چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سه‌رۆكی هه‌رێم و باڵیۆزی نه‌مسا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان تاوتوێ كرد

پاش نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌م نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ د. ئه‌ندريا ناسى باڵيۆزى نوێى نه‌مسا له‌ عێراق كرد و هه‌ردوولا دۆخى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان تاوتوێ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ ناسى كرد كه‌ پله‌ى نوێنه‌رايه‌تيى وڵاته‌كه‌ى له‌ عێراق بۆ باڵيۆزخانه‌ به‌رز بووه‌وه‌ و وه‌ك باڵيۆزى نه‌مسا له‌ عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ باڵيۆزى نه‌مسا سوپاسى نێچيرڤان بارزانى كرد و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تيش له‌ بواره‌كانى سياسى، ئابوورى و كولتووريدا، له‌مباره‌يه‌وه‌ باس له‌ نيازى نه‌مسا بۆ كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان كرا.

دۆخى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.