سەرۆک بارزانی لە کتێبی ” بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد” چۆن باسی هەوڵی تیرۆرکردنی خۆی دەکات

‎”ھەوڵی تیرۆرکردنم لە ڤیەننا
‎مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٧٨ ، لە لەندەنەوە سەردانی ڤیەننامان کرد و لە بارەگای لق شوێنی مانەوەمان بۆ دەستەبەرکرا، لە ڤیەننا ڕۆژانە چاومان بە خەڵک دەکەوت سەبارەت بە ڕێکخستن و شۆڕش و ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتی لە ئەورووپا.
‎دواتر بریارم دا ، ڕۆژی ٩ـی کانوونی دوومی ١٩٧٩ سەردانی پاریس بکەم و بە مەبەستی بینینی ئیمام خومەینی . من دەمویست چاون بە فارس باوە بکەوێ، کەسیش ئاگادار نەبوو کە ئێوارەی ڕۆژی ٨ـی کانوونی دووەمی ١٩٧٩ چاوم بە فارس باوە دەکەوێت، چونکە پێشتر چەند جارێک داوای کردبوو بیبینم، بەڵام ھەڤاڵان پێیان بوش نەبوو ناوبراو ببینم، مەبەست لە دیدار لەگەڵ فارس باوە ئەوەبوو کە زانیاریم بۆ ھاتبوو گوایە ناوبراو زانیاریی لەسەر ئەو کەسانە ھەیە کە ساڵی ١٩٧٥ لە نەغەدە تەقەیان لە مام ( بابۆ) کردبوو ھەوڵی تیرۆرکردنیان دابوو ، بۆیە ھەوڵم دا فارس ببینم ، بۆ ئەوەی زانیاری تەواو لەسەر ئەو کەس و بابەتەم بۆ باس بکات.
‎ئێوارەی ڕۆژی ٨ـی کانوونی دووەمی ١٩٧٩ حەمە ڕەزا و ئازاد بەرواریم ئاگادار کردەوە کە پێکەوە سەردانی ماڵی پیرۆت ئەحمەد بکەین ، لە ڕێگەدا پێ گوتن کە بە نیازم فارس ببینم، زۆر پێداگرییان کرد بۆ ئەوەی بگەرێینەوە ، بەڵام بە قسەم نەکردن، کاک پیرۆت لە شوقەیەکدا ژوورێکی ھەبوو تا نەگەیشتینە بەر دەرگای ئاگاداری چوونەکەمان نەبوو ، لە ژوورەکەی بە کاک پیرۆتم گوت بە تەلەفۆن فارس ئاگاداربکەوە بۆ ئەوەی یەکتر ببینین، لەسەر داوای ئێمە تەلەفۆنی کرد و پێی گوت : « فارس تا ئێرە وەرە ، چونکە پەیامی برادەرەکەم پێیە ، بەڵام باسی نەکرد کە من لەو شوێنەم». دوای سی خولەک ، فارس و عەبدولخالقی برای خێزانی ھاتنە لامان، لە دیدارەکەدا بە تەنیا لە فارسم پرسی ، ئایا دەزانیت کێ ئەنجامدەری ڕووداوەکەی نەغەدەیە ؟ ناوبراو سوێندی خوارد کە زانیاریی لەسە نییە و منیش بڕوام کرد کە زانیاری لەم بارەیەوە نییە.
‎دوای تەواوبوونی دیدارەکە خۆم ئامادەکرد بۆ ڕۆیشتن و پێم گوت ، فارس با بڕۆین. بەڵام ناوبراو سوێندی دام کە جارێ خۆمان بگرین، با برادەران سەیرێکی دەرەوە بکەن، دواتر بڕۆین، ھەریەکە لە حەمە ڕەزاو ئازاد بەرواری و پیرۆت و عەبدولخالق چوونە دەرەوەو من و فارس باوە بە تەنیا ماینەوە. چەند خولەکێک دوای ڕۆیشتنی برادەران تەقە دەستی پێکرد، لە کاتی چوونی ھەڤاڵان بۆ خوارەوە ئۆتۆمبێلێکی باڵیۆزخانەی عێراق لە دەرەوە چاوەڕێی دەکردن. دوو کەس لێیان ھاتنە پێشەوە وایان زانیبوو کاک ئازاد منم و دەمانچەیان خستە سەر سەری. بەڵام خۆشبەختانە فیشەکەکە نەتەقی و چرووکی کرد. ھەتا کەسەکە دەمانچەی سوارکردبوووە ھەڤاڵان چەند مەترێک لێ دوورکەوتبوونەوە ، بەڵام تەقەکە بەردەوام بوو . دوای ئەو رووداوە ھەڤاڵان گەرانەوە ژوورەوە و کاک پیرۆت و کاک ئازاد برینداربوون ، حەمە ڕەزا دەمانچەیەکی دەنگی پێ بوو ، تەقەی کرد. ھێڕشبەرەکان وایان زانیبوو دەمانچەکەی ڕاستییە، بۆیە ڕایان کرد و ھەوڵیان دا خۆیان ڕزگار بکەن.
‎پیاوکوژەکان نەیانزانیبوو کە من ھەر لەسەرەوەم ، ئەگینا دەھاتنە سەرەوەو ھەموومان دەکوژراین و چونکە ھیچمان پێنەبوو ، تەنانەت چەقۆیەکیشمان لا نەبوو تا بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین. دوای چەند خولەکێک پۆلیس ھات و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و خۆم پێ ناساندن و دوای ناسین رێزێکی زۆریان گرتین و پاسەوانیان بۆ دابین کردین. لە لێکۆلینەوەکەدا لێیان پرسیم ئایا سکاڵا لەسەر فارس تۆمار دەکەیت، گوتم نەخێر سکاڵا لەسەر ڕژێمی بەعس تۆمار دەکەم، دوای ئەو ڕووداوە بەرنامەی سەردانەکەم بۆ پاریس گۆڕانی بەسەردا ھات و نەکرا.
‎جێی ئاماژە پێکردنە (بارزان)ـی برای سەددام ، خۆی ھاتبووە ڤیەننا بۆ جێبەجێکردن و سەرپەرشتیی پیلان و ھەوڵی تیرۆرکردنەکەم، من دەمزانی کە ماوەیەکی زۆرە بوومەتە ئامانج و لێدان، یان تیرۆرکردنم لە بەرنامەی ڕژێمدایە و بۆیان بکرێت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت لە تیرۆرکردنم دەست ناپارێزن. بۆیە منیش بە وریایی و لەسەرخۆ دەجوڵامەوە و لە ھاموشۆ و بینینی خەڵکدا وردتر بووم و ئاگاداری خۆم بووم”.
‎ل ٧٤-٧٨

ھەواڵی زیاتر