ھەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق چاوەڕوانكراوە؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی

دواجار گەیشتینە ئەو قۆناغەی كە ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمریكا و عێراق، هەروەها بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان كەلەدوای تیرۆركردنی حاجی “قاسمی
سلێمانی” پەسەندكرا، جێبەجێ بكرێت.
ئەمریكاییەكان لەهەموو هەڵوێستە فەرمییەكانیاندا ئەوەیان دووپات كردۆتەوە كە تەواوی هێزە شەڕكەرەكانیان لە بەرواری ۲۰۲۱/۲۱/۳۱ خاكی عێراق بەجێ دێڵن.
ئەوەش بێگومان بەبێ كاریگەری و لێكەوتە و سەریەشە بۆ حكومەت و هێزە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی عێراق تێناپەڕێت و، ڕەنگە كاریگەری گاڵتەپێنەكراو بێنێتە پێشەوە.
ئەوەی پێویستە لەسەرەتاوە بیزانینئەوەیە ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی، ڕێككەوتنێكی مولزەمە و پلەی قەتعی وەرگرتوەو پێویستە جێبەجێ بكرێت، دواجار ئەمریكا هێزیش شەڕكەری خۆی دەكێشێتەوە، ئەگەرچی لەژێر دووبارە بڵاوبوونەوە یاخود ئەركی نوێ و ڕاوێژكاریش هەندێكیان بهێڵێتەوە!
تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا، هێزی شەڕكەری ئەمریكایی لەعێراقدا نابن و هاوكاری هێزە عێراقییەكان نابن بەشێوەی ڕاستەوخۆ!. ئەمەش ئاڵوگۆڕێكی زۆر گرنگی ئەمنی و سیاسییە، بومەلەرزەیەكە جەستەی شەكەت وماندووی سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی عێراق هەرگیز بەرگەی ناگرێت و، لێكەوتەی گەورەی بەدوادادێت. لێرەدا پسپۆڕان دەپرسن: ئایا هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لەئیراقیش چاوەروانكراوە؟
ئەگەرچی هەندێك لەپسپۆڕان مەترسی ئەو ئەگەرە ناشارنەوە، بەڵام زۆرینەی ڕەهای دیراسە و بۆچوونەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە هەمان سیناریۆی ئەفغانستان بەوردەكارییەكانییەوە، لەعێراق دووربارە نابێتەوە.
لەبەر جیاوازی شوێن و پێگەی جیۆسیاسی عێراق و تۆڕی دەستتێوەردانی دەرەكی و پێكداچوونی خەریتەی كۆمەڵایەتی ئەم وڵاتەو جیاوازی لە ئەفغانستان!.
بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە كە بێ سەریەشە تێدەپەڕێت. بەڵكو مەترسی گەورە هەیە بۆ داڕوخانی دۆخی ئەمنی لەچەند جێگەیەك بۆ نمونە لە سێگۆشەی سوننە، تەنانەت هەرێمی كوردستانیش لەخانەی مەترسیی ڕاستەقینەدایە، بەو پێیەی لەئیستاوە جوڵەی چەكداریی داعش و گروپی دیكە لەدەڤەری هەڵەبجە وهەورامان و شارەزوور، كەپێگەی كلاسیكی گروپەكانە دەبینرێت و هێزی ئەمنی ئاگاداری وردەكاری زیاترن و مامەڵەشیان لەگەڵدا كردووە.
جگەلەدۆخی ئەمنی، چاوەڕوان دەكرێت لەدوای پاشەكشەی ئەمریكا، لایەنی زۆرینەی عێراق، هەم لەدورستكردنی فشاری سیاسی بۆ پێكهێنانی حكومەت بەگەزوجاوی خۆی، هەم بۆ ئابڵۆقەی ئابوری لەسەر كوردستان و بڕینی ئەو ۲۰۰ ملیارەی مانگانە وەكو پێشینە دێتە هەرێم بۆ موچەی فەرمانبەران، هەروەها بۆ دروستكردنی فشاری ئەمنی لەسەر ناوچە سونییەكان، پێی لێ ڕابكێشێت و، ئیدی بە لۆژیكی زۆرینەی و كەمینە، تەنگ بەپێكهاتەكان هەڵچنێت
دەستوەردانی دەرەكی و هەڵپەكردنی وڵاتانی دراوسێی ئیراق بۆ خواردنی بەشی خۆیان لە كێكەكە، یەك لەو ئەگەرە مەترسیدارانەیە كە چاوەروان دەكرێت ببێتە پڵیتەی هەڵگیرسانی ئاگری ناكۆكی ڕاستەقینە لەعێراقدا.
پرسیاری سەرەكی بۆ بڕیاردەری كورد ئەوەیە: چۆن لەم قۆناغە هەستیارەدا كەشتییەكەی دەگەیەنێتە كەناری ئارامی؟ ئەگەر بوئرەی گرژی ئەمنی و زۆنی نائارام لەهەندێ ناوچەی كوردستان دروست ببێت، حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن؟ چی بكرێت ئەگەر دۆخی ئەمنی و ئابووی لەمە زیاتر تێك بچێت؟ ئەگەر ۲۰۰ ملیارەكە ببڕێت، كە دەشبڕێت، ئەو كاتە كورد چی دەكات؟

ھەواڵی زیاتر