زانیاری لەبارەی رووداوی پێکدادانی دوو فڕۆکەکەی ژاپۆن ئاشکرا کرا

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی ژاپۆن لێکۆڵینەوەیان لە رووداوی پێکدادانی ئەو دوو فڕۆکەیە کرد، کە لە فڕۆکەخانەی هانێدا لە تۆکیۆ، لە نێوان فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری هێڵی ئاسمانی ژاپۆن و فڕۆکەیەکی دیکەی سەر بە پاسەوانی کەناراوەکان روویدا، کە بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا، نزیکەی 400 کەسیش رزگار کران.

لە رووداوەکەدا پێنج کەس لەناو فڕۆکەی پاسەوانی کەناراوەکاندا گیانیان لەدەستدا، لەکاتێکدا تەنها فڕۆکەوانەکە رزگاری بوو، بەڵام سەرجەم سەرنشینەکان و کارمەندانی فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانی ژاپۆن توانیان لە رێگەی خلیسکانی فریاگوزاریەوە بە سەلامەتی هەڵبێن، ئەمەش چەند خولەکێک پێش ئەوەی فڕۆکەی جۆری “ئەیرباس A350” گڕ بگرێت.

فڕۆکەوانی فڕۆکەی پاسەوانی کەناراوەکان لەرووداوەکە بەسەختی برینداربوو، ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە فڕۆکەکە بەرەو ناوەڕاستی ژاپۆن دەڕۆیشت بۆ هاوکاریکردنی زیانمەندانی بوومەلەرزە بەهێزەکەی ژاپۆن کە لە رۆژی سەری ساڵ روویدا.

ژنێکی ناو فڕۆکەکە بە ئاژانسی هەواڵی “NHK”ـی گوت، پلەی گەرمای ناو فڕۆکەکە هێندە بەرز بووەوە و پێموابوو لە ژیاندا نامێنمەوە.

ژنێکی دیکە کە لەگەڵ منداڵێکدا بوو ئاماژەی بەوەکرد، “پێموابوو بە شێوەیەکی ئاسایی نیشتوینەتەوە. بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت بۆنی دوکەڵم لێدێت، تەنها بیرکردنەوەیەک کە هەمبوو ئەوە بوو کە دەبێت کچەکەم بپارێزم”.

لە بەرامبەردا، تاکویا فوجیوارا لە دەستەی سەلامەتی گواستنەوەی ژاپۆن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، دوو ئامێری داتای فڕین و تۆمارکردنی دەنگی سەر بە فڕۆکەی پاسەوانی کەناراوەکان دۆزراونەتەوە، بەڵام گەڕان بەدوای دوو ئامێری فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکەدا هێشتا بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە دۆخەکە هەڵدەسەنگێنین، بەشە جیاوازەکان لەسەر رێڕەوی فڕین پەرش و بڵاو بوونەتەوە”، ئاماژەی بەوەشکرد، لێپرسینەوە لە ژمارەیەک کەس دەکرێت.

ئاژانسی”NHK”  بڵاویکردەوە، تاوەری کۆنترۆڵ داوای لە فڕۆکەی پاسەوانی کەناراوەکان کردووە لە رێڕەوی فڕین چاوەڕێ بکات.

بەڵام لە زاری بەرپرسێکی پاسەوانی کەناراوەکانەوە کە ناوی نەهێنراوە رایگەیاندووە، فڕۆکەوانەکە ناوی گێنکی میامۆتۆ تەمەن 39 ساڵە، دوای رووداوەکە رایگەیاندووە کە مۆڵەتی فڕینی وەرگرتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە دەیان گەشتی ناوخۆیی لە هانێدا هەڵوەشێنرانەوە کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی جیهان، بەڵام گەشتە نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر نەبوو.

کۆمپانیای ئێرباس ڕایگەیاند کە تیمێکی پسپۆڕ دەنێرێت بۆ هاوکاریکردن لە لێکۆڵینەوەکان.

فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: کارمەندانی فڕۆکەی کەناراوەکان فەرمانبەر بوون کە هەستێکی بەرزی بەرپرسیارێتییان هەبووە بەرامبەر بە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە.

لە ساڵی 1985 فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ژاپۆن لە گەشتێکی نێوان تۆکیۆ و ئۆساکا لە ناوچەی گونما لە ناوەڕاستی وڵاتەکە کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە 520 سەرنشین و کارمەندی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.

هەروەها خراپترین کارەساتی فڕۆکەوانی مەدەنی لە جیهاندا لە ساڵی 1977 روویدا کاتێک دوو فڕۆکەی جۆری بۆینگ 747 لە فڕۆکەخانەی لۆس رۆدیۆس لە شاری تێنریفی پێکیاندادا و 583 کەس گیانیان لەدەستدا

ھەواڵی زیاتر