باوەڕتان هەبێت …

عارف ڕوشدی

هەمو ئەو گرفتانەی، ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە لە لایەن حکوومەتی بەغداوە، تەنها ستەم و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمانە، مەبەستیان (ئەگەر بۆیان بکرێت) لە هەوڵی ئەوەدان گرفتی ئابووری کە خۆی لە بڕینی (مووچە و بودجەی هەریمی کوردستان) دا دەبینێتەوە، بکریتە دەروازەیەک بۆ لاوازکردنی کەسایەتیی سیاسی و یاسایی هەرێم، لەوەشدا پەنایان بردووە بەر بەکارهێنانی کۆمەڵێک لە ئەندام پەرلەمانی کوردزمانی داشۆراو لە هەر غیرەتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی.
لە خولەکانی پێشوتر و ئێستای پەرلەمانی عێراقدا لە لایەک و پەرش و بڵاوی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا لە لایەکی دیکەوە، زێدەباری بەکارهێنانی دادگای فیدراڵی، سەرەڕای ئەم هەڵوێستە ناجۆرە، ناحەزانی ناوخۆ و بەغدا ئۆقرەیان لێبڕاوە چون تا ئێستا حکوومەتی هەرێم خوڕاگر بووە! بەڵکو بە پشوو درێژییەوە لە پێناوی گەلەکەماندا بەردەوامی بە پرۆسەی بێزارکەری گفتوگۆکانی داوە و لە ڕێگای کەرتی تایبەتەوە برەو بە بوژانەوەی ئابووری و دۆزینەوەی هەلی کاری دەدات. تەنانەت پاشکۆکانی ناحەز لە نێو هەرێمدا، ئاراستەکراون دژایەتی بریارێک دەکەن لە بواری هەرزانکردنی نرخی نان، بزانن لە چی ئاستێکی داتەپیوی مۆراڵیدان ! .
بۆیە پێویستە خەڵکی جوامێری کوردستان ئەو ڕاستییە بزانن : هیچ بیانویەکی بەغدا ڕەوا نییە بۆ نەناردنی مووچە و بودجەی هەرێم، بەڵکو تەنها و تەنها ئەو مەبەستە گڵاوەیان هەیە لە ئاستی کەسایەتی یاسایی و سیاسی هەرێمی کوردستان و دەیانەوێ بەدەردی شوێنەکانی دیکەی عیراقمان بەرن .

ھەواڵی زیاتر