دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ئیسلامدا

عومەر چنگیانی

وەک هەمیشە و لە هەر بوارێکی پیرۆزدا مامۆستایانی ئایینی لە ڕێگای دوانگەی مزگەوتەکانیانەوە هۆکاری چاکە و باشتر کردنی باری ژیان و لێکحاڵی بوون و میانڕەوی بوون و هەن، هەینی ڕابردوو باسکردن لە چەمکی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە ئیسلامدا بابەتی دەستنیشانکراوی بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی بوو ئێمەیش لە مزگەوتی خەدیجە کوبرا کردمانە توێشووی گوتاری زنجیرە ٢٣٥ لە ٦ی شەعبانی ١٤٤٥ بەرانبەر بە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٤ی زایینی و لێرەدا پوختەیەکی دەخەینە بەردیدی ئێوەی بەڕیز(خودای گەورە لە سیانزەیەمین ئایەتی سورەتی(الحجرات)دا دەفەرمێت: (ئەی مەردمگەلینە ئێمە ئیوەمان ئافراندگە و دروستمان کردوون لە نێر و لە مێ و کردووماننە چەندین گەل و هۆز و نەتەوەی لێکجودا تا ئەو لیکجودایی و فرە گەل و هۆز و نەتەوەییە بۆتان ببێتە هۆکاری یەکتری ناسین و دەرەنجام لەویشە بە ئاگاون کە بەڕێزو قەدرگرانترینتان لای خوا ئەوانەتان کە زۆرترین تەقوای خوا دەکەن و لەویشە بە ئاگابن و بێتەوە بیر کە بەڕاستی الله زانای لەهەموان زانتر و بەئاگاترە).
دینی ئیسلام واجبی کردوە لەسەر کاربەدەستانی وڵات کە دادپەرەوەری لەنێوان خەڵکیدا بەرپابکەن، بێ جیاوازی دەنگ و ڕەنگ و شوێنی نیشتەجێ و باروگوزەرانیان، دەبێ دادپەروەربێ لەنێوان هەردوو خاوەن کێشە و دەبێ بڕیارێکی ڕاست و دروست بدا، بێ گوێدانە ئەوەی تاوانبار هاوڕێ و خزمیەتی، یان دوژمن و نەیاریبێ، یان هەژار یان دەوڵەمەندبێ، یان کرێکارە یان خاوەنکارە .
گرنگی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ئیسلام .
لەڕوانگەی ئیسلامدا هەموو مرۆڤەکان یەکسانن، تاوانبار و دادوەر، ژن و پیاو، ڕەش و سپی، دینی ئیسلام هەموو جیاکاریەکی نەهێشتوە بەهۆکاری ڕەگەزو ڕەنگ و ڕەچەڵەک، لەدیدگای ئیسلامدا فەرمانڕەواو میللەت وەکو یەکن . ئەبوبەکری سدیق ( ڕەزای خودای لەسەر ) لە یەکەمینی کارەکانیدا ئەم بنەما ئیسلامیانەی جێبەجێ کرد، چونکە دەیزانی دادپەروەری سەربەرزیە بۆ فەرمانڕەواو میللەت، هەربۆیە خێرا دەستی کرد بەجێبەجێ کردنی سیاسەتێکی دادپەروەرانە.
پێشەوا ئەبوبەکر ( ڕەزای خودای لەسەر ) دەیهەویست موسڵمانان دڵنیا بکاتەوە لە ئەنجامدانی پەرستش و ئزادی لە بانگەوازی ئاینی، کە ئەمەش ناهێتە جێ تاوەکو فەرمانڕەوا دادپەروەری لە سەرووی هەموو شتێکەوە دانەنێت و دادپەروەری لەسەروی میزاجی تاکەکەسی بێ و دادپەروەریەکەش ببێتە ڕەحمەت بۆ تەواوی کۆمەڵگا بێ جیاوازی .
بنەماکانی دادپەروەری لە ئیسلامدا .
لە گرنگترینی بنەماکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی تایبەتە بە ماف و ئەرک لە دەزگاکانی کۆمەڵگادا، کە بەهۆیەوە خەڵکی دەتوانن مافی خزمەتگوزاری خواردن و خواردنەوەو شوێنی نیشتەجێ و ئاسایشان هەبێ و فەراهەمبێ، کە دامودەزگا گشتیەکان زۆربەی کات ئەمانە لەخۆ دەگرێت، دەزگا تەندروستیەکان، خوێندنگا حکومیەکان، یاسای کارکردن، دادپەرەوەری لە دابەشکردنی سەروەت و داهاتی وڵات، ڕێکخستنی هەلی کار . بەکورتی چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو :
1- نەهێشتنی زوڵم و خۆ سەپاندن و داپلۆسین و بێبەشکردن لە داهاتی ووڵات و قۆستنەوەی بەناڕەوا .
2- هەموو هاوڵاتییەک مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە .
3- دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ ڕۆڵەکانی نیشتیمان بۆ پەرەپێدانی توانا و بەهرەکان و بەکارهێنانیان بە شێوەیەک کە ئاسانکاری بۆ جوڵەی کۆمەڵایەتی بکات و یارمەتی کۆمەڵگا بدات گەشە بکات .

ھەواڵی زیاتر