شرۆڤەکارانی سیاسی: بەشداریی مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی داڤۆس لە ڕوویسیاسی و ئابوورییەوە گرنگە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە لە داڤۆسی سویسرا، ٥٤ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بە دروشمی “بنیاتنانەوەی متمانە” دەستی بە کارەکانی کرد و تاوەکو ١٩ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارن. شرۆڤەکارانی سیاسی و ئابووریناسان، دەڵێن: ئەو کۆڕبەندە دەرفەتێک دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ جیهان زیاتر بەرەوپێشەوە ببات و لەڕووی ئابووریشەوە کوردستان زیاتر پێش بکەوێت، ھەروەھا دەرفەتێکی باشیشە کە وەبەرھێنەرانی جیھان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەوەش بۆ ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە.

کۆڕبەندی ئەمساڵ، پێشوازی لە سەد سەرۆکی حکوومەت و زۆربەی دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ھەزار ھاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. بەشداریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی داڤۆس لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری زۆر گرنگە، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن بڕیاری سیاسی و ئابوورین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشداری تێدا دەکەن. شاندی ھەرێمی کوردستان لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی و وەبەرھێنەر و خاوەنکارانی کوردستان پێکھاتووە کە یەکەمجارە بەشداری لە داڤۆس دەکەن. مەسرور بارزانی، لە پەراوێزی بەشداریی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی داڤۆس، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و جیھان کۆدەبێتەوە، لە دیدارەکانیدا چەندین تەوەر و پرسی ناوخۆیی و ھەرێمی و جیهانی تاوتوێ دەکرێن، لەوانەش پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرھێنان، ھەروەھا بڕیارە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە پانێلێکی کۆڕبەندەکەدا بەشدار بێت، کە تایبەتە بە ململانێ و ناکۆکییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
بەشداریی سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی داڤۆس، لە چوارچێوەی ھەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان و تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە ئایندەی عێراق و ناوچەکە بە گشتی ھەیە. نەوزاد ھیتوتی، شارەزای سیاسی، دەڵێت: کۆڕبەندی ئەم ساڵ تایبەتمەندی خۆی ھەیە بەتایبەتی کە لەسەر ئاستی جیهان جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و جەنگی غەززە و ململانێ و گرژییەکانی ناوچەی کەنداویش بە توندی سەریان ھەڵداوە.
نەوزاد ھیتوتی، باسی لەوەش کرد، کردنی ئەو کۆڕبەندە لەلایەکی دیکەوە ھاوکاتە لەگەڵ ناسەقامگیری ئابووریی لەسەر ئاستی جیهاندا، لەم چوارچێوەیەدا بەشداریی ھەرێمی کوردستان لەسەر ھەردوو ئاستی سیاسی و ئابووری زۆر گرنگە، چونکە تا ئێستە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەردەوامن، کە دەکرێت ھەرێمی کوردستان سوود لەو دەرفەتە ببینێت و جارێکی دیکە لە داڤۆس ئەو بابەتە بخاتەوە بەردەم بەشداران.
د. ئازاد محەممەد، شارەزای بواری ئابووری، ڕایگەیاند: کۆڕبەندی داڤۆس ساڵانە دەکرێت، لەو کۆڕبەندەدا پرسە جهانییەکانی تایبەت بە ئابووری، سیاسەت، ئاسایش و سەقامگیری باس دەکرێن، لە کۆڕبەندەکەدا بە سەدان سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان و کەسانی شارەزا و کاریگەر بەشدار دەبن، بەداوەتێکی فەرمی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەشدارە لە کۆڕبەندەکە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان گرنگی خۆی ھەیە، لە بواری ئابووری و سیاسی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی گرنگی دەبێت، لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی کاریگەر، بۆیە ئەو کۆڕبەندە دەرفەتێکە بۆ ھەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکانی خۆ لەگەڵ جیھان بەرەوپێشەوە ببات و لەڕووی ئابووریشەوە کوردستان زیاتر پێش بکەوێت، ھەروەھا لە کۆڕبەندەکەدا باسی کەشوھەوای جیهان دەکرێت، بۆیە کۆڕبەندەکە گرنگی زۆری دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر