هۆشیار زێباری وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا بەهۆی پابه‌ندییه ئەمنی و ئابوورییەكانهوه تێكبچێت. گوتیشی: “ئامانج لههێرشكردنهسهر هه‌ولێر لاوازكردنی ئابووریی هه‌رێمی كوردستانه”.
لە هەمان کاتدا زێباری نیگەرانی خۆی سەبارەت به سیاسەتەکانی پەراوێزخستن و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان ده‌ربڕی، کە هه‌رێم لەسەر بنەمای دەستووری عێراق بونیاتنراوه.
هۆشیار زێباری، سیاسه‌تمه‌دار و وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌میانه‌ی دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (الشرق الاوسط) رایگه‌یاند، نیگه‌رانم له‌وه‌ی عێراق له دوای رووخانی سه‌دام حوسێنه‌وه تاكو ئێستا سه‌قامگیر نه‌بووه.
زێباری باسی له‌وه‌شكرد، دوای چه‌ندین جه‌نگ له‌گه‌ڵ دراوسێكان و شه‌ڕی ناوخۆیی، عێراق سه‌قامگیری سیاسی، ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌خۆوه نه‌بینیوه.
له‌باره‌ی هه‌وڵی كشانه‌وه یاخوود ده‌ركردنی سوپای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له عێراق، هۆشیار زێباری گوتی، ئه‌مه شه‌ڕی نێوان هێزه ههرێمایهتییهكانه، به دیاریكراوی شه‌ڕی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ئه‌مه‌ریكایه له‌ناو خاكی عێراق، كه هۆكاره‌كه‌ی كاردانه‌وه‌كانی جه‌نگی غه‌ززه و ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، بۆیه مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه، بووه‌ته پێویستی.
تایبه‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و عێراق، زێباری به رۆژنامه‌ی (الشرق الاوسط)ـی راگه‌یاند، ئه‌سته‌مه لێكترازان و تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق رووبدات، چونكه پابه‌ندی ئابووری و نێوده‌وڵه‌تی زۆر له نێوانیاندا هه‌یه، هه‌موو وڵاتێك پێویستی به پاڵپشتی هه‌یه، ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی زۆرترین هه‌لی له بواره‌كانی ئابووری و ئاسایش ره‌خساندووه، به‌ڵام حكومه‌ته یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی عێراق نه‌یانتوانیووه سوودی لێببینن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری عێراق ده‌ڵێت، دوای ئازادكردنی عێراق، ئێرانییه‌كان پێیان گوتین، پێویسته شیعه و كورد ببنه به‌شێك له میحوه‌ر و هێزه مقاوه‌مه له عێراق، هه‌روه‌ها گوتیان، باوه‌ڕ به ئه‌مه‌ریكییه‌كان مه‌كه‌ن.
تایبه‌ت به گۆڕانكارییه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، زێباری گوتی، رووداوه‌كانی 11ـی سێپتێمبه‌ری 2001 ئاراسته‌ی سیاسیه‌تی جیهانی گۆڕی، پێموایه شه‌ڕی غه‌ززه یارییه سیاسییه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گۆڕێت، هه‌روه‌ك پێشتریش بۆچوونم وابوو ئاڵۆزییه‌كان فراوان ده‌بن، شه‌ڕ ته‌نیا له غه‌ززه نامێنێته‌وه، بۆچوونه‌كه‌م راست ده‌رچوو.
له‌میانه‌ی دیمانه‌كه‌یدا، هۆشیار زێباری رووداوێكی گێڕایه‌وه و گوتی، سه‌رۆكوه‌زیرانی كۆچكردووی لوبنان ره‌فیق حه‌ریری جارێكیان پێی گوتم، ئاگاداری رژێمی سووریا و ئێران بن، ئه‌وان پڕۆژه و پیلانگێڕیان له عێراق هه‌یه، به‌ڵام ئه‌جێندای هه‌ریه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دیكه جیاوازه، له كۆتایشدا ئامانج تێیدا لێدانی ئهمهریكییهكانه، قسه‌كانی حه‌ریری ده‌ركه‌وت، به چاوه‌كانی خۆمان ده‌بینین هه‌ژموونی ئێران رۆژ له دوای رۆژ فراوانتر ده‌بێت، كه‌س ناتوانێ نكۆڵی له‌مه بكات.
تایبه‌ت به داهاتووی هه‌رێمی كوردستان، زێباری گوتی، نیگه‌رانم له‌باره‌ی داهاتووی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، كه له رێگه‌ی قوربانی و خه‌باتێكی زۆری دیپلۆماسی و سیاسی بونیانتراوه، مه‌ترسی گه‌وره‌ی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، بڕیاره نادادپه‌روه‌رییه‌كانی دادگای فیدراڵی عێراقه.
