دەزگاكانی راپرسی چی لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ئیستانبۆڵ دەڵێن؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

بەر لەوەی دەم پارتی، بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ هەبێت، ئەنجامی دەزگاكانی راپرسی لە توركیا بەجۆرێك بوو، سەركەوتنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە زۆر بوو، بەڵام دوای ئەوەی دەم پارتی بەربژێری خۆی ئاشكرا كرد، كە مەڕاڵ دانش بێشتاشە، ئەنجامی دەزگاكانی راپرسی گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

وەكوو ئەوەی لە نووسین و شڕۆڤەكانی پێشووتردا باسمان كردووە، دەنگی دەم پارتی لە ئیستانبۆڵ یەكلاكەرەوەیە، بەوەی ئەگەر بەربژێریان نەبوایە و وەكوو هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019 دەنگیان بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بدابوایە، شانسی ئیمامئۆغڵو بۆ بردنەوەی زۆر دەبوو، بەڵام دوای ئەوەی بەربژێری خۆیان راگەیاند، موراد كوڕووم، بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە، شانسی بردنەوەیان زیاترە.
دەزگای راپرسی (ORC) لە ئیستانبۆڵ، راپرسیی لە زۆربەی ناوچەكانی ئەو شارەدا كردووە و 3920 كەس بەشداریان تێیدا كردووە، ئەنجامەكەی لە بەرژەوەندی موراد كوڕووم بووە.
ئەنجامەكە بەم شێوەیە بووە:
موراد كوڕووم: 37.7%.
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو: 36.5%.
ئەگەرچی جیاوازی نێوانیان زۆر نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەنگی دەم پارتی بۆ ئیمامئۆغڵو ناچێت وەكوو هەڵبژاردنی 2019، بۆیە كوڕووم لەپێشترە، چونكە بە گوێرەی ئەنجامی راپرسییەكە، بەربژێرژی دەم پارتی كە مەڕاڵ دانشە 6.8٪ی بەدەست هێناوە.
بەڵام شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە، جیاوازی دەنگەكان زۆر زیاترە و دەزگاكانی راپرسی لە توركیا، ئەنجامەكانیان وەكوو پێویست نین، چونكە دەنگی مەڕاڵ زۆر زیاترە لەوەی دەزگاكانی راپرسی باسی دەكەن و رەنگە 9% بێت، ئەگەر ئەو رێژەیەش بێت، كەواتە موراد كوڕووم بە جیاوازی 6% لەپێش ئیمامئۆغڵو دەبێت، چونكە ناكرێت بەربژێری دەم پارتی یەك ملیۆن دەنگ بهێنێت، كەچی ئیمامئۆغڵو بە جیاوازییەكی زۆر كەم بەرامبەر بە كوڕووم بدۆڕێت.
ئیستانبۆڵ بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر گرنگە، بەهەر شێوەیەك بێت دەیەوێت ئیستانبۆڵ بباتەوە، چونكە جیا لەوەی ئیستانبۆڵ گەورەترین شارەوانیی توركیایە، هەروەها دەیەوێت لەڕووی سیاسییەوە لە ئیمامئۆغڵو بباتەوە و دووچاری شكستی بكات، چونكە لەوەتەی ئەردۆغان هاتووەتە ناو سیاسەت و دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، هەمیشە لە رەقیبەكانی بردووەتەوە، تەنیا لە 2019 بەرامبەر بە ئیمامئۆغڵو دۆڕا، هۆكارەكەشی ئەوە بوو، ئیمامئۆغڵوی پێ بچووك بوو و پێی مەترسی نەبوو، چونكە سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورت بوو لە ئیستانبۆڵ و دەیگوت ئەو كەسایەتییە نییە بتوانێت شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە، بۆیە دەیەوێت ئەمجارەیان شكستی پێبهێنێت، چونكە دەزانێت ئەمجارەیان ئیمامئۆغڵو بیباتەوە، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2028 دەبێتە ركابەرێكی سەرسەختی ئەردۆغان.
بەڵام دەزگای راپرسی (سۆنار و ئۆپتیمار)، ئەنجامی راپرسییەكەیان لە بەرژەوەندی ئیمامئۆغڵووە، بەڵام بەر لەوەی دەم پارتی بەربژێری هەبێت، دوای ئەوەی دەم پارتی بەربژێری راگەیاند، ئەنجامی راپرسی ئەوان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لە بەرژەوەندی كوڕوومە.
بەهۆی ئەوەی، موراد كوڕووم، هەموو ئیمكانیاتی حكوومەتی توركیای لەپشتە و ئەردۆغان بەهەموو هێزی خۆیەوە پشتگیری لێدەكات، بۆیە دوو هەفتە بەر لە هەڵبژاردن، ئەنجامی راپرسی دەزگاكانی توركیا گرنگی زیاتری دەبێت، چونكە وەكوو ئەوەی دەبینرێت و هەستی پێدەكرێت، هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ئیستانبۆڵ، لە نێوان ئەردۆغان و ئیمامئۆغڵووە، بۆیە ئەردۆغان نایەوێت ئیستانبۆڵ بداتەوە دەستی ئیمامئۆغڵو و رەنگە پارەیەكی زەبەڵاحیشی بۆ پروپاگه ندەی هەڵبژاردن ئامادە كردبێت
دەبێت باس لەوە بكرێت ئەركی ئیمامئۆغڵو زۆر قورسە لەبەر سێ هۆكار:
یەكەم: لەناو كۆنگرەی پارتەكەیدا كە دوو مانگ بەر لە ئێستا ئەنجام درا، دەنگێكی زۆر ناڕازی بوونی هەبوو، بەوەی نەدەبوایە كەمال كلیچدارئۆغڵو نەبێتەوە سەرۆكی پارت و لەگەڵ ئەوەدان، ئەوەی دەستی هەبووە لە شكستپێهێنانی كلیچدارئۆغڵو لە كۆنگرە، ئیمامئۆغڵو بووە، بۆیە رەنگە لەبەر ئەو هۆكارە بەشێك لە جەهەپەییەكان دەنگی پێنەدەن.
دووەم: ئەردۆغان، هەموو ئیمكانییەتێكی حكوومەت بەكاردەهێنێت تا شكست بە ئیمامئۆغڵو بهێنێت، چونكە شەڕی هەڵبژاردن لە نێوان ئەردۆغان و ئیمامئۆغڵووە، نەك لە نێوان كوڕووم و ئیمامئۆغڵو، بۆیە شەڕی ئەمجارەی ئیمامئۆغڵو وەكوو 2019 نابێت.
سێیەم: دەم پارتی وەكوو 2019، دەنگ بە ئیمامئۆغڵو نادەن و دەنگ بە بەربژێری خۆیان دەدەن، ئەمەش وا دەكات دەنگی ئیمامئۆغلو كەم بكات. هەروەها پارتی خاسیش بەربژێری خۆی هەیە، كە ئەوانیش لە 2019 دەنگیان بە ئیمامئۆغڵودا، بەڵام لەم هەڵبژاردنە دەنگی پێنادەن، كە پێشبینی دەكرێت بەربژێری ئەوان 3%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت.
هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا، لە 31ی 3ی 2024 ئەنجام دەدرێت و زیاتر لە 55 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە. هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی 31 گەورە شارەوانیی و 51 شار و 1000 شارۆچكە و شارەدێ ئەنجام دەدرێت.

ھەواڵی زیاتر