی دامركایەوە، وتی: من بەناوە دەستێكم نەماوە ئەوها ڕەشبینم بەرامبەر بە ژیان، بەڵام كە تۆ دەبینم سەرەڕای لەدەستدانی هەردوو دەستت ئەوجا گەشبینی و بە ڕوحیەتێكی بەرزەوە سەیری ژیان دەكەیت. ئەویش وەڵامی دایەوە: ورەبەرزی سڕینەوەی دڵتەنگی و خەمخۆری و زاڵبوونە بەسەر ئەو تەنگ و چەڵەمانەی ڕوومان تێ دەكات. لەوەوە كابرا داوای لێبوردن دەكات و پەند لەو كابرایە وەربگرێ كە هەمیشە گەشبین ببێت و ڕەشبینی لە فەرهەنگی خۆی بسڕێتەوە.

ھەواڵی زیاتر