هاودەنگ فارووق
ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانان عێراق و سووریا بەجێ بهێڵن
مەترسیترین سیناریۆ لە ئارادایە. گرنگترین پرسیار ئەوەیە ئایا مەیدانەكە بۆ چ هێزێك چۆڵ دەكەن؟ ڕاستییەکەی ئەگەر ئەوە ڕووبدات، دژوارترین بارودۆخی ئاسایشی و ناسەقامگیریی دووچاری ناوچەكە و جیهان دەبێتەوە.
گرووپە تیرۆریستییەكان و میلیشیا لەیاسادەرچوەكان دەست واڵادەكرێن و سنووری دەوڵەتانی ناوچەكە تێكدەشكێنن، ئاگری شەڕی بەوەكالەت تاو دەدەن. هیچ وڵات و میللەت و پێكهاتەیەك پارێزراو نابێت و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكەوێتە بەردەم چارەنووسێكی ئاگرین و نادیار.
ئەم ئەگەرە پێویستە بەجیددی هەڵوەستەی لەسەر بكرێت. چونكە لەئێستای نووسینی ئەم چەند دێرەدا، محەمەد شییاع سودانیش، بۆ ڕازیكردنی دڵی شیعە وەلائییەكان، هاتە سەرخەت و دەڵێت: حكوومەتی عێراق دەیەوێت بەشێوەیەكی ڕێكوپێك و خێرا، ئەمریكاییەكان لە عێراق بچنە دەرەوە، بەڵام داوای دەركردنی هێزی وڵاتانی دیكەی ئیقلیمی ناكات، خۆ ئەگەر ئەم داوایەی شیعەكان سەربگرێت، عێراق سەدجار لە لوبنان و یەمەن وێرانتر دەبێت.
كەواتە مەسەلەكە لە بابەتی خەمڵاندن دەرچووە، لانی كەم لەئاستی عێراقدا كۆدەنگییەكی زۆرینەی شیعی هەیە بۆ ئەم مەسەلەیە و، هەمووان پێویستە لەو ئاوازە بخوێنن و، بەپێچەوانەوە بە لایەنگری ئەمریكا هەژماری دەكەن.
ئەگەرچی پەنتاگۆن دەڵێت: هیچ پلانێكمان نییە بۆ بەجێهێشتنی عێراق، بەڵام دەبێ كورد بێخەم نەبێت و ئەم پرسیارە بەمكوڕیی لەخۆی بكاتەوە: چی ڕوودەدات ئەگەر ئەمریكاییەكان و هاوپەیمانان لەعێراق بكشێنەوە؟ ئایا كورد بەرگەی ئاسەوارەكانی ئەو ڕووداوە دەگرێت؟
هێشتا كار لەكار نەترازاوە، پێویستە كورد وەخت بەفێڕۆ نەدات و پێداچوونەوەیەكی جیددی لەو بارەور بكات و بەهەمان ڕووحییەتی خۆئامادەكردن بۆ قۆناغی ڕووخانی سەدام، گوتاری خۆی یەكبخات و، هەوڵ بدرێت كێشە سیاسییەكانی كوردستان سفر بکرێنەوە. كۆنگرەیەكی فراوانی هەموو حزبەكان ساز بکرێت و بڕیاری گونجاو بۆ ئەو ئەگەرە گەڵاڵە بكرێت.