یەک ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییە درمەکان لە غەززە تۆمار کراون

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە، ئەشرەف قودرە ڕایگەیاند کە یەک ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییە درمەکان لە غەززە تۆمار کراون و هۆشداری ئەوەی دا کە ئەگەری هەیە بەهۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکانەوە، کارەساتی مرۆیی لە غەززە ڕووبدات.

ئەشرەف قودرە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە یەک ملیۆن کەس لە غەززە، تووشی نەخۆشییە درمەکان بوون و ڕایگەیاندووە کە بەهۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکانەوە، ناتوانرێت تووشبووان بە نەخۆشییە درمەکانەوە چارەسەر بکرێن.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا، هاتووە:  ئیسرائیل بەئەنقەست دەیەوێت نەخۆشییە درمەکان لە غەززە بڵاوببنەوە، بۆ ئەوەی کارەساتی مرۆیی و تەندروستی لە ناوچەکە ڕووبدات.

هۆشداری ئەوەشی داوەکە دۆخی تەندروستی لە غەززە، زۆر کارەساتبارە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ڕێگا نەدرێت یارمەتییە پزیشکییەکان، بگەیەندرێنە غەززە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە، ئەشرەف قودرە ڕایگەیاند لە ئاکامی ئەو هێرشانەی سوپای ئیسرائیل کە لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023وە تا ئێستا بۆسەر کەرتی غەززە بەردەوامن، 364کارمەندی تەندروستی کوژراون و 269ی دیکەش برینداربوون.

باسی لەوەشکردووە کە هەر بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە تا ئێستا، 155 دامەزراوەی تەندروستی لە غەززە خاپوورکراون، هەروەها 32 نەخۆشخانە و 53 بنکەی تەندروستیش زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

ڕاشیگەیاندووە کە خەڵکی باکووری غەززە بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە و خۆراکەوە، شەڕی مان و نەمان دەکەن.

ھەواڵی زیاتر