دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

جەواد سەلیم، پێشەنگ ‌و ڕچەشكێنی هونەرینیگاركێشانی هاوچەرخ

خەلیل عەبدوڵڵا

جەواد سەلیم، هونەرمەندێكی نیگاركێشی مەزنە، بە سەرقافڵەی هونەری نیگاركێشان‌و پەیكەرسازی هاوچەرخی عیراق دادەنرێت، لەو بوارەدا شوێن پەنجەی ڕەنگینی دیارە‌و خزمەتێكی فرەی بە هونەری نیگاركێشان‌و پەیكەرسازی كردووە.

جەواد محەمەد سەلیم ناوی تەواوی ئەو هونەرمەندەیە‌و بە جەواد سەلیم ناسراوە.
ساڵی 1920 لەشاری ئەنقەرەی توركیا لەدایك بووە، بەهۆی ئەوەی باوكی ئەفسەری سوپای عوسمانی بووە.
لە ئامێزی خێزانێكی هونەریدا بووە، باوكی خولیای نیگاركێشانی هەبووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە كۆلیجی سەربازی وانەی ڕەسمی خوێندووە، ئیدی ئەو هونەرەی لا شیرین بووە‌و بایەخی پێداوە. دایكشیشی حەزی لە ڕەسم هەبووە، بەقوڕ بووكە قوڕینەی بۆ مناڵەكانی دروستكردووە.
بەهۆی ئەوەوە جەواد‌و خوشك‌و براكانی خولیای هونەری نیگاركێشان بوون.
جەواد هەر لە منداڵییەوە، لاسایی دایكی كردۆتەوە، بە قوڕ شتی دروستكردووە‌و دواتر بایەخی بە هونەری نیگاركێشان‌و پەیكەرسازی داوە.
هێشتا تەمەنی 11 ساڵ بووە، كە بەشداریی یەكەم پێشانگای نیگاركێشانی لە ساڵی 1931 لە شاری بەغدا كردووە‌و خەڵات كراوە، ئەو خەڵاتكردنە زیاتر هانیداوە بۆ ئەوەی بایەخی زیاتر بەهونەری شێوەكاری بدات.
جەواد قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی لە شاری بەغدا تەواو كردووە.
خولیا‌و ئاواتی ئەوە بووە بەشێوازی زانستی هونەر بخوێنێ‌، بۆ ئەو مەبەستە چۆتە دەرەوەی وڵات، لە وڵاتانی فەرەنسا‌و ئیتاڵیا‌و بەریتانیا لە بواری هونەری نیگاركێشان‌و پەیكەرسازی خوێندوویەتی‌و چەند بڕوانامەیەكی هونەری بەپلەی بەرز بەدەستهێناوە.
دواتر گەڕاوەتەوە بەغدا، سەرەتا لە مۆزەخانەی نیشتمانی عیراق وەك فەرمانبەر خزمەتی كردووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا‌و بەشی پەیكەرسازی لەو پەیمانگەیە كردۆتەوە‌و تا كۆچی دوایی سەرۆكی ئەو بەشە بووە.
جەواد بێ‌ لە هونەر، حەزی بە موزیك‌و شیعر كردووە، ئامێرەكانی موزیكی هەبووە‌و ئەو ئامێرانە لە تابلۆكانیدا ڕەنگیان داوەتەوە.
حەزیشی بە شیعر كردووە، ژمارەیەك لە شاعیران هاوڕێی نزیكی بوون، تەنانەت بە دەستوپەنجە ڕەنگینەكەی بەرگی دیوانە شیعرییەكانی بۆ نەخشاندوون، لەوانە: (بڵند حەیدەری‌و حسێن مەردان). بەرگی دیوانی ( گۆرانییەكانی شارێكی مردوو)ی بۆ بڵند حەیدەری‌و دیوانی ( قەسیدە ڕووتەكان) ی بۆ حسێن مەردان نەخشاندووە. بڵاوبوونەوەی ئەو دیوانەی حسێن مەردان هەرای ناوەتەوە، بەهۆی ئەوەوە زیندانی كراوە.
