كارزان گلی – ههولێر
دوای گفتوگۆ و چەندین كۆبوونەوە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆكی ئاكەپە و سەركۆماری توركیا، موراد كورومی وەكوو بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ دیاری كرد. ئایە كورووم، دەتوانێت بەسەر ركابەرەكەی كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵووە زاڵ بێت؟ ئەگەر بتوانێت مێژوو بۆ خۆی تۆمار دەكات.
ئەردۆغان، هەستی بەوە كرد كە ئیمامئۆغڵو پاروویەكی سیاسی ئاسان نییە قوتی بدات، ئەو نە كەمال كلیچدارۆغڵووە و نە عەلی باباجان، ئەو جگە لەوەی بنكەی جەماوەری جەهەپەی لەگەڵدایە، هەروەها جاماوەری پارتی دەم و پارتی خاسیشی لەگەڵدایە، بۆیە دەبوایە كەسێك بكاتە بەربژێر بتوانێت بەسەریدا سەركەوێت.
موراد كورووم، لە 1976 لە ئەنكەرا لە دایك بووە، دەرچووی كۆلێژی ئەندازیاری بەشی تەلارسازییە و كەسێكە ناسراوە لە توركیا. ئەو لە 2018 وەكوو وەزیری ژینگە لە كابینەی ئەردۆغاندا دەستبەكار بووە و تا ئاستێكی زۆریش سەركەوتوو بووە.
كورووم، ئەوكات ناوی زیاتر لە توركیا دەنگی دایەوە، كاتێك پشتگیری لە پڕۆژە گەورەكەی ئەردۆغان كرد، بەناوی (گەرووی ئیستانبۆڵ)، كاتێك شارەزایانی بواری جیۆلۆجی گوتیان ئەگەر ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بكرێت، ئیستانبۆڵ لەناو دەچێت و بوومەلەرزە لەناوی دەبات، بەڵام كورووم پشتگیری لەو پڕۆژەیە كرد و گوتی ”دەبێتە پڕۆژەیەك كە توركیا دەكاتە سەرۆكی هەموو دونیا“، بەڵام تاوەكوو ئێستا پڕۆژەكە نەچووەتە بواری جێبەجێ كردن.
تەمەنی كورووم لە ئیمامئۆغڵو گەنجترە، هەروەها شارەزای سیاسەتە و ناسراوە و كەسێكی نزیكی ئەردۆغانە، دەیەوێت لە هەڵبژاردنی 31ی3ی 2024 ببێتە سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ.
هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بۆ ئاكەپە گرنگە، چونكە تازە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی بە سەركەوتوویی لێی دەرچووە، ئەگەر لەم هەڵبژاردنەش سەركەوتوو بێت، كەواتە رێگە بۆ خۆی خۆش دەكات تا لە هەڵبژاردنەكانی تریش بەردەوام تامی سەركەوتن بكات، بەتایبەت سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بۆ ئاكەپە و خودی ئەردۆغان گرنگە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، ئاكەپە و مەهەپە، بە بەربژێرێكی لاواز چوونە ناو هەڵبژاردن، ئەو بەربژێرەش بیناڵی یڵدرم بوو، كە ئیمامئۆغڵو توانی بە جیاوازی زیاتر لە 800 هەزار دەنگ لێی بباتەوە، بۆیە ئەگەر ئەمجارەشیان ئیمامئۆغڵو بیباتەوە، ئیدی بەرەو لوتكە دەڕوانێت، ئەویش بوونییەتی بەسەركۆماری توركیا.
ئەردۆغان، دەیەوێت بە بردنەوەی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، دووجار لە ئیمامئۆغڵو بباتەوە، جارێك سەرۆكی شارەوانیی لێ دەستێنێتەوە، جاری دووەمیش دەیخاتە ناو كەشێكی دەروونی خراپ، بەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2028دا، وەكوو كەسێكی دۆڕاو بێتە ناو هەڵبژاردنەوە. ئەمە بۆ ئیمامئۆغڵو پێچەوانەكەی راستە، ئەگەر بیباتەوە دووجار بردوویەتییەوە، جارێك دەبێتەوە بەسەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، جاری دووەمیش نزیك دەبێتەوە لەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2028دا، ببێتە سەركۆماری توركیا.
بەڵام ئەركی ئەمجارەی ئیمامئۆغڵو قورسە، چونكە كورووم وەكوو یڵدرم نییە، هەروەها ئاكەپە و خودی ئەردۆغان، قورساییەكی زۆریان خستووەتە سەر ئیستانبۆل و بەهەموو توانایەكیانەوە گرەو لەسەر ئەو شارە دەكەن و ئەردۆغان گوتوویەتی، هەرچیتان كردووە بیكەن، دەبێت شارەوانیی ئیستانبۆڵ لەدەستی ئیمامئۆغڵو دەربهێنین.
تاوەكوو ئێستا روون نییە، ئاخۆ كوردانی ئیستانبۆڵ و بەتایبەت لایەنگرانی پارتی دەم، كوروومیان قبوڵە یان رەتی دەكەنەوە، چونكە هەموو هەوڵێكی ئەردۆغان بۆ ئەوە بوو، كەسێك بكاتە بەربژێر كوردەكانیش قبوڵیان بێت.