بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم: لە ساڵی ٢٠٢٣دا ١٢٢هەزار و ١٤٣ ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێم کراوە

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە هەرسێ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوانەی کە تۆمارکراون بۆ ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتوونەتە١٢٠هەزار و ١٤٣ ئۆتۆمبێل.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٩٠٠ مۆڵەتی بازرگانیمان بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل داوە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، تا ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەرێم تۆمار کراون. بەوپێیەش کە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم نزیکەی ٦ملیۆنە واتە هەر هەزار کەس زیاتر لە ٣٠٠ ئۆتۆمبێلیان بەردەکەوێت.
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەشی بەوەکرد بەپێی ئەو مۆڵەتانەی کە دراوە زیاتر لە ١٢٢هەزار ئۆتۆمبێل لە ساڵی ٢٠٢٣دا هاتووتە هەرێمی کوردستان و لەو ژمارەیەش بەشێکی ڕەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق کراوە و وتیشی بۆ ئەمساڵیش هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت بەڵام بەگوێرەی مەرج و ڕێنماییەکان.
جێی ئاماژەیە لە کۆی ئەو ١٢٠هەزار و ١٤٣ئۆتۆمبێلە ٨١هەزار و ٢٢ ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای هەولێر و ١١هەزار و ٦٥٨ ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای دهۆک و ٢٧هەزار و ٤٦٣ ئۆتۆمبێلیشیان لە پارێگای سلێمانی تۆمارکراون.
هاوکات لەو ڕێژە زۆرەی ئۆتۆمبێل کە هاتووەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە ٨٥.٥٪یان ئۆتۆمبێلی نەفەرهەڵگربووە بە هەردووجۆری تایبەت و کرێوە و ١٤.٥٪یشی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگربووە.
هەرچەندە بوونی ئەم ڕێژە زۆرەی ئۆتۆمبێل لە شارەکاندا دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی هەوای ناو شارەکان و دروستبوونی قەرەبالغییەکی زۆر لە شەقام و کۆڵانەکاندا؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی هەرێم ناتوانێت ڕێگربێت لەبەردەم خواست و ویستی هاوڵاتیان لە هەبوونی ئۆتۆمبێل بە خواستی خۆێان. هەربۆیە ئەوەی لەسەر حکوومەتە ئەوەیە کە ڕێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بدات بەڵام بە شێوازێکی یاسایی و بەپێی مەرج و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە کاتی خویدا.

ھەواڵی زیاتر