هۆشیار زێباری: پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەندێک وڵات بەهێزترە

هوشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی پێشووتری عێراق، دوێنێ، لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەم کۆنفرانسانە بۆ بازرگانی وڵاتانی جیاواز زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکانی فراوانە لەگەڵ وڵاتان.

دوێنێ، بە ئامادە بوونی سەرۆکی حکوومەت سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا هوشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی پێشووتری عێراق ڕایگەیاند: ئەم کۆنفرانسانە بۆ بازرگانیی وڵاتانی جیاواز زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئاگەداری هەموو هەنگاوێک و کردارێکی یەکتر بن، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکانی فراوانە لەگەڵ وڵاتان.
گوتیشی؛ نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بە کردار سەرەتا لە ئاستی حزبەکاندا دەستی پێکرد، وەک پارتی و یەکێتی حزب و لایەنەکانی دیکە، هەتا هەرێمی کوردستان بە شیوازێکی دیکە دروست بوو، بوو بە کردار.
زێباری گوتیشی: “بەپێی دەستووری عیراق ساڵی 2005، دەڵێت سیاسەتی دەرەوە زیاتر لە دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقی فیدراڵە، ئەو شەڕە من کردم لە بەغدا کە چۆن نوێنەرایەتی هەرێم و کۆنسڵخانەکان لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەشدا زیاد بکەین بەپێی دەستوور، نەک تەنیا بۆ هەولێر بەڵکو بۆ بەسرە و کەربەلا و شوێنەکانی دیکەی عێراقیش، سەرەتا، زۆربەی زۆری کونسوڵخانەکان دامەزران، بەڵام ئێستا ژمارەیەکەیان زیادی کردووە”.
ڕاشیگەیاند، ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی کە کوردستان هەیەتی، هەندێک وڵات ئەو توانا و هێزەیان نییە کە وڵاتیشن، کێشەیەکمان هەبوو لە دەستوور کە چۆن ڕێککەوتنی سیاسەتی دەرەوە و لەگەڵ هەرێمیش بکەین، ماددەیەک لە دەستوور هاتووە، دەڵێت: “پارێزگاکان کە 15 پارێزگایە نوێنەرایەتی هەبێت، جگە لە کارمەندانی دیپلۆماسی و ئیداری، کە ئەمە ئەستەمە جێبەجێ بکرێت، قسەی ئێمە بۆ باڵیۆزخانەکان لە دەرەوە، ئەبوو پەیوەندییان زیاتر بێت و ئاگایان لەیەکتری هەبێت، بەشداربن و ئاگاداربن لە هەموو ئەرک و کارێک”.
هوشیار زێباری، گوتیشی: “بەپێی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی عێراق دەری دەکات، یەک لە دوای یەک دژی هەرێمی کوردستانە بڕیارەکان، دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو بەرن، من بە مەترسی دەزانم بۆ سەر کوردستان، کە بە سیستەماتیک کاری لەسەر دەکەن”.