دوای سەركەوتنی شۆڕشی 14ی تەممووزی 1968، عەبدولكەریم قاسم داوای لە شارەوانی بەغدا كردووە، لە گۆڕەپانی تەحریر دیواربەندییەك دروست بكەن، كە تەعبیر لە سەركەوتنی شۆڕش بكات، شارەوانیش ئەندازیاری تەلارسازی (ڕەفعەت چادرچی) ڕاسپاردووە ئەو كارە بكات،چادرچی نەخشەی پڕۆژەكەی بە درێژی 50 مەتر‌و بەرزی 8 مەتر ئامادە دەكات‌و داوا لە هونەرمەند جەواد سەلیم دەكات كە ئەو دیواربەندییە دروست بكات، ئەویش ڕەزامەندی نیشان دەدات‌و نیگاری دیوار بەندییەكە دروست دەكات كە لە 14 بەش پێكهاتبوو، وەك ئاماژەیەك بە شۆڕشی چواردەی تەممووز، دواتر بۆ دروستكردنی ئەو 14 بەشە بە قاڵبی برۆنز، ڕوو دەكاتە شاری فلۆرەنسای ئیتاڵیا‌و لەوێ‌ ساڵ‌و نیوێك دەمێنێتەوە تا قاڵبەكان دروست دەكات. دواتر قاڵبەكان دێنێتەوە‌و كار لە پڕۆژەكەدا دەكات، لۆرنای خێزانی‌و محمەد غەنی حیكمەتی خوێندكاری هاوكاری هونەری دەبن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، ئەندازیار‌و بەڵێندەری ناوداری كورد (حەسیب ساڵح) بەڵێندەری جێبەجێكاری پڕۆژەكە دەبێت.
هونەرمەند جەواد سەلیم زۆر ماندوو دەبێت بە دروستكردنی دیواربەندی ئازادی لە گۆڕەپانی تەحریر، پێش تەواوكردنی پڕۆژەكە بە چەند مانگێك بە جەڵتەی دڵ كۆچی دوایی دەكات.
لۆرنای خێزانی‌و محەمەد غەنی حیكمەت پڕۆژە هونەرییەكە تەواو دەكەن.
ڕۆژی 16ی تەممووزی 1961، پەردە لە سەر پڕۆژەكە لادرا‌و دیمەنێكی جوانی مێژوویی‌و كولتووری بە گۆڕەپانی تەحریر بەخشی.
دیواربەندی ئازادی لە ناو دڵی شاری بەغدای پایتەختدا، وەك یەكێك لە ڕوخسارە هونەرییە بەرزەكان، بۆتە سیمای شارستانی‌و كوولتوری ئەو شارە، سەرباری كودەتا‌و گۆڕانكاریی حكومەتەكان‌و هەوڵدان بۆ تێكدانی، بەڵام لەبەرئەوەی لەناو دڵ‌و دەروون‌و ویژدانی خەڵكیدا وەك بەشێك لەمێژوو ‌و كولتووری ڕەسەنی عیراق چەسپیوە، لەسەر ئاستی میللی بەرگری لێكراوە‌و تا ئێستا بە بڵندی‌و سەركەشی ماوەتەوە.
دوای خزمەتێكی زۆر بەهونەری هاوچەرخی عیراق، جەواد سەلیم هونەرمەندی گەورەی عیراق‌و مرۆڤایەتی لە ڕۆژی 23ی كانوونی دووەمی 1961 كۆچی دوایی كرد‌و لە شاری بەغدا نێژرا.
شارەزایان‌و مامۆستایانی هونەر، دەیان توێژینەوە‌و كتێبیان لە ژیان‌و بەرهەمەكانی جەواد سەلیم نووسیوە‌و چەندین گۆشەی تاریكی ژیانی ئەویان ڕۆشن كردۆتەوە‌و خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ تابلۆ ‌و پەیكەرەكانی كردووە.
سەرچاوە:
1-شاكر حسن ال سعید، جواد سلیم الفنان ‌و الاخرون 2014
2-شاكر لعیبی، جواد سلیم الوجە الاخر 2024