ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
ئالار کاریس لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پێکەوە باس لەو بابەتانە دەکەن کە جێگەی سەرنجی هەردوولان، وەک پێشهاتەکانی ناوچەکە و شەڕی داعش.
ئیستۆنیا وڵاتێکی بچووکی باکووری رۆژهەڵاتی ئەوروپایە و پایتەختەکەی تالینە.
دوای سەربەخۆبوونی لە ساڵی 1991، سیاسەتی ئەو وڵاتە هاوتەریب بوو لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و لە 2004دا بووە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ.
ژمارەی دانیشتووانی ئیستۆنیا یەک ملیۆن و 331 هەزار کەسە و رووبەرەکەی 45 هەزار و 340 کیلۆمەتر دووجایە؛ ئیستۆنی زمانی فەرمییە.
ئیستۆنیا خاوەنی 250 هەزار سەربازە کە 4000یان چالاکن.
ئەو وڵاتە پەرلەمانێکی هەیە کە 101 ئەندامی هەیە و 4 ساڵ جارێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت. ئالار کاریس، سەرۆکی وڵات و کاجا کاڵاس، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیە.
ئیستۆنیا لە ساڵی 2014 بووە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و یەکەیەکی سوپای ئەو وڵاتە کە لە 110 سەرباز و راوێژکار پێکهاتووە لە هەولێرن و ئەرکیشیان پاراستنی بنکە سەربازییەکان و وەڵامدانەوەی خێرایە.
ئیستۆنیا لە ساڵی 2014ەوە بە ناردنی چەک یارمەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقی داوە و نزیکەی 9 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاریشی بۆ بواری مرۆیی، هەڵگرتنەوەی مین و سەقامگیری تەرخانکردووە.
ئالار کاریس
– ساڵی 1958 لە شاری تارتو لە باشووری رۆژهەڵاتی ئیستۆنیا لەدایکبووە.
– ساڵی 1981 کۆلێژی کشتوکاڵی ئیستۆنیای تەواو کردووە و لە ساڵی 1987ـیش بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە.
– لە چەندین زانکۆی ئەڵمانیا، بەریتانیا و هۆڵەندا وانەی گووتوەتەوە.
– لەنێوان ساڵانی 2018 و 2021 بەڕێوەبەری مۆزەخانەی نیشتیمانیی ئیستۆنیا بووە.
– زمانەکانی ئینگلیزی و رووسی دەزانێت.
– سیاسەتمەدارێکی سەربەخۆیە و ساڵی 2021 وەکو سەرۆکی ئیستۆنیا هەڵبژێردراوە.
– لە ساڵی 1977 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و سێ منداڵی هەیە.