گوتیشی، بنه‌مای داننان به هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری، ده‌ستووری عێراقه، كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم و به‌غدای دیاریكردووه.
زێباری زیاتر روونیكرده‌وه، له‌هه‌موو رووێكه‌وه هێرش ده‌كرێته‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له رووی ئه‌منییه‌وه، ده‌بیندرێت به درۆن و مووشه‌ك هێرش ده‌كرێته‌سه‌ر هه‌رێم، جیا له هێرشكردنه‌سه‌ر ئابووری و پاڵاوتگه و فڕۆكه‌خانه‌كان، ئه‌نجام لێی لاوازكردنی ئابووری هه‌رێمی كوردستانه.
ده‌شڵێت: “به‌هۆی وه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، عێراق حه‌وت ملیار دۆلاری زیانكردووه. هه‌روه‌ها به‌غدا له پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم ده‌ستوه‌ردان ده‌كه‌ن، هۆکارەکە ئەوەیە هەرێم سەربەخۆیی لە بڕیاردان هه‌یه، واتە ئەگەر شتێکمان بەدڵ نەبێت، ئێمە دەڵێین نەخێر و بوێریمان هەیە”.
تایبه‌ت به دۆخی هه‌رێمی كوردستان زێباری رایگه‌یاند، ئه‌و كاته هه‌رێمی كوردستان به‌هێز بووه، كه هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان یه‌كگرتوو بوونه، له رووی پرسه ستراتیژییه‌كان یه‌كگرتووین. ئامانجی سەرەکی هەرێم دووبارە شەرعیەتدان بە دامەزراوەکانی هەرێم له رێگه‌ی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمان، كه بڕیاربوو لە مانگی شوباتی ئه‌مساڵ 2024 ئه‌نجام بدرێت، بەڵام بۆ مانگی ئایار دواخراوە. ئێمە نازانین تا چەند ئەم هەڵبژاردنه به بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ تێکدانی ئەم شەرعییەتە دوا ده‌خرێت. ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو هەڵبژاردنه ئەنجام بدرێت.
به‌هۆی وه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، عێراق حه‌وت ملیار دۆلاری زیانكردووه
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، زێباری ده‌ڵێت، كۆمه‌ڵێك هێزی سیاسی له عێراق به یارمه‌تی كورد رژێمی حزبی به‌عسیان رووخاند، كه سه‌ركرده‌كانیان رۆژێك له رۆژان له سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆن له هه‌رێمی كوردستان پارێزراوبوون، كاتێك ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌ستهێنا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن پێویستییان به‌وه نییه كه‌س له‌گه‌ڵیان له ده‌سه‌ڵات به‌شداربێت، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی هاوكارییان بووین، ئه‌مه ده‌بێته هۆی تێكدانی سه‌قامگیری عێراق.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌و كۆمه‌ڵه كه‌سه‌ی باسیانم كرد، دادگای فیدراڵی وه‌ك چه‌ك دژی نه‌یاره‌كانیان به‌كار ده‌هێنن، زۆربه‌ی پسپۆره یاساییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، دادگای فیدراڵی بۆ هه‌ندێ نیازی دیاریكراو پێكهێندراوه.
هۆشیار زێباری له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر گوتی: گوترا بۆردومانی مۆساد له هه‌ولێر كراوه، ئه‌مه درۆ و هه‌ڵبه‌ستراوه، تا ئه‌و ئاسته‌ی به‌رپرسه عێراقییه‌كانیش سه‌ردانی شوێنی بۆردومانه‌كه‌یان كرد، بیندرا كه شوێنێكی مه‌ده‌نی بۆردومان كراوه و منداڵێكی ته‌مه‌ن كه‌متر له ساڵێك شه‌هید كراوه، ژن و منداڵ و بزنسمانێكی كوردیان قه‌تڵوعام كرد، بۆیه ده‌ڵێم مۆساد له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان هه‌ن، به‌نهێنی كار ده‌كه‌ن، بۆیه ده‌ڵێم بۆردومانی هه‌ولێر په‌یامێك بوو تاكو نیشانی ئه‌مه‌ریكییه‌كانی بده‌ن، كه ده‌توانین بۆردومانی شوێنی دووریش بكه‌ین، ئه‌و رۆژه پاكستان، عێراق، هه‌ولێر و ئیدلیبیان بۆردومان كرد.
ئاشكراشیكرد، بۆردومانه‌كه‌ی هه‌ولێر له لایه‌ن ئێرانه‌وه كراوه، سوپای پاسداران له رێگه‌ی راگه‌یه‌ندراوه دانی به‌وه دانا.