هەڵبژاردنتان باش

عارف ڕوشدی

هێشتا مرەکەبی پەنجەی کەرکوکییەکان وشک نەبووە، شاگەشکەبوون بە ژمارەی دەنگ و کورسییەکان، بە هەواڵێکی کاتیی مەست بوون! دەسەڵاتدارانی داگیرکەر، بەپلان کاردەکەن، چەندین ئەدرەسی ڕووکەشیش دادەتاشن تەنها بەناوێکی بێناوەرۆک، هەر ئەوەندە دەبێت خەڵکێکی ساکار بێننە سەما؛ بەڵام کوردی خاوەنماڵ ڕووبەڕووی ڕاگواستن و بێرێزی دەکرێن. دوێنێ تۆپزاوا بوو، ئەمڕۆ گەڕەکی نەورۆزە! سبەینێ شۆراو و ڕەحیماوا دەبێت، پارێزگار بۆ ئێمەیە؟ دوێنێ شەو تەقە لەو خەڵکە بێتاوانانە کرا کە تەنها تاوانەکەیان ئەوەیە کوردن و خاوەنماڵن! ئەرێ گەلۆ، کەی لە خۆمان و دوژمنانمان دەگەین؟ کەی لە لەخشتەبردن ڕزگارمان دەبێ ؟
گۆڕی خانیی نەمر هەمیشە ڕوناکبێت کاتێک بە هەستێکی بریندارەوە هاوار دەکات و دەفەرموێ ؛
ئەز مام د حکمەتا خودێ دا
کرمانج د دەولەتا دنێدا
ب چ وجە بوونە مەحروم
بالجملە ژ بۆ چ بوونە مەحکوم .
هاوار خانیی سەروەر، ستمکاریی داگیرکەر لە ئاستێکدایە تەنانەت زەویی باب و باپیرانمان لە خێزانی سەربەرزی شەهیدەکانمان قەدەغەکراوە و زەوییەکانیان خراونەتە چوارچێوەی سەودای ناحەزان! لەگەڵ هەموو ئەم نالەبارییەدا، هێشتا لە دەرد و ئازارەکانی هەرزە کورداندا دەتلێینەوە کە لەم هەموو گلان و وەیشومانە هۆشیار نابنەوە.

ھەواڵی زیاتر