ئەمڕۆ سێشەممە ( 16ی کانوونی دووەمی 2024)، بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان: ئاوات جەناب وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ هەیسەم ئەلحەسەنی ڕاوێژکاری ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی تیمی ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی دارایی لە عێراق کۆبوەتەوە.
وەک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لەو دیدارەدا گفتوگۆ دەربارەی ئەو پەرەسەندنانە کراوە کەلەئەنجامی سەردانە بەردەوامەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کراوە، لەپێناو چارەسەری کێشەی دەروازە سنوریەکان و یەکخستنی سیاسەتی گومرگی، کە ئامانج لێی چارەسەری پرسی مووچەو لابردنی ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەمیدان لە ڕێی هەمواری یاسای بودجەوە.
وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە هەنگاوەکانی تیمی هاوبەشی هەردولا کراوە بەئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە هونەری و تەکنیکیەکان لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان. ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ڕایگەیاند: محەمەد شیاع سودانی رژدە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی، بەتایبەت کێشە دارایی و ئابورییەکان، گوتیشی هەماهەنگی باش لەنێوان تیمە هاوبەشەکان و فەرمانگەکانی هەردولا هەیە بۆ یەکخستن و ڕێکخستنەوەی سیستەمی ژمێریاری و تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە.
لای خۆشیەوە ئاوات جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەموو هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی خستۆتە گەڕ، وەک یەک تیم لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کاریان کردووە تا هەردولا بتوانن بەیەک سیستەمی ژمێریاری کارەکانیان ئەنجام بدەن