دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای سلێمانی هەرێمی کوردستان توانیویانە، گولسون سیلگیر بەرپرسی کۆمەڵەی گەنجانی پەکەکە بکوژن.
ئاژانسی ئەنادۆلوی تورکی بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا، دەزگای هەواڵگری میت لە سنووری پارێزگای سلێمانی چاودێری جمووجوڵەکانی گولسون سیلگیری کردووە، کە ناوە نهێنییەکەی (سارا هۆگر رحا)یە و لە ناو رێکخستنەکانی گەنجانی پەکەکە و کەجەکە لە شارۆچکەی پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی چالاک بووە، تا ئەو کاتەی توانیویانە بیکوژن.
ئاژانسەکە ئاماژەیداوە، سیلگیر لە ساڵی 2011ـەوە پەیوەندی بە رێکخستنەکانی گەنجانی پەکەکەوە کردووە و لە ساڵی 2021ـەوە لە سنووری سلێمانی چالاکییەکانی ئەنجامداوە.