هەولێر هەر هەولێرە

‎شێرکۆ حەبیب

هیچ وەسفێک لە وەسفی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ هەولێر و هەولێرییەکان شیاوتر نییە، ساتێک کە جەنابیان فەرمووی “هەولێر هەر هەولێرە”، ئەمە جوانترین و گەورەترین وەسفە بۆ هەولێر ومایەی شانازی هەولێرییەکانە، کاتێ جەنابی سەرۆک وای فەرموو دەزانێ هەولێر چ گرنگیەکی هەیە.
هەولێر لە دێر زەمانەوە مەڵبەندی پێکەوە ژیان و تەبایی و برایەتییە لە نێوان سەرجەم هاووڵاتیانی بەبێ جیاوازی ئاین یا نەتەوە یا بۆ چوونی سیاسی، نەک هەر سەنتەری شار بەڵکو سەرجەم پارێزگای هەولێر بەسنووری ئیداری.
هەردەم هەولێر و هەولێرییەکان بەڕێزەوە پێشوازییان لە میوانەکانی کردووە هەمدیس بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئاین، هەولێر خاوەن میوانداری و لەخۆگرتنی کەسانی لێقەوماو و ئاوارە بووە و تا ئیستاش، هەولێر هەزاران قارەمانی بەخشیوەتە ڕێگەی ڕزگاریی بزاڤی کوردستان، هەزاران قارەمان و پێشمەرگەی بەئەمەکی لە خۆ گرتوە جگە لە هەزاران شەهید لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی. کێ هەیە لە شۆڕشی ئەیلولی مەزن خەبات و چاونەترسیی پێشمەرگەکانی هێزی دەشتی هەولێر و بەتالیۆنەکانی لە یاد نەبێت، کێ دەتوانێ حاشا لە ڕۆڵی هەولێرییەکان بکات لە شۆڕشی گوڵانی پیرۆز. هەولێر هەزاران کەسایەتی و سیاسی و شاعیر و ئەکادیمی بەخشیە ئەم میللەت و نیشتمانە. هەولێر هەر دەم بە قەڵای سەربەرزی کورستان دەمێنێتەوە و هەردەم هۆلاکۆ و دوژمن و خۆفرۆشان بەزێنە، بەڵێ هەولێر هەر هەولێرە، و سەرجەم شارەکانی و لادێکانی و دەشت و چیاکانی پیرۆزی و خۆشەویستی خۆی هەیە لە بن هەر بەرد و دارێکی داستانێک تۆمار کراوە، بەڵام هەولێر تایبەتمەندی خۆی هەیە.
هەفتەی ڕابردوو بڕیارێک بۆ هەرزانکردنی نان دەرکرا، هەڵبەتە ئەم بڕیارەش لە خەمخۆری و پەرۆشیی دێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان، بڕیارەکە لێکەوتنەوەی جیاوازی بەخۆوە بینی لە لایەن هاووڵاتیان. هاووڵاتیان ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەبوو، بەڵام هۆی چییە هێڕش بکرێتە سەر خەڵکی دڵسۆز و تێکۆشەری هەولێر و وشەی نەشیاو بەکاربهێنن، بەڵام وا دیار بوو ئەو ڕق و کینە هی بڕیارەکە نەبوو بەڵکو هۆی دیکەت لە دوا بووە، بۆیە ئەوانەی دژی هەرێم و کوردستانن لە هەلێکی وەها دەگەرێن تا ڕق و کینەی خۆیان بەرامبەر بە ئاوەدانی و ئارامی و پێشکەوتنی هەولێر دەرببڕن. ئەوانە لەسەردەمی تاریکی دەژین ناتوانن لەگەڵ ئەو بارودخە و ئاوەدانییەی کوردستان بگونجێن ئەوەی سەیرە وەرە تۆ هاوبەش و هاوپەیمان بی لە حکومەت و دژی بڕیارێکی وا کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بێ. وە نەبێت ئەمە یەکەم جار بێت هەندێ بەناو ڕاگەیاندن یا سیاسەتمەدار دژی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم بن. بەڵام خۆش بەختانە کارەکانیان نەزۆکن و ڕیسوا دەبن چونکە کاروانی چاکسازی و خزمەت بەردەوامە .

ھەواڵی زیاتر